
بە ڕوونی
كاوە مەحموود
لە پەراوێزی هەوڵەكانی دەسەڵاتدارانی عێڕاق بۆ نەهێشتنی قانونی باری كەسێتی ژمارە 188ی ساڵی 1959
بەشی دووەم
مێژووی پەرەسندنی یاسای باری كەسێتی لە عێراقدا
لەعیراقدا بەپێی فقهی حەنەفی، كە مەزهەبی فەرمی دەوڵەتی عوسمانی بوو، بریار لە سەر مەسەلەكانی باری كەسێتی دەدرا و، ئەو شوێنانەش كە زۆربەیان لە شیعە پێكدەهاتن بەپێی مەزهەبی جەعفەری حوكم دەدرا و دانیشتووان سەردانی مەرجەعە ئاینییەكانی خۆیانیان دەكرد.
وشەی (بابەتی كەسێتی) بۆ یەكەمین جار لە دوای داگیركردنی بەغدا لە ساڵی 1917 دا لە بەیاننامەی دادگادا بەكارهێنرا و، پاشانیش لە مایسی 1921دا دەستەواژەی "باری كەسێتی" بەكارهێنرا. لە یاسای دادگای شەرعی، كە لە 30 حوزەیرانی 1923دا بریاردرا، ئەم دەستەواژەیە دووبارە كرایەوە.
یاسای دادگای شەرعی ساڵی 1923 بریاری دانانی دادوەری جەعفەری دا، هەروەها ماوەی دا، كە دادوەری سونە مەزهەب و دادوەری جەعفەری مەزهەب دەستنیشان بكرێن لەو شوێنانەی، كە دانیشتووان سەر بەو دوو مەزهەبەن.
لە بەندەكانی 74ـ 80 لە یاسای ئەساسی عێراق (القانون الاساسی العراقی) ساڵی 1925 ، كە یەكەمین دەستوری دەوڵەتی عێراق بووە، ئاماژە بۆ دەستەواژەی باری كەسێتی كراوە.
لە بەندی77 لەو دەستورەدا هاتووە: دادوەری لە دادگا شەرعییەكاندا بە گوێرەی حوكمی تایبەت و بەپێی حوكمی شەرعی تایبەت بە هەر مەزهەبێك لە مەزهەبەكانی ئیسلامدا ئەنجام دەدرێ. دادوەر بە گوێرەی مەزهەبی زۆربەی دانیشتووانی هەر ناوچەیەك دادەنرێ، هاوكات لەگەڵ مانەوەی دادوەری سونە وجەعفەری لە شاری بەغدا و بەسرادا.
لە ساڵی 1933 دا هەوڵێك لەلایەن دیوانی نوسینی یاسایی (دیوان التدوین القانونی) بۆ داڕشتنی قانونی باری كەسێتی درا و، بۆ ئەم مەبەستەش گەڵاڵەنامەیەك ئامادەكرا، بەڵام ئەم هەوڵە سەركەوتوو نەبوو.
وەزارەتی دادی عێراق لە 29/1/1945 دا بریاری دامەزراندنی لێژنەیەكی دا، كە لە چوار كەس پێك بێت و گەڵاڵەنامەیەك سەبارەت بە قانونی باری كەسێتی لەسەر بنەمای ئەو حوكمە گونجاوانەی، كە دەكرێ لە فقهی ئیسلامییەوە وەربگیری، ئامادەبكرێ. لێژنەكە كاری خۆی ئەنجامدا و، لە هەردوو ئاینزای سنی وجەعفەری مەسەلەی هاوبەشی وەرگرت، بەڵام رووبەرووی گرفتێك بۆوە، كە لە بەندی 77 ی یاسای ئەساسی عێراقدا هاتبوو سەبارەت بە حوكمكردنی دادگا بەپێی فرەمەزهەبی و گەڕانەوەی هەر كۆمەڵە خەڵكێك بۆ مەزهەبی خۆی، بۆیە نەكرا بێ جیاوازی مەزهەبی حوكمێ دوور لەو فرەییە كاری پێبكرێت.
هەندێ نووسەر لەو باوەڕەدان كە "لێژنەكە مەزهەبی سونەی كرد بە بناغەی پرۆژەكە.. بەڵام لە پەرلەمانی ئەو سەردەمەدا وەرنەگیرا".
دوای شۆرشی چواردەی تەمموزی 1958 وەزارەتی داد لە 7 ی شوباتی 1959دا لێژنەیەكی تایبەتی دامەزراند بۆ دانانی گەڵاڵەنامەی باری كەسێتی، كە پرنسیپەكانی لە حوكمەكانی شەریعەتی ئیسلامەوە وەرگرتبێت و، بە جۆرێك لەگەڵ یاساكانی وڵاتە ئیسلامییەكان و بریارەكانی دادگای شەرعی لە عێراقدا گونجاوبێت. ئەم لێژنەیە توانی پرۆژەی قانونی باری كەسێتی ژمارە 188ی ساڵی 1959 دابرێژێت. ئەم قانونە تێكرای ئەو بوارانەی، كە لە فقە دا پەیوەندییان بە مەسەلەكانی هاوسەری و تەڵاق و لەدایكبوون و نەسەب و بەخێوكردنی كۆرپە و خەرجی و وەسیەت و میراتەوە هەن، گرتەخۆی.
ماددەكانی ئەم قانونە سەرچاوەی لە هەموو ئاینزاكانی ئاینی ئیسلامەوە وەرگرتبوو، بەشێوەیەكی گشتگیری سوودی لە هەموو ئاینزاكان وەرگرتبوو، بەسەر هەر تاكێكی موسڵمانی عێراقی و كەسانی بیانی موسڵمان لە عێراقدا، بێ رەچاوكردنی ئەوەی كە سەر بە چ ئاینزایەكە جێبەجێدەكرا.
بڕگەی یەك لە ماددەی دوو ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە: "حوكمەكانی ئەم قانونە هەموو عێراقییەكان دەگرێتەوە، جگە لەوانەی بە قانونێكی تایبەت جیادەكرێنەوە".
كرستیان وجووەكان لە عێراقدا بە گەڵاڵەنامەی تایبەت و بەپێی ئاینەكانی خۆیان لە دادگای سەرەتادا حوكم لە سەر كێشەكانی باری كەسێتییان دەدرا.
بەڵام ئەم جیاكردنەوەیە سابیئەی مندائی و كوردی ئێزیدی نەگرتەوە، بە بیانووی ئەوەی كە گەڵاڵەنامەی تایبەت بە خۆیان لە ئارادا نییە، لە كاتێكدا لە هەردوو ئایندا حوكمی ئاینی و شەرعی تایبەت بە مەسەلەكانی باری كەسێتی هەیە.
لە بەڵگەنامەی هۆكاری بڕیاردانی قانونی باری كەسێتیدا هاتووە: "فرەبوونی سەرچاوەكانی دادگا و جیاوازی حوكمەكان سەبارەت بەم بوارە نائارامی لە ژیانی خێزاندا دروستكردووە و، مافی تاكی دابین نەكردووە، ئەمەش هاندەرێكی بیركردنەوە بوو لە پێناوی دانانی قانونێك كە گرنگترین ئەو حوكمە شەرعییانەی كۆكبوون دەربارەیان هەیە، بگرێتە خۆی".
لە هەمان كاتدا بڕگەی دوو لە ماددەی یەك ئاماژە بۆ ئەوە دەكات " ئەگەر هاتوو لە قانونەكەدا دەقێكی یاسایی نەبوو بۆ جێبەجێكردنی، ئەوا بەپێی ئەو پرنسیپانەی شەریعەتی ئیسلام، كە زیاتر لە گەڵ دەقەكانی ئەم قانونەدا گونجاون، حوكم دەدرێت". ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، كە یاساكە داوای ئەوە ناكات پشت تەنها بە یەك ئاینزا ببەسترێت، بەڵكو بە شێوەیەكی گشتی سوود لە پرنسیپەكانی شەریعەت وەربگیرێت.
قانونی باری كەسێتی ژمارە 188ی ساڵی 1959 هەڵوێستێكی میانڕەوی هەبوو لە مەسەلەی فرەژنی. یاساكە فرەژنی قەدەغەنەكرد وەك یاسای تونس و، سنوریشی بۆ دانەنا وەك یاسای مەغریب. یاساكە ماوەی نەدا پیاو زیاتر لە یەك ژن بهێنێت، بە بریاری دادوەر نەبێت. بۆ ئەوەی دادوەریش ئەو ماوەیە ببەخشێت، دەبێت مێرد توانای بەخێوكردنی زیاتر لە یەك ژنی هەبێت و، لەو ژنهێنانەش بەرژەوەندییەكی ڕەوا هەبێت. یاساكە فرەژنی قەدەغەكرد ئەگەر مەترسی ناعەدالەتی لە ئارادابێت و ئەم مەسەلەیەش بۆ دەسەڵاتی دادوەر و تێروانینی، دەگەرێتەوە.
قانونی باری كەسێتی بە تێروانینێكی نوێوە مامەڵەی لە گەڵ حوكمەكانی میرات كرد و، هەوڵی دا ماددەكانی ئەو بوارە لەگەڵ حوكمی گواستنەوەی زەوی ئەمیری گونجاو بێت، كە لەسەردەمی دەوڵەتی عوسمانییەوە بریاردرابوو.
بەم جۆرەش رێگای گرت لەو فرتوفێڵانەی لەو بوارەدا ئەنجامدەدرا و جۆرە یەكسانییەكی لەم بوارەدا بەدەسهێنا.
لە دوای كۆدەتای شوباتی 1963، یاسای باری كەسێتی هەموار كرا و بریاری ژمارە 11ی ساڵی 1963 دەرچوو. بەو پێیەش ئەو ماددانەی پەیوەندییان بە میراتەوە هەبوو راگیرا و، بریاردرا بە پێی (فقە)ی ئاینزایی (مەزهەبی) میرات دابەش بكرێت.
لە ناوەڕاستی حەفتاكاندا هەندێ ماددەكانی قانونەكە بە جۆرێك كە خزمەتی بەرژەوەندی ژن بكات، سەرلەنوێ هەمواركرانەوە و فشاركردنە سەر ئافرەت و ناچاركردنی بۆ شووكردن قەدغەكرا و تاوانباریش دووچاری سزا دەبۆوە.
لە بواری میراتدا (فقە)ی مەزهەبی لا برا و كچ لە گەڵ كوڕدا لە رێگاگرتنی (حجب) ئەو كەسانەی كوڕ رێگای لێدەگرێت، یەكسان بوون. هەروەها یاساكە هەندێ بریاری پۆزەتیف بۆ بەرژەوەندی ژن و یەكسانیان لە بواری جیابووونەوەی دادگایی و ساوابەخێوكردن، وەرگرت.
بەڵام قانونەكە لەگەڵ زیادبوونی شاڵاوی دیكتاتورییانەی رژێم و شەڕە یەك لەدوایەكەكانی، كۆمەڵێك هەمواربوونی نەگەتیفانە بۆ بەرژەوەندی ژنان بە خۆوە بینی.
پاش روخاندنی رژێمی دیكتاتۆری حوكمران لە 2003دا، ئەنجومەنی حوكم لە عێراقدا لە ماوەی سەرۆكایەتی عبد العزیز الحكیم دا بڕیاری 137ی وەرگرت. بەپێی ئەو بڕیارە قانونی باری كەسێتی لە عێراقدا هەڵوەشایەوە و بریارەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كە دەبێت بە پێی بنەمای (فقە) مەزهەبی و تایفەگەری مەسەلەكانی باری كەسێتی بریاری لەسەر بدرێت. ناڕەزاییەكی فروان لە عێراقدا دژ بەم بڕیارە بەتایبەتی لەلایەن رێكخراوەكانی ژنانەوە بەرپایوو.
حكومەتی هەرێمی كوردستان ملكەچی ئەو بریارە نەبووە و پەرلەمانی كوردستانیش وابەستی خۆی بە جێیەجێكردنی یاسای باری كەسێتی ژمارە 188ی ساڵی 1959 بەستەوە، تەنانەت ئەگەر لە بەشەكانی دیكەی عێراقدا جێبەجێ نەكرێت. لە ئاكامی نارەزايی و فشاری جەماوەری بریاری 137 وەلانرا و هەڵوەشایەوە
.