لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان

 شەهید تەحسین دەرگەڵەیی 1947-1988

 ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

  بەشی یەکەم

 ٭ لە جیاتی پێشەکی:

  من بۆ یەکەم جار لە کانوونی دووەمی 1972 مامۆستا تەحسینم دیوە و ناسیومە، ئەوکات بەڕێوەبەری قوتابخانەی دەرگەڵەی سەرەتایی تێکەڵاو بوو لە قەزای ڕواندز، منیش لەوکاتەدا وەکو مامۆستا لە گوندی گەرەوانی سەروو گوازرامەوە بۆ قوتابخانەی دەرگەڵە. یەکەم ڕۆژ بۆ نووسینی دەستبەکاربوونم (مباشرە) لە لای پردی حافیز ڕێگای هاملتۆن لە سەیارە دابەزیم و کاتژمێر و نیوێک بەپێیان ڕۆیشتم تا گەیشتمە گوندە جوانەکەی دەرگەڵە و چوومە قوتابخانەکە و ژووری بەڕێوەبەر و مامۆستایان، زۆر بەگەرمی پێشوازیان لێکردم.

من ئەوکات تەمەنم نەگەیشتبووە 22 ساڵی. دوو نامەی گواستنەوەم پێبوو، یەکەمیان فەرمانی تەنسیبکردنم بوو وەکو مامۆستا بۆ قوتابخانەی دەرگەڵە، تەسلیم بە دەستی مامۆستا تەحسینی بەڕێوەبەرم کرد، دووەمیان نامەیەکی بچووکی لوولدراوی نهێنی تایبەت بە گواستنەوەی شوێنی کارکردنی حزبیم بوو لە ڕواندز بۆ گوندی دەرگەڵە، وەکو ئەندامێکی حزبی شیوعی عیراق، مامۆستا ساڵح قادر ڕواندزی (یادی بەخێر) بەرپرسی ڕێکخستنی شاری ڕواندزی حزبی شیوعی پێیدابووم دوایی تەسلیم بە مامۆستا زرار دەرگەڵەییم کرد، کە ئەویش بەرپرسی ڕێکخستنی دەرگەڵە بوو.

 ئەو مامۆستایانەی ئەو ڕۆژە من موباشەڕەم لە قوتابخانەی دەرگەڵە کرد، ئەم بەڕێزانە بوون: (م. تەحسین ــ بەڕێوەبەر، م. زرارسلێمان بەگ، م. خەلیل ئەحمەد بەگ، م. شێرزاد سلێمان بەگ، م. حاجی خەلیل دەرگەڵەیی، م. حوسێن خەڵکی سلێمانی بوو، م. حەمادی عەرەبی فەلوجەی بوو). یەکەم جارم بوو ئەو مامۆستا قەدرگرانانە ببینم و بە دیداریان شادبم.

 مامۆستا تەحسین دەستبەکاربوون (مباشرە)ی بۆ نووسیم، کە کاتی نیوەڕۆ داهات زۆر تەکلیفی لێکردم بۆ نانخواردن بچمە لایان، لە هەمان کاتدا مامۆستا زراریش زۆر تەکلیفی کرد، من لای مامۆستا زرارم هەڵبژارد تاکو نامە نهێنییەکەی گواستنەوەی حزبیمی تەسلیم بکەم!

 لەو دوو ساڵەی لە قوتابخانەی دەرگەڵە بووم، مامۆستا تەحسینم هەمیشە وەکو مامۆستایەکی  کوردپەروەر و ڕۆشنبیری دڵسۆز دەهاتە پێش چاو، مرۆڤێکی بەڕێز و قسەخۆش و دەم بەخەندە بوو. بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتوو بوو، ڕێزی مامۆستایانی دەگرت و هاوکاری دەکردن بەتایبەتی ئەوانەی لە شوێنی دوور نەقلی دەرگەڵە کرابوون و هەموو مامۆستاکانیش خۆشیان دەویست. لە هەمانکاتدا ئەندامێکی چالاک و دڵسۆزی پارتی دیموکراتی کوردستان  بوو، لەبیرمە لە کۆتایی کانوونی دووەمی 1971 فەڕەنسۆ هەریری یادی بەخێر) کە قائمقامی قەزای چۆمان بوو، ناردیە دوای هەموو مامۆستایانی گوندەکانی ناوچەکە، ئێمە لەگەل مامۆستا تەحسینی چووینە لای، لە بارەگاکەی میری لە گەڵاڵە. تەنیا مامۆستا زرار نەهات، لەوێ مامۆستا تەحسینی ڕاسپارد کە هەموو مامۆستایان بچنە هەولێر و بەشداری لە هەڵبژاردنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بکەن.

 لەو ماوەیەی لە دەرگەڵە مامۆستا بووم، چەندین جار مامۆستا تەحسین بۆ نانخوارن داوەتی ماڵەوەیانی دەکردم، هاوژینەکەشی شلێر خان، کچی ڕەوانشاد کاک عزەتی سلێمان بەگی دەرگەڵەیە کە بەردەوام هەردووکیان زۆر   خانەدان بوون. شلێر خانیش ئافرەتێکی خوێندەوار و کوردپەروەر بوو، هیوای تەمەن درێژی بۆ دەخوازم.

 ٭ کورتەیەک لە ژیانی مامۆستای شەهید تەحسین دەرگەڵەیی:

 ـــــــــــــــــــــــــــــ

 ــ ناوی تەواوی: تەحسین محەمەد محەمەد ئەمین.

 ــ ناوی دایکی (هەمینە حوسێن) بوو، یادی بەخێر.

 ــ م. تەحسین لە ساڵی1947 لە گوندی دەرگەڵە لە دایک بووە.

 ــ لە ساڵی خوێندنی1954-1955 لە قوتابخانەی دەرگەڵە چۆتە بەخوێندن.

 ــ لە ساڵی خوێندنی 1959-1960 قۆناغی سەرەتایی لە قوتابخانەی دەرگەڵە تەواوکردووە.

 ــ لە ساڵی خوێندنی 1960-1961 لە دواناوەندی ڕواندز لە پۆلی یەکەمی ناوەندی وەرگیراوە.

 ــ لە ساڵی1963 خوێندنی ناوەندی تەواوکردووە.

 ــ لە ساڵی خوێندنی1963-1964 لە خانەی مامۆستایانی هەولێر وەرگیراوە ئەو کاتەی مامۆستای نەمر مستەفا حەسەن شەعبان بەڕێوەبەری خانەی مامۆستایان بوو.

 ــ لە ساڵی خوێندنی1965-1966 خانەی مامۆستایانی تەواوکردووە.

 ــ لە ساڵی1966-1967 بۆ یەکەمجار بە مامۆستا لە قوتابخانەی گوندی پۆڕیجە سەر بە ناحیەی قوشتەپە دامەزراوە.

 ــ لە ساڵی1968-1969 گوازراوەتەوە بۆ قوتابخانەی دەرگەڵە.

 ــ لە ساڵی 1969-1970 لە دەرگەڵە گوازراوەتەوە بۆ قوتابخانەی گوندی شەوگێڕ سەر بە قەزای کۆیە.

 ــ لە ساڵی خوێندنی 1970-1971 بۆ جاری دووەم گوازراوەتەوە بۆ قوتابخانەی دەرگەڵە و بۆتە بەڕێوەبەری قوتابخانەکە.

 ــ تاکو ئاداری1975 مامۆستا و بەڕێوەبەری قوتابخانەی دەرگەڵە بوو.

 ــ لە ساڵی 1975 بەداخەوە لە دوای هەرەسهێنانی (شۆڕشی ئەیلول) ئاوارەی دیوی ئێران بوون.

وتاری نووسەران