د. هاوار داودی

باوەڕ ناكەم كوردێك هەبێ بە ناوی نوگرەسەلمان ئاشنا نەبێ و لەگەڵ ناوهێنانیدا ڕانەچڵەكێ.

نوگرە سەلمان ناوێكە بۆ قەڵایەكی گەورەی سەر بەناحیەی سەلمان كە لەساڵی 1924 لەلایەن ئینگلیزەوە دروستكراوە و پاسەوانی سنووری تێدا جێگیركراوە، كە ڕووبەرەكەی 100م پان و 150م درێژە، بەڵام دواتر و بەدیاریكراوی لەساڵی 1948 وەكو زیندانییەك دیاریدەكرێت و بەهەزاران زیندانی شیوعی و كوردی فەیلی و ڕۆشنبیری عێراقی تێدا زینداندەكرێت، بەڵام زۆرترین ژمارەی زیندانی تێدا زیندانكرابێ ئەنفالكراوانی كورد بوون، كە لەساڵی 1988لەگوندەكانی خۆیانەوە ڕاپێچی خوارووی عێراق كران و بەشێكی زۆریشیان كە مەزەندەی 10هەزار كەسی لێدەكرێ بەچەند قۆناغێك ئەیانبەنە نێو ئەم قەڵایەوە و ماوەی حەوت مانگ لێی دەمێننەوە، كە نزیكەی 700كەسیان بەهۆی برسێتی تینوێتی و بەكاریگەری ئەشكەنجە و ئازاردانی نەفسی گیانیان سپاردووە و هەر لەدەوروبەری قەڵاكە كەمێك خۆڵ كراوە بەسەریاندا و دواتر دەبوونە خۆراكی سەگە ڕەشەكانی بیابان.

ئەوەی مەبەستمە ئاماژەی پێبكەم لەڕۆژی 21-4-2025 وەكو نەریتی ساڵانە چووینە نوگرەسەلمان و دیسانەوە هەرچی وێنەی تراژیدیاكانی ساڵی ئەنفالەكە هەیە هاتە پێش چاومان و ئەوەی زیاتر ئازاریداین ئەوە بوو هێشتا بەردەوام كەللە سەری ئەنفالكراوان لەدەوروبەری قەڵاكە دەردەكەون و هەر هەنگاوێك دەنێی دەبێ زۆر ئاگادار و وریابی، دەنا پێكانت دەكەونە سەر كەللەسەرێك یاخود پارچە ئێسكێكی مرۆڤێكی كورد. ئەوە بوو بەچاوی خۆم كەللەسەری منداڵێكم بینی كەوتبووە سەر ئەرز و چەندین وردە ئێسك و ددانی ترم بینی، كە بەڕاستی ئازاریداین. ئەمە جگە لە چەندین پارچەی پاشماوەی ئەنفالكراوان لە كڵاوی سەری پیرەپیاوان و پارچەی كەوا و سەڵتە و تەسبیحی پچڕاو و میركی بۆیەمەی ئافرەتانی كورد و چەندین پاشماوەی تر .*

ئەوەی جێگەی داخە هەردوو حكومەتی ناوەند و حكومەتی هەرێمیش بێباكن لە ئاستی ئەم بابەتە و لەخەمیدا نین، لەكاتێكدا دەبوو بەزووترین كات هەوڵی گواستنەوەی ڕوفاتەكان بدرایە بۆ زێدی خۆیان و پاشماوەكانیش لە مۆنۆمێنتێكدا بپارێزرابایە، چونكە هەر لە ڕووی شەریعەتی ئیسلامیشەوە دروستنییە ئێسك و پروسكی مرۆڤ نەشاردرێتەوە و شكاندنی ئێسكی مرۆڤ بەمردووییش وەكو ئەوە وایە كە بەزیندوویی شكاندبێتت.

هەربۆیە هەرچی زووترە دەبێ ئەو ئێسك و پرووسكانە پشكنینی dna بۆ بكرێ  و چی تر وا بەبێ نازی نەمێننەوە، هەروەها هەوڵی جددی بدرێت بۆ پاراستنی پاشماوەی ئەنفالكراوەكان و قەڵای سەلمانیش بكرێتە ڕەمزی مەزڵوومییەتی ئازادیخوازانی عێراق، بەتایبەت كوردە ئەنفالكراوەكان.

 

وتاری نووسەران