
ئامادەکردنی: مەغدید حاجی
وتەی بەرایی:
٭پ.د مارف خەزنەدار (یادی بەخێر) بە گەڕەکی ڕۆناکی دەوت: (مەڵبەندی ڕۆناکی)، بەڕاست مەڵبەندی ڕۆناکییە، بەتایبەتی لە حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا زۆر مامۆستای تێکۆشەری ڕۆناکبیر و ئەدیب و نووسەری ناودار لەم مەڵبەندە نیشتەجێبوون. تاکو ئێستاکەش مەڵبەندی ڕۆناکی تیشکبەخشە بە بوونی ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایانی ڕۆشنبیری نیشتمانپەروەر لەم گەڕەکە جوانەی هەولێردا، کە یەکێک لەو مامۆستایانە مامۆستا (سەڵاح سوار)ە، کە دەبوو زووتر وەکو مامۆستایەکی تێکۆشەر ژیاننامەکەیمان بڵاوکردبایەوە. مامۆستا سەڵاح لە سەرەتاکانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا مامۆستام بووە لە قوتابخانەی مەولەوی سەرەتایی لە گەڕەکی تەیراوە.
٭کورتەیەک لە ژیانی مامۆستا سەڵاح:
ناوی تەواوی: سەڵاح سوار جەرجیس خدر
لە ساڵی 1939 لە قەڵای هەولێر لەدایکبووە.
ناوی دایکی: بەهیە خەلیل عەلی
لە ساڵی خوێندنی 1945-1946 لە قوتابخانەی ئەربیل ئولا چۆتە بەرخوێندن. ئەوکات مامۆستا عوسمان قۆجە بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بووە.
لە ساڵی 1951-1952 قۆناغی سەرەتایی تەواوکردووە.
لەساڵی 1952-1953 لە دواناوەندی هەولێر وەرگیراوە و لە ساڵی 1954-1955 تەواویکردووە.
لە دوای تەواوکردنی خوێندنی قۆناغی ناوەندی لە خانەی مامۆستایان وەرگیراوە و لە ساڵی خوێندنی 1957-1958 تەواویکردووە.
بۆ یەکەمجار وەکو مامۆستای سەرەتایی، لە دوای شۆڕشی چواردەی تەمموز لە شەقڵاوە دامەزراوە. دوو ساڵ لە شەقڵاوە ماوەتەوە لە ساڵی 1961-1962 بۆ قوتابخانەی مەولەوی لە شاری هەولێر گوازراوەتەوە.
لە دوای کودەتای 8 ی شوباتی 1963 مامۆستا سەڵاح دەستگیرکراوە. لە شوباتی 1964 ئازادکراوە و گەڕاوەتەوە بۆ سەر پیشەی پیرۆزی مامۆستایی و لە قوتابخانەی پیرزینی سەرەتایی نزیک شاری هەولێر دەستبەکاربووە، شەش مانگ لەم قوتابخانەیە وانەی بە منداڵە چاوگەشەکان وتۆتەوە، دوایی لە ساڵی 1965 گوازراوەتەوە بۆ قوتابخانەی پێشووی (مەولەوی سەرەتایی)، تاکو 1975 لەم قوتابخانە گەورە و ئاوەدانەی گەڕەکی تەیراوە بەسەدان و هەزاران قوتابی پەروەردەکردووە.
لە ساڵی 1975 لەسەر داوای خۆی گوازراوەتەوە بۆ قوتابخانەی کاوەی سەرەتایی نزیک گەڕەکی ڕۆناکی و تاکو ساڵی 1987 لەم قوتابخانەیە وانەی بە قوتابییە خۆشەویستەکانی وتۆتەوە و جوانترین هاوڕێیەتیشی لەگەڵ مامۆستایان هەبووە.
لە ساڵی 1987 بەهۆی فشارکانی ڕژێمی بەعس بۆ سەر مامۆستایان خۆی خانەنشینکردووە.
لە دوای بەرپابوونی ڕاپەڕینی بەهاری 1991 و ئازادبوونی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی1993 گەڕاوەتەوە بۆ سەر پیشەی مامۆستایی و لە قوتابخانەی ئیبن خەلەکان دەستبەکار بۆتەوە تاکو خانەنشینبوونی بۆ دواجار لە ساڵی 2005.
٭ کورتەیەک لە خەباتی سیاسی و پیشەیی:
سەڵاح سواری نیشتمانپەروەری هەولێری ڕەسەن، هەر لە ساڵی 1958 کە قوتابی پۆلی سێیەمی خانەی مامۆستایان بوو پەیوەندی بە ڕیزەکانی یەکێتی گشتی قوتابییان و حزبی شیوعی عێراق کردووە.
لە ئەنجامی کودەتا ڕەشەکەی قەومی عەرەبی شۆڤینی و بەعسییە فاشستەکان لە شوباتی 1963 مامۆستا سەڵاحیش وەکو سەدان تێکۆشەری دیموکراتیخواز و شیوعی دەستگیرکراوە بۆ ماوەی ساڵێک لە زیندانەکانی ڕژێم زۆر ئازار و ئەشکەنجەدراوە، بەڵام کۆڵی نەداوە و لەسەر بیرو باوەڕی خۆی ماوە.
مامۆستا سەڵاح وەکو ئەندامێکی لیستی پیشەیی مامۆستایان لە هەڵبژاردنەکانی مامۆستایان بەشدار بووە. لە سەرەتای حەفتاکانیشەوە تاکو ناوەڕاستی هەشتاکان سکرتێری کۆمەڵەی هەرەوەزی دابەشکردنی زەوی بەسەر مامۆستایان بووە، بەشێکی زۆر لە مامۆستایانی هەولێر لە ڕێگای ئەم کۆمەڵەیە زەوی نیشتەجێبوونیان وەرگرتووە و بوونەتە خاوەنی خانووی خۆیان.
مامۆستا سەڵاح وەکو وەرزشوانێکیش لە حەفتاکان ئەندام و سەرۆکی یانەی وەرزشی هێرش بووە. لەم بوارەشدا خزمەتی کردووە.
لە مامۆستا سەڵاحم پرسی تا کەی پەیوەندیت لەگەڵ حزبی شیوعی بەردەوام بووە؟ لە وەڵامدا وتی : تاکو ئێستا.
٭ باری کۆمەڵایەتی:
مامۆستا سەڵاح سوار لە ساڵی 1967 ژیانی خێزانی لەگەڵ ئامۆزای خۆی مامۆستا سوبحیە مەجید جەرجیس پێکهێناوە. پێنج کوڕیان بووە (تەمەن درێژ بن):
1- دیار،1968، مامۆستایە.
2- شەماڵ، 1969، پەیمانگای تەکنیکی تەواوکردووە، لە دەرەوە دەژیت.
3- عامر، 1972، کۆلێژی پەروەردە بەشی دەروونناسی تەواوکردووە، مامۆستایە.
4- هۆگر، 1981، پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکانە. لەگەڵ باوکی دەژیت .
5- کارزان، کاسبی دەکات.
زۆر بەداخەوە مامۆستا سوبحیە کە مامۆستایەکی سەرکەوتوو و پشت و پەنا و هاوکاری مامۆستا سەڵاح بوو دایکی میهرەبانی منداڵەکانی بوو لە ساڵی 2011 کۆچی دوایی کرد و مامۆستا سەڵاحی بەتەنیا جێهێشت. هەزاران دروود بۆ گیانی پاکی، یادی بەخێر.
هیوای تەمەندرێژیش بە تەندروستی باش بۆ مامۆستا سەڵاح سوار دەخوازین.