
لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان
هیمداد عەبدوڵلا / کۆیە
ئامادەکردنی: مەغدید حاجی
وتەی بەرایی:
هەموو مامۆستا و پەروەردەکارە دڵسۆزەکان، ئەو مامۆستایانەی لە ژیانی مامۆستاییاندا، بەوپەڕی لەخۆبووردوویی و بە باوەڕ و قەناعەتەوە، خزمەتی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنیان کردووە، خزمەتی زمان و نووسین و زانست و ئەدەبیاتیان کردووە، بەهەزاران ڕۆلەی ئەم وڵاتەیان پێگەیاندووە، نەبوونەتە داردەست و ئەلقەلەگوێی ڕژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان، بەڵکو هەمیشە ئامادەبووینە بەهەر ڕێگا و شێوەیەک بێت داکۆکی لە مافەڕەواکانی گەلەکەیان بکەن، ئامادەی قوربانیدان بووینە. ئەوانە هەموو لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستانن، جێگای ڕێز و شانازی هەموومانن.
مامۆستای بەڕێز هیمداد عەبدوڵلا یەکێکە لەو مامۆستا تێکۆشەرانەی کوردستان، بەشانازییەوە ژیاننامەکەی بڵاودەکەینەوە و هیوای تەمەندرێژی بۆ دەخوازین.
٭ کورتەیەک لە ژیانی مامۆستا هیمداد:
ــ ناوی تەواوی: (هیمداد عەبدوڵلا تەها)یە.
ــ لە15-8-1954 لە شاری کۆیە لە دایکبووە.
ــ لە ساڵی 1960 لە قوتابخانەی ئولای سەرەتایی کۆیە چۆتە بەرخوێندن و دواتر هەردوو قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی لە دواناوەندی کۆیە تەواوکردووە.
ــ لە ساڵی خوێندنی 1973-1974 لە پەیمانگای ئامادەکردنی مامۆستایان لە هەولێر وەرگیراوە.
ــ بە گوێرەی فەرمانی کارگێڕی پارێزگای هەولێر ژمارە 5404 لە20-4-1976 بە مامۆستای سەرەتایی دامەزراوە و بۆ یەکەمجار لە 22-4-1976 لە قوتابخانەی سماقولی گرتک لە ناوچەی خۆشناوەتی دەستبەکار بووە.
ــ لە هاوینی هەمان ساڵدا بەهۆکاری سیاسی و بەگوێرەی فەرمانی کارگێڕی بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی هەولێر ژمارە 34888 لە 30-8-1976 گوازراوەتەوە بۆ پەوەردەی تکریت و لە قوتابخانەی (المعتز باللە) لە شاری سامەڕا دەستبەکاربووە.
ــ لە مانگی تشرینی یەکەمی 1980 لە دوای دەستپێکردنی شەڕی عیراق ــ ئێران، ڕیزەکانی سوپای جێهێشتووە و پەیوەندی بە ڕیزەکانی پێشمەرگەی حزبی شیوعی عیراق کردووە لە شاخ.
ــ لە ساڵی 1988 لە دوای پرۆسەی بەدناوی ئەنفال و بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە لایەن ڕژێمی بەعس و نەمان یان کەمبوونەوەی دەرفەتی خەباتی پێشمەرگایەتی لە شاخ ، مامۆستا هیمداد سوودی لە لێبووردنی گشتی وەرگرتووە و گەڕاوەتەوە شار، بەڵام یەکەمجار نەگەڕاوەتەوە بۆسەر پیشەی مامۆستایی بەڵکو چۆتە بەغدا لەوێ بە گرێبەست لە کۆمپانیای مەنسووڕ بۆ بەڵێندەرایەتی دامەزراوە و کاری کردووە.
ــ لە ساڵی1993 بەگوێرەی فەرمانی کارگێڕی ژمارە 10871 لە 20-9-1993 واتا لەسەردەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەڕاوەتەوە بۆسەر پیشەی مامۆستایی و لە کۆیە لە قوتابخانەی بێستوونی ئێواران دەستبەکار بووە . دوایی لە ساڵی 1995 گوازراوەتەوە بۆ قوتابخانەی نەوجەوانانی تێکەڵاو و هەشت ساڵ لەم قوتابخانەیە خزمەتی پرۆسەی پەروەردەی کردووە. ئینجا گوازراوەتەوە بۆ قوتابخانەی کوردستانی بنەڕەتی تێکەڵاو لە گەڕەکی عەلیاوا، لە پاشان لە ساڵی2015 بۆ قوتابخانەی گەشتیاری بنەڕەتی تێکەڵاو گوازراوەتەوە. دوا جاریش لەسەر داوای خۆی و بە فەرمانی کارگێڕی پەروەردەی کۆیە ژمارە 6094 لە 22-7-2015 گوازراوەتەوە بۆ قوتابخانەی قەیسەری تێکەڵاو لە ڕۆژهەڵاتی کۆیە.
ــ لە ساڵی 2016 بەگوێرەی تەمەن خانەنشین کراوە.
٭ دەربارەی هەڵوێستی سیاسی مامۆستا هیمداد:
ــ مامۆستا هیمداد وەکو کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەری چەپ ناسراوە،خۆی دەڵێ:" من لەناو ڕێکخستنەکانی حزبی شیوعی نەبوویمە بەڵکو هەر لە گەنجیمەوە دۆستی حزبی شیوعیم و بیری چەپم،بەڵام لە هەردوو قۆناغی ناوەندی و دواناوەندی ئەندامی یەکێتی گشتی قوتابیان بووم" .
بێگومان مامۆستا هیمداد کەوتۆتە ژێر کاریگەریی خاڵی (مامۆستا ئەحمەد دڵزاری شاعیر)و (خوشکە فریشتە)ی پووری کە ئافرەتێکی تێکۆشەری کۆیەو کوردستان بوو، هەردووکیان، هاوڕێ دڵزارو خوشکە فریشتە بەردەوام دوو کادیری پێشکەوتووی حزبی شیوعی بوون و دوو شاعیری ناوداری کوردستان بوون ، هەروەها مامۆستا کەریم شارەزای خاڵی شاعیرو نووسەرێکی چەپی ناوداربوو. یادیان بەخێر .
مامۆستاهیمداد(هاوڕێ شاخەوان) لە ماوەی حەوت ساڵ(1980-1987) پێشمەرگایەتیدا، پێشمەرگەیەکی دڵسۆزی حزبی شیوعی عیراق بووە، لەو ماوەیەدا زیاتر لە ڕاگەیاندنی هەرێم نزیک بووەو لەتەک هاوڕێیانیشیدا لەچەند شەڕێک بەشدار بووە.
٭لە بواری کۆمەڵایەتیشەوە، مامۆستا هیمداد کەسایەتییەکی بەڕێزوخۆشەویستە، مرۆڤێکی پێشکەوتنخوازو ڕۆشنبیرو ئاشتیخوازوژینگە دۆستە.
ــ لە ساڵی 1989 لەگەل خاتوونی بەڕێز (شوکریە فارس) ژیانی خێزانیان پێکهێناوە. کوڕێکی بەڕێزیان هەیە بە ناوی هەڵۆ،لەساڵی1995 لە دایکبووە. لە ساڵی 2003یش کۆلێجی هونەرە جوانەکانی لە هەولێر تەواو کردووە. هیوای تەمەندرێژی بۆ مامۆستا هیمدادو دایکی هەڵۆ و کاکە هەڵۆ دەخوازین.
تێبینی:سەرچاوەی زانیارییەکانم مامۆستا هیمداد خۆیەتی چ ئەوەی بە نووسین بۆی ناردووم یان ئەوچاوپێکەوتنەی لە کۆیە ڕۆژی 15-7-2024 لەگەلی ئەنجاممداو بە سوپاسەوە وەڵامی پرسیارەکانی داومەتەوە.هەروەها زانیاری تایبەتی خۆم.