
د. کەمال غەمبار
ئامادەکردنی: مەغدید حاجی
بەشی دووەم و کۆتایی
٭ خەباتی سیاسی و ئەدەبی
مامۆستا کەمال غەمبار لە ساڵانی نیوەی دووەمی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا، وەکو قوتابی قۆناغی دواناوەندی لە ساڵی1956 چۆتە ڕیزەکانی یەکێتی گشتی قوتابیان لە کۆماری عیراقدا. لە زانکۆی بەغداش لە نیوەی یەکەمی شەستەکاندا ئەندامی دەستەی کارگێڕی یەکێتی گشتی قوتابیان بوو لە کۆلێژی پەروەردە.
وەکو گەنجێکی نیشتمان پەروەرو هەڵگری بیروباوەڕی چەپ و نەتەوەپەروەریی پێشکەوتنخواز ناسراوبوو.. کە بە مامۆستاش دامەزراوە، بەردەوام مامۆستایەکی خاوەن پەیامی نیشتمانی و نێونەتەوەیی بووە. کە شیعری داناوە، یان وەکو ڕۆژنامەنووس و نووسەر بابەتی بڵاوکردۆتەوە، دواتر وەکو ڕەخنەگرو توێژەرێکی بواری ئەدەبیات، لە ڕوانگەی یان لە چاوگی هزرێکی شۆڕشگێڕانە و نوێخوازانە و ڕیالیستانە بەرهەمی نووسیوە و پێشکەش بە خوێنەرانی کردووە.
کاک مومتاز حەیدەری نووسەرو ڕۆژنامەنووس دەڵێ : " لە ساڵی 1957 کەمال غەمبار شیعری بۆ جەمیلە جەزائری (سومبلی شۆڕشی جەزائر) نووسوە و شیعرەکەش لە گۆڤاری (هیوا) بڵاوکرایەوە. لەوکات تەنیا کەمال غەمبارو کامەران موکری شیعری کاریگەرییان لەسەر جەمیلەی جەزائری دانا و ئێمە تاکو ئێستا هەردوو شیعرەکەمان لەبەرە" ..
ــ مامۆستا کەمال غەمبار لە دوای کودەتای 8ی شوباتی 1963 بەهۆی پەیوەندی لەگەل حیزبی شیوعی عیراق و دەستپێکردنی هەڵمەتی داپڵۆسێنەرانەی ڕژێمی بەعس و حەرەس قەومی وەزیفەی مامۆستایی لە پارێزگای عمارە جێهێشتووە و پەیوەندی بە هاوڕێیانی کردووە لە چیای ئاوەگرد لە قەزای کۆیە، بەڵام دوای ماوەیەک کە دانوستان دەستی پێکردووەو لێبووردنی گشتی دەرچووە گەڕاوەتەوە بۆ سەر وەزیفەکەی خۆی وەکو مامۆستا .
لە کۆتایی شەستەکان و سەرەتای ساڵی1970 لە شاری هەولێر کە هەڵبژاردنی گشتی مامۆستایان ئەنجام دراوە، مامۆستا کەمال وەکو ئەندامی لیستی پیشەیی بەشداری تێدا کردووە و لیستەکەیان سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێناوە و دوایی مامۆستا کەمال وەکو سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای مامۆستایان هەڵبژێردراوە.
لە ساڵی1973 وەکو نوێنەری لیستی پیشەیی بۆتە ئەندامی سکرتاریەتی سەندیکای مامۆستایان لە بەغدا.
لە ساڵی1979 بەهۆی پاکانە نەنووسین لە مامۆستایی گوێزراوەتەوە بۆ وەزارەتی دادو کراوەتە باش کاتب و دوورخراوەتەوە بۆ بەسرەو لە دادگەی شەرعی دانراوە، پاشان بۆ حیللەو دوایی لە ڕۆژنامەی(الوقائع العراقیة) لە بەغدا 6 ساڵ سەرپەرشتی زمان و چاپی کردووە.
لە ساڵی 1987بەهۆی بارودۆخی سیاسی خۆی خانەنشین کردووەو گەڕاوەتەوە هەولێرو ساڵی 1988 لە زانکۆی سەڵاحەددین،بەشی کوردی وانەی وتۆتەوە.
لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991 مامۆستا کەمال شان بە شانی هاوڕێیانی لە لیستی پیشەیی، چۆتەوە مەیدان و لە کۆنگرەی یەکێتی دیموکراتی مامۆستایانی کوردستان بەشدار بووە، کە لە تەمموزی 1992 لە شاری سلێمانی ئەنجامدراوە و بە سەرۆکی ئەم یەکێتییە هەڵبژێردراوە. هەروەها لە هەڵبژاردنی گشتی مامۆستایانی کوردستان لە نیسانی 1992 بەشدار بوو. ئەندامی نۆیەمین کۆنگرەی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بوو، کە لە تشرینی یەکەمی1992 لە شاری هەولێر گرێدرا.
هەروەها مامۆستا کەمال بۆتە جێگری سکرتێری ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە کوردستان و سەرنووسەری گۆڤاری دەنگی مرۆڤ .
مامۆستا کەمال غەمبار لە حەفتاکان و هەشتاکان و نەوەتەکان و تاکو ئەم ساڵانەی دوایی،زیاتر لەگەل کاروانی ڕۆشنبیری و ئەدەبیات خەریک بووە.
لە بواری ڕۆژنامە نووسیشدا وەکو خاوەن ئیمتیازو سەرنووسەرو بەڕێوەبەری نووسین و نووسەر خزمەتی زۆری پێشکەش بە بزووتنەوەی ڕۆژنامەنووسی کردووە.
ئەندامی هەردوو سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی عیراق و کوردستانە.
ئەندامی یاریدەدەری ئەکادیمیای کوردییە
خاوەن دەیان کتێبی چاپکراوە لە بوارەکانی نووسین و توێژینەوەو وەرگێڕان.
ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی نووسەرانی کوردە.
ماوەیەک سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی نووسەرانی کورد بوو.هەروەها سەر نووسەری گۆڤاری(نووسەری نوێ)بوو کە لقی هەولێری یەکێتی نووسەرانی کورد دەری دەکرد.
مامۆستا کەمال تاکو تەندروستی باش بوو لە زۆربەی کۆڕەکانی یەکێتی نووسەرانی کورد ئامادە دەبوو، زۆر جاریش موداخەلەی دەکردو ڕاوسەرنجەکانی خۆی دەردەبڕی.
ئەندامی یەکێتی ڕەخنەگرانی عیراقە.
ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانە.
زۆر خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشکەشکراوە و لە ماڵەوە خاوەن کتێبخانەیەکی دەوڵەمەندە. لە کۆتاییدا هیوای تەندروستی باش و تەمەندرێژی بۆ بەڕێزو تێکۆشەر د. کەمال غەمبار دەخوازین.
سەرچاوەکان:
1-وەڵامدانەوەکانی مامۆستا خۆی بۆ پرسیارەکانم، لە سێ وەڕەقەی فۆلسکابدا، بەهۆی ڕاز خانی کچی بەهۆی واتسئەپ بۆم ڕەوانەکران.سوپاسیان دەکەم.
2-عەبدولرەحمان مەعروف، ئینسایکڵۆپیدیای نووسەرانی هەولێر.
3- د. كمال غمبار، احمد سالار رائدا ومٶسسا للمسرح الاحتفالي الكورديالمعاصر،ط۲، ص۳۲۳
4-کەمال غەمبار،بەرەو جیهانی شیعریی چەند شاعیرێک، بەرگی دووەم، 2016، ل210-212