
لە (٥۷)مین ساڵیادی شەڕی هەندرێندا، ئایاری۱۹٦٦
)هەڵوەستە بە لای بەشێکی تر لەو کتێبانەی نەیانویستووە ڕۆڵی ڕاستەقینەی حزبی شیوعی تۆمار بکەن)
مەغدید حاجی
ڕۆژی(۱۲-٥-۲۰۲۳)، ٥۷ ساڵی تەواو بەسەر داستانی هەندرێن تێدەپەڕێت، دڵنیام ئەمساڵیش وەکو هەموو ساڵانی ڕابردوو بەشێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و نووسەر و ڕۆژنامەنووسان هەڵوەستە لە بەرانبەر ئەم یادەدا دەکەن و باسی دەکەن یان لەسەری دەنووسن. دیسان دەبینین ئەوانەی حەزناکەن و نایانەوێ ڕووداو و بکەرەکانی ئەم شەڕە مێژووییە یەکلاکەرەوەیە وەکو خۆی بخەنەڕوو کە فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانەکانی حزبی شیوعی و دۆستەکانیان ئەنجامیاندا، هەر لە پلان دانان و سەرکردایەتی مەیدانی شەڕەکەو تۆمارکردنی داستانەکە لە ماوەیەکی کەمی قیاسیداو بە خوێنی ئاڵی سێ شەهید، توانیان لەسەر چیای هەندرێن لیوایەکی تەواوی سوپای عیراق تێکبشکێنن و حکومەتی عیراق ناچاربکەن پەنا بۆ دانوستاندن ببات لەگەل سەرکردایەتی شۆڕشی کوردستان، ئەوەبوو بەیاننامەی عەبدولرەحمان بەزاز لە ۲۹-٦-۱۹٦٦ بڵاوکرایەوە .
ئێمە ئەمجارەش لەم وتارەدا وەڵامی سێ چوار کتێبی دیکە دەدەینەوە کە لەسەر شەڕی هەندرێنیان نووسیوە.
٭ شەڕی هەندرێن لە کتێبی (هەولێر لە نێوان ساڵانی ۱۹٦۳-۱۹۷۰ ، د. شوان محەمەد ئەمین خۆشناو) ئەم کتێبە لە بنەڕەتدا تێزی دکتۆرایە و ساڵی ۲۰۱٦ وەکو کتێب چاپکراوە.
نووسەری بەڕێز لە (ل۲۱۱ - ۲۱۷) باسی شەڕی هەندرێن دەکات و بە "یەکێک لە شەڕە گرنگەکانی سنووری لیوای هەولێری دادەنێت لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلولدا کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر گۆڕینی ڕەوتی ڕووداوەکان هەبوو". ئەمەیان بۆچوونێکی دروستە، هەروەها بە چاکیش باسی لە هۆکارەکانی هێرشی حکوومەت کردووە بۆ سەر هەردوو چیای هەندرێن و زۆزک لە سەرەتای ئایاری ۱۹٦٦دا. نووسەر ئاماژەی بۆ پیلانی دوژمن کردووە لەو کاتدا و دەڵێ:" لە ئەنجامدا سوپای حکوومەتی عێراقی کە پێکهاتبوو لە فرقەی یەک و دوو لە سەرەتای مانگی ئایار و لە شەوی ۲/۳ هێرشە بەرفراوانەکەی بە هاوکاری ژمارەیەکی زۆری جاشەکان و پاڵپشتی تۆپخانە و باڵەفڕەکان دەست پێکرد و توانیان چیای هەندرێن داگیر بکەن" .
قسەکان دروستن تاکو دەگاتە سێ چوار وشەی کۆتایی، چونکە سوپای عیراق و جاشەکان توانیان بەشێکی گرنگی چیای هەندرێن لە لای جوندیان و ڕۆژهەڵاتی شاری ڕواندز پێشڕەوی بکەن و سەرکەون تاکو لوتکەی کەپکە موو، بەڵام شاخی هەندرێن زۆر فراوانە لە ڕۆژهەڵاتی شاری ڕواندز دەستپێدەکات بە درێژایی ۲٥ كم لە ڕۆژئاوای گوندی دەرگەڵە، زۆری لەبن دەستی پێشمەرگە مابوەوە، پێشمەرگە لە بەرەبەیانی ۳-٥ تاكو۱۲-٥ لەسەر شاخی هەندرێن بەرگریان کرد و هێرش و پێشڕەوی سوپایان ڕاگرت. ڕاستە جاشەکان و سوپا لە شەوی۲/۳ – ٥ بەبێ بەرگرییەکی ئەوتۆ توانی بەشێکی ستراتیجی لە چیای هەندرێن داگیر بکات، هۆکارەکانیش زۆری لەسەر نووسراوە، کە بەر لەم هێرشەی سوپا حکومەت (زەید ئەحمەد عوسمان)(1)ی ناردبووە لای سەرکردایەتی شۆڕش بۆ وتووێژ، پڕوپاگەندەی ڕێکەوتن بڵاوکرابوەوە. لە یەکی ئایاریش حزبی شیوعی دوو ئاهەنگی لە ناوچەی ڕایەت هەبوو، یەکەمیان بۆ ڕۆژی جیهانی کرێکاران، دووەمیان بە بۆنەی ژنگواستنەوە بۆ ملازم ریاز کە فەرماندە و ئەفسەرێکی شیوعی خۆشویست بوو، لە شەڕی کوڕەک چاوێکی لەدەست دابوو، بۆیە بەشێکی زۆری فەرماندەکانی هەندرێن چووبوونە دەربەندی ڕایەت چاوەڕوانی هێرشی حکومەتیان نەدەکرد. سوپاش لە ڕێگای سیخوڕەکانی زانیاریان پێگەیشتووە لەسەر دروستبوونی بۆشایی لەسەر چیای هەندرێن بۆیە هێرشیان ئەنجامداوە، توانیان بەشێکی ستراتیجی چیاکە داگیر بکەن، بێگومان ئەمە شکستییەکی گەورە بوو بۆ پێشمەرگەکانی هەندرێن و بە تایبەتی بۆ هێزی حزبی شیوعی کە پاراستنی هەندرێنی لە ئەستۆ بوو شان بە شان لەگەڵ لقەکەی عزەت سلێمان بەگی دەرگەڵە.
لە (ل۲۱٤) ی كتێبەکەی د. شوان هاتووە "بارزانی خۆی نەخشەی بۆ هێرشەکەی پێشمەرگە بۆ ئازادکردنەوەی هەندرێن داڕشت و پێشمەرگە بە ئەزموون و ئازاکانی بۆ ئەم کردە سەربازیە کۆکردەوە و ئیدریس بارزانیش تا کۆتایی هاتنی شەڕەکە سەرپەرشتی شەڕەکەی کرد".. لێرەدا نووسەر تەنیا پشتی بە کتێبی بیرەوەرەکانی (موحسین دزەیی) بەستووە. دەبوو پشت بە سەرچاوە ئاگادارەکان و بەشداربووەکانی شەڕەکە کە لەبەردەستن وەکو کتێبەکانی بیرەوەری شێخ عەتا تاڵەبانی، بەهائەدین نوری، زرار دەرگەڵەیی، چاوپێکەوتنەکانی ملازم خدر، عیزەت سلێمان بەگ، کتێبەکەی شەپۆڵ فاخر مێرگەسۆری...هتد. هەموو ئەو سەرچاوانە ئەوە دەسەلمێنن کە نەخشەی ئازادکردنەوەی هەندرێن لە لایەن ئەم چوار فەرماندەیەی هەندرێن داڕێژراوە: (ڕەئیس کەمال، فاخر مێرگەسۆری، ملازم خدر، عزەت سلێمان بەگ). ڕەئیس کەمال کە ئەفسەرێکی شیوعی سوپای عیراق بوو لە دوای کودەتای شوباتی ۱۹٦۳ پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردووە، بەرپرسی سیاسی و سەربازی یەکەم بووە لە تەواوی هێزی هەندرێن، جێگای متمانەی مەلا مستەفا بارزانی بووە، ئەو یەکەم کەس بووە پلانی ڕزگارکردنی هەندرێنی داناوە، ئینجا خستوویەتیە بەردەستی هاوڕێیانی گفتوگۆیان لەسەرکردووە و پەسندیان کردووە. مەلا مستەفا و ئیدریس بارزانیان لێ ئاگادارکردۆتەوە، لەسەر پێشنیازی حزبی شیوعیش هەروەکو ملازم خدر پێی ڕاگەیاندم بارزانی فاخر مێرگەسۆری بە فەرماندەی گشتی هێرشی ڕزگارکردنی هەندرێن دەستنیشان دەکات.
ڕۆژی۲۹-۳-۲۰۲۳ لە چاوپێکەوتنێکی تۆمارکراومدا لەگەڵ فەریق نعمان علوان سهیل ناسراو بە ملازم خدر یەک لە فەرماندەکانی داستانی هەندرێن، ئەفسەری تۆپخانە بوو، لە ۳۰ ساڵی ڕابردووشدا ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە بوو، دەربارەی پلاندانان بۆ شەڕی ڕزگارکردنی هەندرێن دەڵێ؛" پێش شەڕی گەورەی هەندرێن واتا پێش ۱۲-٥-۱۹٦٦ بە دوو سێ ڕۆژ مەلا مستەفا هاتە وارەکۆن، لەگەڵمان کۆبۆوە لەو کاتی پێشمەرگە لە گەرووی عومەراغا شکابوو، لە زۆزک٪۹۰ لە دەستدابوو، داوای لێکردین هێرش نەکەین، گوتی هەزار هەندرێنمان هەیە، نامەوێ زیانێکی گەورەمان لێبکەوێت. ملازم خدر دەڵێ، پێمان گوت ناکشێینەوە پلانی هێرشمان داناوە.
بۆ دووسبەی پلانێکی گەورەمان داناوە، بارزانی لێی پرسین:" زیانمان چەند دەبێت"؟ پێمان گوت" زیانمان لە نێوان٪۳بۆ٪٥ دەبێت". بارزانی گوتی:" ڕێژەیەکی قبووڵکراوە، (نسبە مقبولە)". "ئیدریس بارزانیش بە ئەمری مەلا مستەفا لە کۆسپی سپی بوو، لەوێ سەرپەرشتی بەرەکانی شەڕی دەکرد، مەلا مستەفا پێی گوتبوو: ئیدریس پردێک لە نێوان کۆسپی سپی و هەندرێن دروستبکە ئازووقە و تەقەمەنییان بۆ بگوازنەوە، هەموو پێداویستییەکیان بۆ بنێرە". ملازم خدر دەڵێ پێمان گوت "پێویستمان بە عیتاد و ئەرزاق هەیە"..
لە چاوپێکەوتنێکی تۆمارکراویشمدا لەگەڵ عیزەت سلێمان بەگ ڕۆژی ۱۲-٥-۲۰۱٦ لە قەزای سۆران، ئەویش یەک لە فەرماندەکانی هەندرێن بوو، ئەو کات خاوەن لقێکی پێشمەرگە بوو، زۆرینەیان لە خزمەکانی خۆی و خەڵکی دەرگەڵە و گوندەکانی ئەو دەوروبەرە بوون. بەشێک لە پێشمەرگەکانی مام عزەت شیوعی یان دۆستی حزبی شیوعی بوون، لە پێشیانەوە مام زراری برا گەورەی، کە یەکێک بوو لە سەردەستەی فیدائییەکانی داستانەکە، مام عزەت لەم دیمانەیەدا و لە کتێبی: (ژیان و بەرخودان.. ئامادەکردنی شێرزاد عەبدولرەحمان) لە ساڵی ۱۹۹٥ چاپکراوە، دەربارەی ئەوانەی پلانی هێرشی ڕزگارکردنی هەندرێنیان داناوە، دووپاتی دەکاتەوە کە "هەموومان فەرماندەکانی پێشمەرگەی حزبی شیوعی لەگەل برادەرانی ئێمە" ناوەکانیشی نووسیون (ل ٦۱)لە کتێبی ناوبراو، "بەشداربووین لە داڕشتنی نەخشەی هێرش بردن و چۆنییەتی هاوکاریکردن لەگەڵ یەکتر، ئەوە بوو لە ڕۆژی ۱۱-٥ -۱۹٦٦جێگایەکمان تەرخانکرد و لەسەر چاڵە بەفرەکان هەموومان کۆبووینەوە"..
بەڵام مام عزەت دەڵێ "ئەمە دوای گەڕانەوەی کاک ڕەئیس کەمال لە لای کاک ئیدریس بارزانی، هاوەنێکی ۸۱ ملیمیشی لەگەڵ خۆی هێنابوو".
هەموو فەرماندەکانی حزبی شیوعی ئەوە دووپاتدەکەنەوە کە یەکەمجار ڕەئیس کەمال نەخشە و پلانی ڕزگارکردنی هەندرێنی داناوە دوایی لەگەڵ هاوڕێ فەرماندەکانی و عزەت سلێمان بەگ تاوتوێیان کردووە و لەسەری ڕێککەوتوون. ئینجا بارزانی و کاک ئیدریسیان لە نەخشە و پلانەکە ئاگادارکردۆتەوە.
لە کتێبی(شەپۆل فاخر مێرگەسۆری، زمانی تاوان هاتە قسە، چاپی یەکەم۱۹٦۷ ،ل٦۹)دا هاتووە:" پلانی شەڕەکە لە لایەن کەمال نعمان و فاخر مێرگەسوری دانراوە". بێگومان دوای ئەوەی ڕەئیس کەمال پلانەکەی داناوە لەگەڵ فاخر و فەرماندەکانی تر تاوتوێیان کردووە و لەسەری ڕێککەوتوون و ئاگاداری بارزانیشیان کردۆتەوە.
" ئەرکی هەرەگەورەش لە داکۆکیکردن لە هەندرێن لە ئەستۆی یەکە لەشکرییەکانی حزبی شیوعیدا بوو.. مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم ، شۆڕشی ئەیلول،ل۲۱۷".
واتا (بارزانی) خۆی نەخشەی بۆ هێرشەکەی پێشمەرگە بۆ ئازادکردنی هەندرێن دانەڕشتووە، پێشمەرگەی ئازای بۆ کۆنەکردۆتەوە هەروەکو لە کتێبەکەی بەڕێز د. شوان خۆشناودا هاتووە. دیارە دکتۆریش پشتی بە کتێبی موحسین دزەیی بەستووە. بەڵکو هەروەکو لە سەرەوە ڕوونمان کردەوە پێشمەرگە ئازاکانی حزبی شیوعی لەگەڵ لقی عزەت سلێمان بەگ بەرپرس بوون لە پاراستنی چیای هەندرێن، هەر ئەوانیش هەموو بە یەکەوە وەکو برا هەندرێنیان لەبن دەستی سوپای عیراق دەرهێنا.
ئەوەی سەرنجمان داوە هەندێ نووسەری سەر بە پارتی و هەندێک بەرپرسی پارتی لە ماوەی ٥٦ ساڵی ڕابردوودا کە لەسەر داستانی هەندرێن دەنووسن یان بۆ ڕاگەیاندنەکان قسە دەکەن، بە داخەوە دیارە پێیان غەدرە ڕۆڵی سەرەکی حزبی شیوعی لەم شەڕە مێژووییەدا باسبکەن و ڕاستی بخەنەڕوو، دەیانەوێ هەموو داستانەکانی پێشمەرگە بە پلەی یەکەم بۆ پارتی تۆماربکەن!!!
هەر لە کتێبەکەی بەڕێز د. شوان کە باسی زیانی سوپا دەکات بە(٤۰۰) كوژراو و (٦۰۰) برینداری داناوە، لە مەشیاندا پشتی بە کتێبەکەی مەسعوود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی.. ل۲۱۹) بەستووە. ئەم ژمارانە زێدەڕۆیی زۆریان تێدایە، لە بیرەوەرییەکانی عزەت سلێمان بەگ و زرار سلێمان بەگ و شێخ عەتا تاڵەبانی و لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ملازم خدر کە هەرچواریان لە شەڕەکەدا بەشداربوون و لەسەریان نووسیوە، زیانە گیانییەکانی دوژمن، کوژراوەکان لە نێوان (٤۸ تاكو۸۰) ئەفسەر و سەرباز بووە، ئەوەی لای پێشمەرگە مەعلووم بووە و تەرمەکانیان بەجێ ماون.
چەندین کتێب و سەرچاوەی تر ژمارەی جیاواز جیاواز لە زیانەکانی سوپای عیراق دەخەنەڕوو، ئێمە لە ئایندەدا لە میانی توێژینەوەیەکی فراواندا هەوڵ دەدەین لە ڕاستی ژمارەکانی زیانی سوپای عیراق لە شەڕی هەندرێن نزیک بینەوە.
٭ شەڕی هەندرێن لە کتێبی (کردستان و الاکراد الحرکة القومیة و الزعامة السیاسیة.. ادریس البارزاني نموذجا ــ كوردستان و کورد بزووتنەوەی نەتەوەیی و ڕابەرایەتی سیاسی ئیدریس بارزانی وەک نموونە)
سامی شۆڕش(۲) دانەریەتی و دووەمین چاپی لە ساڵی۲۰۱۹ بڵاوکراوەتەوە، چەند لاپەڕەیەکی بۆ شەڕی هەندرێن تەرخانکرووە و بە کورتی باسی هۆکارەکانی ئەم هێرشەی سوپای عیراقی کردووە بۆ سەر ناوچەی باڵەکایەتی و شاخی هەندرێن کە حکومەتی عیراق بۆ هێرشەکانی زیاتر لە دوو فرقەی سەربازی ئامادەکردووە. لە بەرامبەردا هەر وەکو لە کتێبەکەی سامی شۆڕشدا هاتووە "بزووتنەوەی کوردیش نیوەی هێزەکانی خۆی (دەوروبەری دوو هەزار جەنگاوەر)ی بۆ شەڕەکانی ئەم ناوچەیە تەرخانکردووە، ئیدریس بارزانیش لەسەر فەرمانی (بارزانی) و مەکتەبی سیاسی حزب (مەبەستی پارتییە) ڕاسپێردراوە سەرکردایەتی مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی عیراق بکات، لەم ئەرکەش فەرماندەیەکی مەیدانی تر (فاخر مێرگەسوری) یارمەتی داوە. عزەت سلێمان بەگ، یەک لە فەرماندە مەیدانییەکانی سەرکردایەتی شەڕی هەندرێن تاکو ئێستا ئەو پلانەی کە ئیدریس بۆ شەڕەکە داینابوو بە زمانی عەرەبی لە بەردەستی دایە ل۱۱۹".
دیارە ڕەوانشاد (سامی شۆڕش) هەوڵی نەداوە ڕاستی و دروستی زانیاری دەربارەی شەڕی هەندرێن لە سەرچاوە شیوعییەکان، بەشداربووی ڕاستەقینەی شەڕەکە وەربگرێت، هەروا ویستوویەتی ڕۆڵی ئیدریس بارزانی کە کتێبەکەی بۆ تەرخانکردووە گەورە پیشانبدات لەم ڕووداوە مێژووییە، لەسەر حسابی شێواندنی ڕاستی ڕووداوەکان. شایەدییەکیشی بە عزەت سلێمان بەگ داوە کە ئەو قسەیەی داوەتە پاڵی، گوایە نەخشەی شەڕەکەی بە زمانی عەرەبی کە ئیدریس ڕابەرایەتی کردووە، پاراستوویەتی. لەو کاتەی عزەت سلێمان بەگ لە سێ سەرچاوەی سەرەکی خۆیدا لە بارەی شەڕی هەندرێن ئەو قسەیەی بەمجۆرە نەخستۆتە ڕوو..
لە پاشان ژمارەی پێشمەرگەی کوردستان لەو کاتدا بە گوێرەی سەرچاوەکان (۲۰) هەزار پێشمەرگە بووە. بڕوانە:(شەوکەت مەلا ئیسماعیل، ڕۆژانێ لە مێژووی شۆڕشی ئەیلول، ل ۲٤٤) هەرگیز نیوەی ئەو ژمارەیە لە ناوچەی ڕواندز ئامادەنەکراوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای عیراق لەم میحوەرەدا، تەنانەت دوو هەزار پێشمەرگەش لە چیاکانی هەندرێن و زۆزک و گەرووی عومەراغا نەبووە. ژمارەی پێشمەرگە لە هەندرێن دەوروبەری ۲۰۰ پێشمەرگە بوون.(بڕوانە: شانێک بە بن باری نیشتمانەوە..ل۱٤٤).
چ لۆژیکێک باوەڕ بەوە دەکات کە کاک ئیدریس بارزانی تەمەن (۲۲) ساڵ، دەرچووی هیچ قوتابخانە و ئەکادیمیایەکی سەربازی نەبووە، لەگەڵ باوکی وەکو سەرکردایەتی هەر دوور بە دوور سەرپەرشتی شۆڕش و شەڕەکانیان کردووە، چۆن نەخشەی بۆ شەڕ و داستانی هەندرێن داناوە و قیادەی مەیدانی شەڕەکەی کردووە؟! لەو کاتەی ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی شارەزای حزبی شیوعی عیراق کە بەشێکیان پێشتر ئەفسەری سوپای عیراق بوون وەکو: (ڕەئیس کەمال و ملازم خدرو ملازم عەبدولرەحمان). هەروەها فەرماندەی بە توانا (فاخر مێرگەسوری و عزەت سلێمان بەگ) ئەوانەو زۆری دیکەی شارەزا لە هەندرێن بوون و هەموو ئەوانە بەشداربووینە لە دانانی پلان و نەخشەی شەڕی هەندرێن لە ۱۲-٥-۱۹٦٦ نەک کاک ئیدریس بارزانی.
لە کتێبی مەسعود بارزانیشدا هاتووە:" سەعاتی چواری پاش نیوەڕۆی ۱۲-٥ سەعاتی سفر بوو، دەبوایە کەمال نوعمان و ملازم خدر و فاخر مێرگەسوری و عزەتی سلێمان بەگ سەرکردایەتی هێرشەکە بکەن .ل۲۱۹ لە کتێبی مەسعود بارزانی، بارزانی و برووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بەرگی سێیەم بەشی یەکەم". لێرەدا کاک مەسعود بارزانی شایەدی دەدات کە زۆرینەی فەرماندە شیوعییەکان فەرماندەی مەیدانی داستانی هەندرێن بوون.
سامی شۆڕش لە درێژەی نووسینەکەیدا دەڵێ:" پێش دەستپێکردنی شەڕەکان لە۱۲-٥-۱۹٦٦ ئیدریس دوای ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ باوکی و سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بە پەرۆش بوو بۆ بەشداری پێکردنی جەنگاوەرانی حزبی شیوعی عیراق لە شەڕەکەدا شان بە شانی جەنگاوەرانی حزبەکەی"!!
دیارە ئەم نووسەرە (یادی بەخێر) هەر ویستوویەتی لە ڕێگای ئەم کتێبە و نووسینەی، خۆی لە لای ماڵی بارزانی و لای پارتی و بە تایبەتیش لای کاک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت لە کاتی نووسینی کتێبەکەدا، خۆشەویستر بکات، بۆیە وای نووسیوە!!!
دەبوو باش بزانێت کە جەنگاوەرەکانی حزبی شیوعی بەشداریان پێنەکراوە، بەڵکو خۆیان بەرپرس بوون لە پاراستنی چیای هەندرێن، هێزی سەرەکی بوون لە ناوچەکە، داڕێژەر و پلاندانەری هێرشەکەی ۱۲ی مایسی۱۹٦٦ بوون. تەنانەت لقەکەی عزەت سلێمان بەگیش بە ناوی پارتی شەڕیان نەدەکرد، بەڵکو وەکو پێشمەرگەی کوردستان و ڕاستەوخۆش سەر بە بارەگای بارزانی بوون و بەشێکیشیان شیوعی و دۆستی حزبی شیوعی بوون. هەروەها سەبارەت بە پەلەکەی سەعید حەمەد ئاغا مێرگەسۆری کە ئەوانیش بەشداری داستانەکەبوون. هەردوولاشیان پەیوەندیان لەگەڵ شیوعییەکان برایانە بوو، هەموویان بە یەکەوە پاسەوانی دڵسۆزی هەندرێن و ناوچەکە بوون.
بە گوێرەی سەرچاوەکانیش هەروەکو لە سەرە ئاماژەمان بۆ کردووە کاک ئیدریس لە لایەن بارانی باوک ڕاسپێردرابوو کە ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی شەڕەکانی بەرەکانی هەندرێن و زۆزک و گەرووی عومەراغا بکات و بارەگاشی لە کۆسپی سپی بوو لە نێوان هەندرێن و زۆزک .
عزەتی سلێمان بەگ دەڵێ:" هۆی سەرکەوتنمان بەسەر دوژمن دا ئەو ڕێکخستن و هاوکارییە بوو کە پێشمەرگەکانی هەندرێن لە بەینیان هەبوو، وێرای نزیک بوونی کاک ئیدریس لێمان کە ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی ئەکرد و هەموو پێویستییەکی زۆر بە زوویی ئەگەیان . عزەت سلێمان بەگ، ژیان و بەرخودان...ل٤٦ ".
٭ عیسمەت شەریف وانلی(۳) لە کتێبی (كردستان العراق هویة وطنیة دراسة في ثورة ایلول ۱۹٦۱ ــ کوردستانی عیراق ناسنامەیەکی نیشتمانی لێکۆلینەوە لە شۆڕشی ئەیلول) د. سعاد محمد خدر لە فەڕەنسییەوە کردوویە بە عەرەبی، کتێبەکەش تێزی دکتۆرایەتی ساڵی۱۹٦۹ لە زانکۆی لۆزان بەدەستی هێناوە.
نووسەر شەش لاپەڕەی بۆ شەڕی هەندرێن ۱۹٦٦ تەرخانکردووە، لەو شەش لاپەڕەیەدا تەنیا پشتی بە کتێبی ڕۆژنامەنووسی فەڕەنسی (ڕێنیە مۆریس، کردستان او الموت) بەستووە. ئێمە لە کاتی خۆی لەسەر ئەم کتێبە ئەوەندەی پەیوەندی بە شەڕی هەندرێنەوە هەیە نووسیوە و ساغمان کردەوە کە ئەم ڕۆژنامە نووسە فەڕەنسییە ڕاست ناکات لەکاتی شەڕی هەندرێن لە مەیدانی شەڕ نەبووە نزیکیش نەبووە، چونکە لە هیچ کتێبی بیرەوەریەکانی فەرماندەکانی شەڕی هەندرێن و ئەوانەی دیمانەم لەگەلدا کردوون وەکو:(شێخ عەتا تاڵەبانی، زرار دەرگەڵەیی، عزەت سلێمان بەگ، ملازم خدر). باس لەوە ناکەن کە ئەم ڕۆژنامەنووسەیان دیبێ یان لە مەیدانی شەڕ نزیک بووبێت، بەڵکو وا دەردەکەوێت ئەم ڕۆژنامە نووسە پشتی بە ڕاپۆرتی عەبدوڵلا ئاغای پشدەری ئامیر هێزی باڵەک بەستووە، ئەمیش لە مەیدانی شەڕی هەندرێن دوور بووە. بۆیە لەو شەش لاپەڕەیەی کتێبەکەی (وانلی)، لە فەرماندەکانی شەڕی هەندرێن تەنیا ناوی فاخر مێرگەسوری هێناوە، ناوی هیچ فەرماندەیەکی شیوعی نەهێناوە!! ناوی عەقید قازی هاتووە کە هیچ پەیوەندییەکی بە شەڕی هەندرێن نەبووە.
لە کتێبەکەی وانلی (ل ۳٦۲ ) هاتووە کە لە دوای سێ مانگ عەبدوڵلا پشدەری فەرماندەی ناحیەی باڵەک!! ڕاپۆرتەکەی پێداوە. لەم کتێبە زانیاریەکان دەربارەی شەڕی هەندرێن نادروستن . دەڵێ:" سوپای شۆڕشی کورد لە ڕووبەڕووبوونەوەیدا لە ناوچەی باڵەک لە(۱۰۰)کەس زیاتر نەبوون!!! یەکەیەکی تۆپ لە ژێر فەرماندەی عەقید قازی پشتیوانیان بوو.
بێگومان نە ژمارە(۱۰۰) دروستە هێزی تۆپی پێشمەرگەش لە شەڕی هەندرێن ملازم خدر لێی بەرپرس بوو. ئەوجارە لە (ل۳٦۳) نووسراوە کە (٤٥۰) پێشمەرگە لە بەرەی هەندرێن بوون فاخر مێرگەسوری سەرکردایەتی دەکردن.
بێگومان ئەم ژمارەیەش دروست نییە، بەگوێرەی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی ئەم داستانە کۆی ژمارەی پێشمەرگە لە هەندرێن لە نێوان(۲۰۰ -- ۲٥۰) پێشمەرگەبوون .
هەروەها لە (ل ۳٦٥) کە باس لە زیانی گیانی سوپای عیراق دەکات لە بەرەی هەندرێن(لیوای چوار) دەڵێ: (۳۲۷) كوژراو و (۳۷) بریندار بوون. ئەمەش لەگەڵ سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان کە لەم وتارە ئاماژەمان بۆ کردوون ناگونجێت.
بە کورتی ئەم کتێبە کە تێزی دکتۆرایەو کەسایەتییەکی سیاسی و ڕۆشنبیری کورد دایناوە، سەبارەت بە شەڕی هەندرێن بە سەرچاوەیەکی نادروست دادەنرێت و وەکو زۆر کتێبی تر مێژووی شەڕی هەندرێن دەشێوێنێت.
پێم سەیرەهەندێ توێژەرو نووسەر پشت بە هەندێ سەرچاوە دەبەستن بەکاری دەهێنن بێ ئەوەی لێی بکۆڵنەوە چەند سەرچاوەیەکی جێگای متمانەیە.
پەراوێزەکان:
۱- زەید ئەحمەد عوسمان، ساڵی۱۹۲٤ لە شاری هەولێر لە دایک بووە. سەر بە بنەماڵەیەکی ناوداری ئاینییە(مەلا ئەفەندی).خوێندنی یاسای تەواو کردوە، کەسایەتییەکی سیاسی و ڕۆشنبیر بوو، ساڵی۱۹۷۸ كۆچی دوایی کرد.
۲-سامی شۆڕش، ساڵی۱۹٥۰ لە شاری هەولێر لە دایکبووە، لە ساڵی۱۹۷۳ خوێندنی لە بەغدا تەواوکردووە.لە حەفتاکان و هەشتاکان کادیرێکی ڕاگەیاندنی (ی.ن.ک) بوو ، لە نەوەتەکان لە دەرەوە خەریکی کاری ڕاگەیاندن بوو .لە۲۰۰٤ گەڕایەوە باشووری کوردستان و لە پارتی نزیک بوەوە. کرایە وەزیری ڕۆشنبیری ، دواجار بوە ئەندامی پەرلەمانی عیراق. لە ساڵی۲۰۱۰ کۆچی دوایی کرد.
۳- عسمت شریف وانلی، ساڵی۱۹۲٤ لە شام لە دایکبووە.
لە ساڵی۱۹٦٤تاكو۱۹۷٥ لە دەرەوە قسەکەر بووە بە ناوی شۆڕشی ئەیلول لە۱۹٦۹ لە لۆزان دکتۆرای وەرگرتووە. زۆر ڕۆڵی سیاسی و ڕۆشنبیری گێڕاوە. له ۲۰۱۱ كۆچی دوایی کردو لە لۆزان نێژراوە.