لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان

 گولیزار مستەفا مەزهەر رواندزی

 ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

 گولیزار خان یەکێکە لە ژنە تێکۆشەرەکانی بنەماڵەی ناوداری مستەفا مەزهەر لە شاری ڕواندزێ. ئەو بنەماڵەیە چەندین تێکۆشەری نیشتمانپەروەر و ڕوناکبیری پێشکەوتنخواز و خاوەن بڕوانامە و هونەرمەند و ئەندام پەرلەمانی بەرهەمهێناوە.

 گولیزار خان لە ساڵی 1938 لە شاری پاشای گەورە (ڕواندز) لەدایکبووە.

 هەردوو قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە ڕواندزێ تەواوکردووە.

 لە ساڵی خوێندنی (1958-1959) دوای تەواوکردنی خانەی مامۆستایان لە بەغدا، بۆ یەکەمجار بە مامۆستا لە قوتابخانەی ڕواندزی کچان دامەزراوە.

 جگە لەوەی مامۆستای سەرەتایی بووە، بەزۆریش وانەی ئینگلیزی دەوتەوە، ئێوارانیش لەگەڵ مامۆستای تێکۆشەر شوکریە محەمەد ئەمین پۆلی نەهێشتنی نەخوێندەواريیان بۆ ژنانی ڕواندز کردۆتەوە و وانەیان تیا دەوتەوە.

 لە ساڵی1960 ژیانی خێزانی لەگەڵ پارێزەر جەلال ڕەشید پێکهێناوە و چوونەتە شاری بەغدا و لەوێ نیشتەجێبووینە. مامۆستا گولیزار لە قوتابخانەی (الذهب الاسود) لە گەڕەکی (حی جمیلە) دەستبەکار بووە.

 وەکو هەموو ئازادیخوازانی شاری بەغدا بەهۆی کودەتای 8ی شوباتی 1963 خۆی و هاوسەرەکەی ڕووبەڕووی ڕاونان و گیران و دەستبەسەری بوونەتەوە.

 لە حەفتاکان و تاکو ناوەڕاستی هەشتاکان مامۆستا گولیزار لە شاری بەغدا وەکو مامۆستا دەوامی کردووە.

 لە ساڵی (1984-1985) گەڕاونەتەوە بۆ شاری هەولێر و مامۆستا گولیزار بەردەوامبوو لە وانەوتنەوە، بەر لە ڕاپەڕینی 1991 لە پیشەی مامۆستایی خۆی خانەنشینکردووە.

 ٭ ژیانی سیاسی مامۆستا گولیزار:

 هەروەکو لە سەرەتاوە ڕوونمانکردەوە مامۆستا گولیزار سەر بە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و ڕووناکبیری شاری ڕواندزە. هەر لە تەمەنی لاوی و ئەوکاتەی قوتابی ناوەندی و خانەی مامۆستایان بوو ئاشنایەتی لەگەڵ بیروباوەڕی نیشتمانپەروەری و کۆمەنیستی هەبووە. دڵسۆزی پەیامی ئاشتیخوازان و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و مافە ڕەواکانی ئافرەتان بوو. لە ساڵی1957 لەگەڵ کۆمەڵێک لە خەڵکی تێکۆشەری شاری ڕواندز لە خۆپیشاندان دژ بە ڕژێمی پاشایەتی و سیستەمی کۆنەپەرستی بەشدار بووە.

 لە دوای شۆڕشی چواردەی تەممووزی 1958 یەکێک بووە لە بەرپرسانی کۆمەڵەی داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان و ئەندامێکی چالاک و دڵسۆزی حزبی شیوعی عیراقیش بووە.

 لە ساڵی 1963 لە ئەنجامی کودەتای هەشتی شوباتی بەعسییەکان خۆی و هاوسەرەکەی ڕووبەڕووی بارودۆخێکی ناهەموار بوونەتەوە، بۆ ماوەیەکی زۆر لە ژێر چاودێری سیخوڕەکانی ڕژێم ماونەتەوە، بۆ ماوەی شەش ساڵ دیتنی خزم و کەسوکار و کوردستانی نیشتمانیان لێ قەدەغەکردوون.

 لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991 مامۆستا گولیزار لە شاری هەولێر یەکێک بوو لە تێکۆشەرانی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان و لە یەکەمین کۆنگرەی یەکێتی دیموکراتی مامۆستایانی کوردستان کە لە 14-7-1992 لە شاری سلێمانی گرێدرا بەشداربوو و بە ئەندامی لێژنەی باڵای ڕێکخراوەکەش هەڵبژێردرا.

 هەروەها مامۆستا گولیزار ئەندامی لیستی پیشەیی مامۆستایان بوو لە هەڵبژاردنی گشتی مامۆستایانی کوردستان کە لە نیسانی 1992 بەڕێوەچوو.

  گولیزار خان وەکو چالاکوانێک، لە نەوەتەکان لەگەڵ کۆمەڵەی هیوای عیراقی و ڕێکخراوی مافی مرۆڤ کاری دەکرد و چالاکی دەنواند.

 لە سەرەتاکانی ساڵی2003 لەگەڵ کۆمەڵێک ژنە چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و مافی ژنان سەردانی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکایان کرد و چاویان بە سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکان کەوتووە، هەر لەوێ ڕێکخراوی هاوپەیمانی ژنانیان بۆ عێراقێکی دیموکراسی دامەزراندووە و مامۆستا گولیزار لە ماوەی ساڵانی2013 تاکو 2017 هەرخۆی سەرۆکایەتی ئەم ڕێکخراوەی گرتۆتە ئەستۆ، بارەگاکەشی لە شاری سلێمانی بوو.

 مامۆستا گولیزار بەهۆی هەڵکشانی تەمەن و باری تەندروستی و دوای کۆچی دوایی حاکم جەلالی هاوسەری (لە ساڵی 2006 حاکم جەلال کۆچی دوایی کرد ــ یادی بەخێر)، ئێستا گولیزار خان لە سلێمانی لەگەڵ د. کامەرانی کوڕی کە پزیشکی پسپۆڕی مێشک و دەمارە، ژیان بەسەر دەبات.

 لە کۆتاییدا هیوای تەندروستی باش و تەمەندرێژی بۆ مامۆستا گولیزاری تێکۆشەر دەخوازین.

 تێبینی: حەزماندەکرد لە سلێمانی سەردانی مامۆستا گولیزار بکەین، بەڵام بەداخەوە پێمڕاگەیەندرا کە بەهۆی باری تەندروستی سەردانییەکەمان دوابخەین.

 سەرچاوە:

1- ئەقیلە ڕواندزی، یاد و ئافەرین، چاپی دووەم 2022، ل453

 ئەقیلە خان نووسیویەتی کەوا لە 23-9-1999 دیداری لەگەڵ خاتوو گولیزار سازکردووە و زانیاری لێوەرگرتووە. بۆیە من لە مێژووەکان زیاتر پشتم بەم سەرچاوەیە بەستووە.

2- نامەیەکی بەڕێز هاژە شێخ سلێمان ڕواندزی کە تیایدا پوختەیەکی ژیاننامەی مامۆستا گولیزاری پووری و چوار وێنەی بۆ ناردووم سێ لە وێنەکانیش ئی سەردەمی گەنجین. سوپاسی دەکەم.

 لە وێنە جەماعیەکەدا، یەکەم مامۆستا لە دەستەڕاست مامۆستا گولیزارە، لە یەکەم ساڵی دامەزراندنی لە قوتابخانەی کچانی ڕواندز وەرگیراوە.

وتاری نووسەران