
ئامادەکردنی: مەغدید حاجی
بەشی یەکەم
ــ ناوی تەواوی: (تاهیر کەریم عەلی محەمەد)
بە (مامۆستا ڕەوەند) ناسراوە.
ــ لە ساڵی1946 لە گوندی سێگردکانی سەر بە قەزای مەخمور لەدایک بووە.
ــ (کەریم عەلی محەمەد)ی باوکی لە ساڵی 1976 لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کردووە. دایکیشی ( خەدیج ڕەزا حوسێن)لە ساڵی 2000 لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کردووە.
ــ سێ برابوون، کاک زاهیر کارەباچی لە ساڵی1945 لە دایکبووەو لە ساڵی 2023 کۆچی دوایی کرد. مامۆستا سابیر (تەمەنی درێژ بێت) لە ساڵی 1947 لە دایک بووەو لە نەوەتەکانەوە لەگەل هەموو ئەندامانی خێزانەکەی کۆچیان کرد بۆ وڵاتی ئوسترالیا و لەوێ دەژین.
ــ لە ساڵی 1950 مام کەریمی جوتیار لە گوندی سێگردکان بەهۆی جەوروستەم و چەوساندنەوەی دەرەبەگایەتی ماڵ باردەکات و دێنە شاری و لە هەولێرێ نیشتەجێ دەبن.
ــ تاهیر کەریم لە ساڵی 1955 لە قوتابخانەی خالدیە لە شاری هەولێر چۆتەبەرخوێندن و دوای تەواوکردنی قۆناغی سەرەتایی لە (ناوەندی ئەربیل) درێژەی بە خوێندن داوە. دوای تەواوکردنی قۆناغی ناوەندی، لە ساڵی1965 لە خانەی مامۆستایان وەرگیراوەو لە ساڵی خوێندنی(1967-1968) تەواوی کردووە.
شایانی باسە لە هەرسێ قۆناغی خوێندن لەگەل مامۆستا سابیری برای بە یەکەوە بووینەو لە ڕێکەوتی 30-3-1969 یش بە یەکەوە بۆ یەکەمجار بە مامۆستا لە قوتابخانەی گوندی سێلکێ سەر بە ناوچەی شێروان مەزن لە قەزای مێرگەسۆر دامەزراون.
ــ لە ساڵی خوێندنی(1969 - 1970) بەهۆی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەی گوند تەنسیبکراون بۆ سەنتەری قەزای مێرگەسۆر، لە ساڵی خوێندنی (1970-1971) گەڕاونەتەوە بۆ گوندی سێلکێ.
ــ مامۆستا تاهیر بە ئالوگۆڕ(تبادل)لەگەل مامۆستا عەبدولقادر خەلیفە گوازراوەتەوە بۆ قوتابخانەی گوندی چۆمەزەردەلە سەر بە ناحیەی قوشتەپە.
ــ تاکو ساڵی خوێندنی(1978-1979) مامۆستا تاهیر لە چەند قوتابخانەیەکی دی ناحیەی قوشتەپە خزمەتی پرۆسەی پەروەردەو فێرکردنی کردووە.
ــ لە ساڵی1979 بەهۆی توندبوونی هەڵمەتی ئیرهابی ڕژێمی بەعس بۆ سەر حزبی شیوعی، مامۆستا تاهیر پەیوەندی بە ڕیزەکانی پێشمەرگەی حزبی شیوعی عێراق کردووە.
ــ لە بەهاری ساڵی 1991 لەدوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و ڕزگارکردنی باشووری کوردستان ،مامۆستا ڕەوەند گەڕایەوە بۆ شاری هەولێر ،بەڵام نەگەڕاوەتەوە بۆ سەر پیشەی مامۆستایی و بەڵکو وەکو کادیرێکی خۆتەرخانکردوو بۆ کاروباری سیاسی و حزبی و کارگێڕی لە(بەرەی کوردستانی و حزبی شیوعی عێراق و پارتی کارو حزبی شیوعی کوردستان) دەستبەکاربووەو خەباتی کردووە.
ــ لە ساڵی 2008 بە پلەی تایبەت خانەنشینکراوە.
د. لوقمان مەلا قادر کە یەکێک بووە لە قوتابییەکانی مامۆستا ڕەوەند، لە بارەی ڕۆڵی پەروەردەیی،لە کۆمێنتدا نووسیویەتی و دەڵێ :" لە ساڵی1976 - 1977 مامۆستام بوو لە گوندی سابڵاغ سەر بە ناحیەی قوشتەپە،وانەی زانستی پێدەگوتین،ئەو تەنیا مامۆستاو فێرکەر نەبوو بەڵکو پەروەردەکارێکی سەرکوتووبوو،ڕۆژانە لە پاڵ وانە گوتنەوە بەشێکی وانەکەی بۆ پەروەردەکردن و ڕۆشنبیری تەرخان دەکرد.لە یادمە یەکەم پەرتووک کە خوێندبێتمەوە (ماسیە ڕەشە بچکۆلەکە) لە نووسینی سەمەدی بهرنگی و وەرگێڕانی عەبدولکەریم شێخانی بوو ،مامۆستا ڕەوەند پێشکەش بە پۆلەکەمانی کرد.هەموو قوتابیانی پۆلەکە خوێندمانەوە.
مامۆستا زۆر تەئکیدی لەسەر پاکوخاوێنی دەکردەوە،ڕۆژانە ئامۆژگاری دەکردین و دووپاتی دەکردەوە کە مرۆڤ دەبێ سادەوساکاربێت،تەئکیدی لەسەر نیشتمانپەروەری و خۆشویستنی خاک و دایک و باب و زانست دەکردەوە".