
د. کەمال غەمبار
بەشی یەکەم
ئامادەکردنی: مەغدید حاجی
٭ مامۆستا کەمال غەمبار(هیوای تەندروستی و تەمەندرێژی بۆ دەخوازین) یەکێکە لە مامۆستا تێکۆشەرە ناودارەکانی کوردستان ، تێکۆشەر لە بوارەکانی؛ پەروەردەیی، سیاسی، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، نووسین و ئەدەبیات..
٭کورتەیەک لە ژیانی مامۆستا:
ــ ناوی تەواوی: کەمال حوسێن ئەحمەد، بە (کەمال غەمبار) ناسراوە.
ــ لە ساڵی 1937 لە شاری کۆیە لەدایکبووە.
ــ ناوی دایکی:خاتو فاتیمە سەید عەلی.
ــ لە ساڵی1945 چۆتە بەرخوێندن لە قوتابخانەی کۆیسنجەقی دووەم لە شاری کۆیە.لە ساڵی1951 تەواوی کردووە.
ــ لە ساڵی1957 خوێندنی دواناوەندی لە هەولێر تەواوکردووە.
ــ لە دوای تەواوکردنی خوێندنی قۆناغەکانی سەرەتایی و دواناوەندی، لە بەشی زمانی عەرەبی لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی بەغدا وەرگیراوەو ساڵی 1964 تەواوی کردووەو بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمان و ئەدەبی عەرەبی بەدەستهێناوە.
ــ یەکەم دامەزراندنی بە مامۆستا لە (المجر الکبیر / عمارە) بووە لە خوارووی عیراق، لەوێ لە هەردوو قۆناغی ناوەندی و دواناوەندی وانەی گوتۆتەوە.
ــ لە شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکان و نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوودا، وەکو مامۆستا جگە لە المجر الکبیر، لە هەردوو شاری بەغداو هەولێر، لە چەندین قوتابخانانەی دواناوەندی و ئامادەیی، بە ئەرکی پەروەردەو فێرکردن هەڵساوە، وەکوو : ( گەلاوێژ، الخنساء،ئامادەیی هەولێری کوڕان، سەربەستی، الرسالە، الزراعە).. ،هەروەها وەکو ڕاوێژکاری پەروەردەیی، وەکو نووسەرو بەڕێوەبەری نووسین لە گۆڤاری وەزارەتی پەروەردە.. خزمەتی زۆری پێشکەش بە بواری پەروەردەو فێرکردن کردووە. بەشدار بووە لە دانان و وەرگێڕانی (9) نۆ کتێبی تایبەت بە پڕۆگرامەکانی خوێندن.
ــ ئەوەی لە هەمووی گرنگترو جێگای سەرنجە، مامۆستا کەمال لە حەفتاکانی تەمەنیدا، بە هیممەتێکی گەنجانەو بە خۆ ماندووکردنێکی زانستپەروەرانەو دڵسۆزانە هەردوو بڕوانامەی ماستەرو دکتۆرای بەدەستهێنا. هەردوو نامە ئەکادیمییەکەشی بە زمانی عەرەبی نووسیوەو وەکو کتێبیش چاپکراون، یەکەمیان، ماستەرنامەکەیەتی بە ناونیشانی:( عبدالله گۆران رائدا و مٶسسا لحركة تجدید الشعر الكوردي ــ عەبدوڵلا گۆران پێشەنگ ودامەزرێنەری بزاڤی نوێکردنەوەی شیعری کوردی)
دکتۆرانامەکەشی لەژێر ناونیشانی ( احمد سالار رائدا و مٶسسا للمسرح الاحتفالي الكوردي المعاصرــ ئەحمەد سالار پێشەنگ و دامەزرێنەری شانۆی ئاهەنگسازی هاوچەرخی کورد )
ــ لە ساڵی2006 وەکو ڕاوێژکاری پەروەردەیی لە ئەنجومەنی وەزیران خانەنشینکراوە.
٭ باری کۆمەڵایەتی:
ــ مامۆستا کەمال غەمبار لە ساڵی1967 ژیانی خێزانی لەگەل خاتوو زینا زاهیر ڕەشید پێکهێناوە،خاوەن پێنج کوڕو کچی بەڕێزن:
1- هێمن،1969، بەکالۆریۆسی لە زمانی ئینگلیزی بەدەستهێناوە.
2ــ مەزن، پەیمانگەی تەکنیکی تەواوکردووە.
3- سیاکۆ، بەکالۆریۆسی لە هونەری کۆمپیوتەر بەدەستهێناوە، لە بەریتانیا دەژیت.
4- ساز، بەکالۆریۆسی لە زمانی عەرەبی بەدەستهێناوە.
5- ڕاز، ماستەری لە بواری شانۆ بەدەستهێناوە.
ــ بەداخەوە خاتوو زینا ی هاوسەری بەڕێز د. کەمال غەمبار لە ساڵی 2019 کۆچی دوایی کردو ماڵئاوایی یەکجاری لە مامۆستا کەمال و کچ و کوڕە خۆشەویستەکانی کرد. هەزارن دروود بۆ ڕوحی پاکی.
٭زۆر سوپاس بۆ ڕاز کەمال غەمبار کە بە زانیاری دروست دەربارەی ژیانی باوکی و باری کۆمەڵایەتی، هاوکاری کردم. تەمەن درێژبێت