
حسن محمود محمد
(1)
پێناسەی پوخت بۆ کۆنگرە، کۆبوونەوەیەکی شێوە فراوانی پارت و ڕێکخراوی سیاسییە، دەبەسترێت بۆ ئەندامانی هەڵبژێردراو و سەرکردایەتی بەڕێوەبردنی پارتە سیاسیيەکە. لەبیرمان نەچێت بەپەروەردەترین کۆنگرە ئەو کۆنگرانەن، کە کەمتر لە پێنج ساڵ جارێک دەبەسترێن. ئامانجە گرنگەکە بۆ کۆنگرە، دیاریکردنی (ستراتیژە، گۆڕینی پرۆگرام و بەرنامەیە، هەڵبژاردنی سەرکردایەتی نوێیە، چارەسەری کێشەکانە) و هتد. بێگومان گرنگترین پێویستیيەکانی کۆنگرەی سەرکەوتوو بەپوختی لە (زۆری بەشداری گشتی، ڕاستگۆیی، کارامەیی لە هەڵبژاردنی نوێنەرایەتی، گفتوگۆکردن لەسەر یەکسانی و دادپەروەری، مافەکان بەگشتی لەڕووی هاووڵاتیيەوە، گرنگیدان بەیەکسانی ئابووری، پشتیوانی لەهەژاران و دژی جیاکاری، باوەڕبوون و کارکردن بۆ دیموکراسی ڕاستەقینە، بەکارکردنی فەرهەنگی پەروەردەیی سوودبەخش، بۆ نموونە پەروەردەی سەردەمی، گرنگیدان و بەکارهێنانی تەنکۆلۆژیای پەیوەندی لەناو گشت پلاتفۆڕمە ئەنتەرنێتيیەکاندا بەشێوازی دروست و زانستیيانە، بەپێکەوەژیانی ناوخۆیی بەگفتوگۆی ڕاستەقینە و دروست لەنێوان ئەندامانی خۆتدا، پاشان لەگەڵ جەماوەردا، دیاریکردنی سیاسەتێکی نوێ چ بۆ ناوخۆبێت یان دەرەوە.
چەند پرسیارێک بۆکۆنگرە:
1- ئەم قسەیە هیچ گومانێک هەڵناگرێت ئەگەر سیاسەتکردن بەفکر و ڕەوشتەوە بکرێت، بێگومان بەسوود دەبێت یان نا؟
٢- وشیاری یاسایی بۆ سیاسەت بەهای خۆی هەیە، بۆ ئەوەی بەهەڵە سیاسەت نەکەین و بەهەڵەش چارەسەری نەکەین، چونکە گەر هەڵەمان کرد و بەردەوامیش هەر هەڵەبکەین، نابێتە جێگای پرسیار؟
٣- سیاسەتی تەندروست بەداینەمۆی هوشیاری بۆ حزبەکە و کۆمەڵگە دادەنرێت، هەربەڕاست ئێمە سیاسەتمان ئێستا وایە؟
٤- گرنگە سیاسەت و حزبایەتی وەک ڕیفۆرمێکی نوێکاری سوودبەخش بۆ حزبەکەت و کۆمەڵگە سەیربکەیت و بیری ڕێکخستنی و تێڕوانین بۆ هەندێ مەسەلەی بەناو نەتەوایەتی نابێتە جێگای پرسیار بۆ ئێستای کۆمەڵگە و حزبەکەمان؟
5- با سیاسەت بۆ کۆمەڵگە بکەین نەک بۆ نوخبەیەکی کەم، چونکە لەئێستادا ئێمە حزبی کۆمەڵگەین یان نا....؟
٦- (ماکس وێبەر) دەڵێت سیاسەت ئەوەیە کێ بەچی ڕازی دەکەیت، بەپێی ئەمە بێت، دەبێت بپرسین پێش کۆمەڵگە لەناوخۆی خۆماندا تا ئاستی زۆرینەمان ڕازین لەم ئەدا و بەڕێوەبردنەی ئێستامان، ئایا توانیومانە ناوخۆی خۆمان ڕازی بکەین، پاشان بلێین خەڵک لێمان ڕازییە؟
٧- ئێمە سیاسەت بۆ دەسەڵات دەکەین، یان پێچەوانەیە، تا ڕادەیەک دەسەڵات سیاسەتمان پێ دەکات؟
٨- لەسیاسەتدا بەشداربوونی خەڵک زۆر گرنگە نەک تەنها لەڕووی ئەندامگیرییەوە، بۆ نموونە بەشداری لەهەڵبژاردنەکان و دەنگدان پێت، بەڕاست ئێمە لە ئاستی دەنگدانی خەڵکداین پێمان ڕازین؟
٩- کە سیاسەت شێوا، کۆمەڵگە دەشێوێ، کە کۆمەڵگە شێوا، ژیان دەشێوێ، بەڕاست ئێمەین ئەم هەموو شێواوەیيەمان دروستکردووە؟ خۆئەگەر ئێمەنیین، ئەی بۆ پێماندەڵێن بەشدارن و بێدەنگین؟
١٠- ئێمە تا ئاستێکی زۆر پێویستیمان بە گۆڕانکاری بنەڕەتییە بۆ ناوخۆ، لەگەڵیشیدا کۆکردنەوەی هێزی خەڵکە، گەر نيەتی دەسەڵات وەرگرتنمان هەیە، کە بەڕای من مافێکی ڕەوای حزبی سیاسیيە کاری بۆبکات، ئێمە لەکوێی ئەم مافەداین؟
١١- دیموکراسیيەت مومارەسەی خودی خۆتە لەگەڵ تێگەیشتن و تێڕوانینی خۆت، هەربۆیە با ئەندامانی بەشداربوو بیر و فکریان لای دیموکراسی بێت بۆ خۆت و پاشان بەشداربووان، کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو هەڵبژێرن دوور لەبیرکردنەوەی ناتەندروست، تۆ بڵێیت ئەم ئەرکە هێندە قورس بێت؟ + باشە ئەندامان و بەشداربووانی کۆنگرە لەخۆیان بڕوانن، کە لەنێو تاقیکردنەوەیەکی تازەدان و لەژێر کۆمەڵێ پرسیاردان، کە ئەندامان و کۆمەڵگە چاوەڕوانی وەڵامیان لێ دەکات و زۆر بەژیرانە و بوێرانە بەشداری گفتوگۆ بکەن، بۆ دانانی بەرنامەی واقعیانەی سەردەمیانە و پەیڕەوێکی گونجاو بۆ ئێستای کۆمەڵگەکەمان، چونکە دوای کۆنفراساتی دەستەکانی خوارەوە ئەرکە گرنگەکە ئەوەتان لێ داوادەکات، کە خۆنەویستانە و دڵسۆزانە لەکۆنگرەدابن، هەوڵی زۆرترین گۆڕانکاری ئەرێنی بدەن، هیچ بەهانە و پاساوێک لەم ئەرک و بەرپرسیارێتیيە مێژووییە دوودڵتان نەکات.