
هۆشیاری عەبدولعەزیز
ئەو گفتوگۆ و مشتومڕەی لە چەند رۆژی ڕابردوودا و لە ژێرناوی دیبەیتی ساڵ و لە کەناڵی ڕووداو بەڕێوەچوو، بەئاشکرا و بێ پەردە لەپەنای تەکفیرکردنی یەکدا و پشتگیری لە تورکیا و سعودیە و داکۆکیکردن لە دوو تەیار و مەزهەبی ئیسلامی، هەریەک لە دکتۆر موسەننا ئەمین و دکتۆر عەبدولـلەتیف سەلەفی هاوڕا و هاودەنگ بوون لە بەپێڵاوکردنی علمانی و علمانییەتدا و نەیانشاردەوە کە ئەوان چەندە دژی ئەو سیستەم و ڕێچکە سروشتییەی هاووڵاتیبوونن، بەڵام هەریەکە و بەجۆر و شێوازێک.
مەلا عەبدولـلەتیف وتی "عەلمانی تاکە پێڵاوێک ناهێنێت" موسەننا ئەمینیش لەگەڵ هەمان پڕۆژەی مەلا عەبدولـلەتیفە و خوازیارە پێکەوە ببنە برا و هاوکار، تا ئەو پڕۆڕەیە، کە عیلمانییەتە لای ئەو تاکێ قۆنەرەیە، ئەم پشتگیرییەش ئەوە پشتڕاستدەکاتەوە، موسەننا ئەمینیش بەو هەموو میانڕەوییەی خۆی و ڕەوتە ئیخوانییەکەیەوە هەمان بڕوا و قەناعەتی سەلەفییەکی هەیە بۆ علمانی و عیلمانییەت و دەوڵەتی هاووڵاتیبوون و سوکایەتییەکە بەدڵی ئەویشە و ڕەتیناکاتەوە و بەهەمان ئاوازەوە پشتگیری لە ئاشتی و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی دەکات و داکۆکیکردنیشیان لە دیموکراسییەت تەنها پرسی ڕۆژە و تاکتیک و میکانیزمێکی چەواشەکارانەیە لەپێناو دەسەڵات، واتا تا چوونە دەسەڵات دیموکراسییەتیان قبووڵە و زیاتر نا، لەکاتێکدا دیموکراسییەت خۆی بەشە تەواوکارییەکەی علمانییەتە و بنەما و پرنسیپە سەرەكییەكانی دیموكراسییەتیش ئەوكاتە دەچەسپێت، كە دەوڵەتێكی علمانیت هەبێت، دیموكراسییەت دەرهاویشتەیەكی گرنگە لە دەرهاویشتەكانی علمانییەت و بێ ئەو سێستەمی دیموکراسییەت هیچ واتایەک نابەخشێ، چونکە عیلمانییەت بێئایینی و دژایەتیکردنی پیرۆزییەکانی ئایین نییە، کوفر و بێبڕوایی و شیرک نییە و نابێتە ڕێگر لەبەردەم ئایین و ئەنجامدانی ڕێوڕەسمە ئایینیەکان، پێچەوانە سیستەمی عیلمانییەت پانتاییەکە بۆ ڕێزگرتن لەئازادی و پاراستنی مافی هاووڵاتیبوون بەبێ جیاوازی ئایین و ڕەگەز و زمان، دانانەوە و گەڕانەوەی مافی هاووڵاتییە بەبێ دەستێوەردانی ئەم و ئەو.
لە کۆمەڵگە علمانییەکاندا ئایین، زمان و ڕەگەز بابەتێکی تایبەتی تاکەکەسییە و نابێ کەس دەخالەتی بکات و چەمکێکە لەو چەمکانەی کە دەتوانرێ لەڕێگەیەوە مامەڵەیەکی ئەخڵاقی مرۆڤەکان بکرێت و لەسایەیدا پێکەوەژیانی مرۆیی بەرجەستەبێت و کەس لەسەر شوناسی ئایینی و کۆمەڵایەتی و ئەتنی ناخرێتە دۆزەخەوە و ناسڕێتەوە.
لەم سیستەمەدا، لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوە و ڕەنگ و ڕەگەز، لەسەر پێوەری مەزهەب و تائیفە و جیاوازی ئایدیۆلۆژی حیساب لەگەڵ هیچ کەسێک ناکرێت و کەس بۆی نییە خۆی لە هەمووان باڵاتر و ئایین و نەتەوە و شوناسە کلتوورییەکەی بەپیرۆزتر و بەرزتر بسەپێنێ و خۆی بەسەر ئەوانیتردا فەرزبکات و جزیە و سەرانەی جیاوازیان لێوەرگرێ، لە دەوڵەتی عیلمانیدا کەس ناچار بەپیرۆزتەماشاکردنی ئەویتر ناکرێت و فشاری دەروونی و کۆمەڵایەتی ناخرێتە سەر بۆ گۆڕینی ئایین و نەتەوە و زمان و کەڵچەرە کۆمەڵایەتییەکەی.
لە چوارچێوەی ئەم سێستەمەدا تەنها مرۆڤبوون پێوەرە و دەوڵەت دەوڵەتی هاووڵاتیبوونە و بانگەشە بۆ بەرز ڕاگرتنی بەها ئینسانییەکانی ئادەمیزاد دەکات لەسەر زەوی و رووبەرێکی فراوان دەداتە ئازادییەکان، بەتایبەت ئازادی رادەربڕین و هەڵبژاردنی دین و فکر و لە سایەی عیلمانییەتدا هیچ جیاوازییەکی دینی و رەگەزی و فکری و چینایەتی نابێتە ئیشکالیەتی دەوڵەت، تەنها ئەوکاتە نەبێ کە ئازادی کەسانی تر بخاتە مەترسییەوە.
پێموایە ئەو زمانە توند و بێباکەی هەریەک لەو دوو باڵە ئیسلامییەش کە خۆیان لە ئیخوان و سەلەفییەتدا دەبیننەوە بەکاریدێنن، بەرهەمی ئەو نیمچە ئازادییەیە کە ڕێگەیداوە ئەوان لێرە لەم کۆمەڵگەیەدا بێ هیج ڕێگریبەک لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانیان و پەیجەکانی سۆشیال میدیاوە زۆر بەخوێنساردی و بێباکی، زۆر بەئاسانی و بێ سڵکردنەوە، تەکفیری خەڵک دەکەن، حوکمی کوشتن و هەڵگەڕانەوە دەردەکەن، بە زمانێک کە لە هەموو شتێک بچێت، تەنها لە زمانی ئیماندار و زانای ڕاستەقینەی ئایین ناچێت. زمانێک پڕە لە سەپاندنی مۆرکی "بێ ئەخلاقی” بەسەر هەموو ئەوانەدا کە لە خۆیان ناچن و تێگەیشتنی جیاوازیان هەیە. بۆیە کاتێکیش کە "مامۆستاکان لە واها دیبەیتێکدا” بەو زمانە بدوێن و بێسڵکردنەوە هاوڕابن لەسەر ئەوەی کە عیلمانییەت و علمانی تاکە پێڵاوێک ناهێنێ، نابێ چاوەڕێی لەوە باشتر لە” سەلەفی و ئیخوانییەکی” عەوام بکرێ، کە کێرڤی دیندارییەکەی ڕێژەیەک زیاترە لە خەڵکی ئاسایی.
لەگەڵ ئەو سوکایەتیپێکردنەشدا هەڵگرانی بیری ئەم جۆرە ڕەوتانە توانای شەڕی مەعریفی و عەقڵانیەتیان نییە و ناتوانن لە حەقیقەتەکانی یاسا مەوزوعییەکانی ژیان تێپەڕن، کە پڕە لە ململانێی ئایندەسازی مرۆیی و شەڕی پڕۆژە گەورەکانی ئازادی تاک.
ئەم جۆرە ڕەوتانە لەململانێ و ڕووبەڕووبوونەوەی سێستەمی علمانییەت و پڕۆژەی ئازادییە گشتییەکان و مۆدێرنەدا دەستەوەستانن و ناتوانن ئەو حەقیقەتە تێپەڕێنن کە دیموکراسییەت خۆی لەخۆیدا دیوی دووەمی علمانییەتە و ناتوانرێ نکۆڵی لێبکرێ، ئەوانەشی کە سووکایەتی پێدەکەن و پێیانوایە عیلمانییەت سەرچاوەی فەسادە کە لێیانئەقەومێت کەسیان ناچن بۆ وڵاتە ئیسلامییەکان، هەڵدێن بۆ وڵاتانی خۆرئاوا و دەچنە بن سێبەری علمانییەتەوە، لەوێ ئەبن بە پەناهەندە و لەسایەی ژیانی ئەوپەڕی ئازادی و سەربەستی ئەوێدا دەستدەکەن بە بڵاوکردنەوەی بانگەوازی توندڕەوانەی خۆیان و بەرهەمهێنانی تیرۆر و بەخشینەوەی جنێو، کەچی لە ناو فەزای عیلمانییەتدا کەسێکی ئیماندار و کەسێکی بێئیمان هەر ئینسانە و هیچ جیاوازییەک ناکرێ، تەنانەت ئەوانەشی دژ بە عیلمانییەتن و جنێو بە کەسە ئازادەکان دەدەن، لای ئەوان ئینسانە و ماف و ئازادییەکانی پارێزراوە و تەنها یاسا سەروەرە، بەڵام پێچەوانە بەم فۆرمە لە دنیای ئەم ڕەوتە ئیسلامییانەدا هەموو قسەکردنێک لەسەر دین هێڵی سوورە ئەگەر کەسەکە موسڵمانێکی ئیمانداریش بێت.
گرووپ و ڕەوتە سەلەفییەکەی مەلا عەبدولـلەتیف و بۆچوونە ئیخوانییەکەی دکتۆر موسەننا ئەمین و هاوئاوازەکانیان، هەوڵدەدەن ھێز و فشارەکانی خۆیان بەڕادەیەکی ترسناک گەورەبکەن. لەم دۆخەدا کە کۆمەڵگە خۆی لە شپرزەییەکی ناهاوسەنگدا ڕاگرتووە، دەیانەوێ کۆمەڵگە وەک یەکەیەکی دەستەجەمعی و گشتی رۆڵی ستەمگەرێک ببینێت لە ئاست ئەوانی تری جیاواز لە فیکر و مەزهەبی ئەمان و مەودایەک بۆ ڕزگاربوون و ئازادبوونی تاکەکەسەکان ناھێڵنەوە و ”بەشێوەیەکی قووڵ“ و ھەمەلایەن دەستدەخەنە ناو ”وردەکاری و تەفاسیلاتەکانی“ ژیانی خودی تاکەوە و هەوڵدەدەن هەموو شتێک بکەنە بڤە و حەرام، وەک ئەوەی ئێستا لەناو کایەی سیاسی و کۆمەڵگەی کوردیدا دەیبینین.