لە نێوان جەنجاڵی و تەنیاییدا

نەعمان عومەر

 

 ڕۆژگاری ئەمڕۆ بەهەموو مانایەک قۆناغی جەنجاڵی و فەزای قەرەباڵغی و سیستەمە بەمانا هابرماسەکەی، سەرزەمینی دیسپلینکردن و لەقاڵبدانی مرۆڤە دۆخێکە کەمترین دەرفەتی دیالۆگ و ژیانگەی تیا ماوەتەوە، فەزای مەجاز و تێڕامان و گومان و ڕەخنەکردنی شۆڕشی ئەلیکترۆنی و ئامێری زیرەک و لێکەوتەکانی واقعی مەسرەفگەراییی مەحاڵ کردووە، وەک ئەوەی ئەم پەرەسەندنانە قەدەرێکی بێچارە و پێشکەوتنێکی بێخەوش بێت . ئێستا لێبراڵ و چەپ سۆسیالدیموکرات هەموو شاگەشكەی داهێنانی شۆڕشی ڕەقەمی و مۆبایلی زیرەک و ڕۆبۆت و لێکەوتەکانین، کە بریتییە لە نزیککردنەوەی مەوداکانی زەمەن و فەزای شوێن و گواستنەوەی شارستانی و کلتووری میللەتان بۆ یەکتری . ئەم دۆخی بەوەکالەت و ئەلکترۆنیکردنی پەیوەندییەکان، گوێ بە جیاوازی شارستانی و کلتووری گەلان و ئاستی گەشەکردنیان نادات، هەروەها بێ هیچ پێشەکی و ئیزن و بەربەستێک، خۆی دەکاتە میوانیکی ناوەختە لەهەموو ماڵێکدا . ئەم دۆخەش نەک هەر بواری دیالۆگی مرۆڤانەی نێوان گەلانی دنیای بۆ پێشکەوتنی هاوسەنگ  نەهێشتۆتەوە، بەڵکوو ڕیتمێک لە پەیوەندی ژیانکردنی سەپاندووە، کە بریتییە لەژیانکردنی وەهمی لەشەقامێکدا، کە سیمای سەرەکی  جەنجاڵی و مەشغەڵەت و نەبوونی دەرفەتی پێکەوەبوون و گفتوگۆی ئازادە. ئەوەی هابرماس ناوی نا ژیانگە، بەپێچەوانەوە سیستەمی دیسپلین و کارکردن و زیادبوونی مەسرەف و ئاڵوگۆڕی  بێسنووری دیزاینی ماڵ و گۆڕانی ئۆتۆمبێل و تادوایی بێئەندازە زیادکردووە، شوناسی ئەم ژیانە مۆدرینەیەش ناونراوە قۆناغی مەسرەفگەرا.. هەموو ئەمانە لەسسەردەمی بەشارستانیبوونی ژیان و ئاڵوگۆڕی پەیوەندی کلاسیکی‌ و کۆمەڵایەتییە سروشتییەکانە بە پەیوەندی مۆدرێن و تاکگەرا، کە لەگەڵ شاردا سەریهەڵداوە .

وەک دیارە ئاڵوگۆڕەکانی ئەم سەردەمە لەسەر دوو ئاستی بەڕواڵەت ناکۆک دەڕوات، لەلایەک شار دروستدەبێت و جەنجاڵی و  بەناویەکداچوونی ئینسانی زۆر و بێئەندازە قەرەباڵغ، لەلایەکی تریش سەرهەڵدانی کلتووری تاکگەرایی، لەبەرانبەر ڕیتمی ژیانی کۆمەڵایەتی بەرپرسیار دێنێتەگۆڕێ .  من لێرەدا ناچمە سەر باسی ئەوەی کە ناکۆکی نێوان تاک و کۆمەڵ لە فەلسەفەی لیبرالیزمدا کە کراوەتە پێدراوێکی پیرۆز و پێشمەرج بۆ دیموکراسی و ئازادی، کە لەڕاستیدا هەڵگری گیروگازی زۆرە لەهەناوی خۆیدا، کە دەکرێت لەچەندین لاوە ڕەخنەبکرێت، چونکە ئەم بابەتە دەچێتە دەرەوەی ئامانجی ئەم نووسینەی ئێمەوە. ئەوەی من مەبەستمە بەدیاریکراوی قسەی لەبارەوە بکەم،

ئەو دابڕان و دڕدۆنگی نامۆییە، کە لە دۆخی ئێستای قۆناغی ئیمپریالیزمی ئابووری سەرمایەداریدا سەریهەڵداوە و بۆتە هۆی نامۆیی و هەستی تەنیاکەوتن و بێپاڵپشتییەی، کە مرۆڤی ئەم سەردەمەی تیادا دەرگیرە، چونکە ئەگەر تەکنەلۆجیا لەلایەک بووبێتە هۆی بەیەکگەیاندنی  مرۆڤایەتی و ئاشاناکردنی کۆمەڵگەکان بەیەکتری، لە ڕوویەکی تردا پەیوەندی مرۆڤەکانی لەڕووکارە ئینسانییەكەی داماڵیوە و تەنها وەک پرۆژەی پەیوەندی بازاڕ و قەزانج و بەکاربردن و مەسرەفکردن دیزاینی کردووە، کە ئەمەش بۆخۆی دۆخی ئینسانی وهەماهەنگی و کۆمەکی ڕۆحی لەنێوان مرۆڤەکان پچڕاندووە، دەرئەنجامیش هەستی تەنیاکەوتن و دوورەپەرێزی و نەفرەتکردن لەژیان و لەمرۆڤی کردۆتە مۆدیل، چونکە مرۆڤ لە فەلسەفەی نیولیبرلیزمدا وەک قازانج سەیردەکرێت، دادەماڵدرێت لە بوونی مرۆیی بەمانا قووڵەکەی.

لیبرالیزم لەبنەڕەتدا فەلسەفەی داماڵینی بەهایە لەپێناو چێژ و ویست و قەزانجدا، ئەم بابەتەش تا ئەو شوێنە دەڕوات سنووری جیاوازییە سروشتییەکان ببەزێنێ و جەستەش وەک پرۆژەی چێژ و لەزەت وەسفبکات، بۆیە سەیرنییە تەرویج بۆ ئیباحیەتی جنسی و هاوڕەگەزبازی بکات و هەوڵبدات بخرێتە ناو پرۆگرامی خوێندن و دەیان ڕێکخراو بۆ بڵاوکردنەوە و تەرویجدان، بۆیە کەسانێکی لیبرالیست تاریفی نیولیبرالیزم دەکەن بە نەمانی شتێک بەواتایی گۆمەڵگە و جەختدەکەنەوە لەتاک و بەرژەوەندی و خەونەکانی و داوای دەستهەڵگرتنی دەوڵەتیش دەکەن لە         چالاکییە ئابووری و خزمەتگوزارییەکان، ئەم دۆخەش مرۆڤی سەرگەردان و تەنیا و بێپاڵشت و خەمخۆر کردووە، گیانی پێکەوەبوون و هارمۆنیەت و کارلێکردن و خەونی هاوبەشی لەناوبردووە.

لێرەدا وێڕای هەموو ئەو پێشکەوتنانەی لەبواری ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و تەکنەلۆجیا و ئامێری زیرەك و هەواڵگری و پەیوەندیدا هاتوونەتە ئاراوە، کە وایکردووە شیوازێک پەیوەندی تۆڕێک لە پێکەوەگرێدانی ئامێری بێنێتە ئاراوە، کەچی تادێت مرۆڤ لەخەونی ئینسانی هاوبەش و بەرپرسیاری ئەخلاقی و پەیوەندی قووڵی ڕۆحی داداماڵێنێ و دەیکات بە لاشەی بێگیان و ئامێری کار و بوونەوەری بێخەون و بێئومید. ژێانی کردۆتە مەرگەساتی نامۆیی و سەرزەمینی بەتاڵکردنی ڕۆحی و قەلەقی وجوودی . بۆیە ئەوەی لێرەدا پێویستە وەک پرۆژەیەکی گشتی و ئینسانی سەرڕێبخرێت،‌ گۆڕانکاری ئەم دۆخی ژیانکردن و ڕیتمی دڵەڕاوکێ وجودی و ئەو نامۆییەیە بەئاڕاستەی ئەرێنی و داهێنەرانە و دانانی نەخشەی دروستکردنەوەی هەستانەوە و موبارەزەی تەنیایی و لێکەوتەکانێتی بۆ پەیوەندی ئینسانی گشتی و بەرپرس و کێشانی هێڵی ئاڕاستەی تێکۆشان بۆ دروستکردنی بەهای گشتی و خەمخۆری و گەڕانەوەی شکۆ بۆ مرۆڤ. واتە پێچەوانەکردنەوەی لێکەوتەکانی نیولیبراڵیزم بەئاڕاستەی جیهانبینی بەرگری و ڕەخنەکردنی لێکەوتەکانی و ڕەتکردنەوەی قەدەرەکانی. هەنگاوێکی ئاواش پێویستی بە گواستنەوە هەیە لەدۆخی دوورەپەرێزی و هەستی نەرێنی و بێئومێدی بۆ قۆناغی ئەرێنی و تەوزیفکردنی قەلەقی وجودی وەک سورێن کیگارد دەڵێت بۆ ویستگەیەکی ئاڵۆگۆڕی ئەرێنی و خۆبنیادنەرانە و داهینانی کۆمەڵایەتی و ژیانەوەی گیانی بەرگری و پەیوەندی هارمۆنی کارلێکردنی پۆزتیڤ . هەموو ئەمانەش بەئامانجی بووژانەوەی ژینگەی دیالۆگ و بەرهەمدار و کارکردن بۆ کۆکردنەوەی چینە پەراوێزخراوەکان لە دەوری پرۆژەیەکی ئینسانی گشتی و پابەند بە بەها باڵا مرۆییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی سیاساتی نیولیبرالیزم و لێکەوتەکانی لەسەر تاک و کۆمەڵ، هەڵوەشانەوەی خورافەی ناکۆکی داتاشراوی نێوان بەرژەوەندی تاک و کۆمەڵ .

وتاری نووسەران