لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان

مامۆستاو پێشمەرگە خەیری عەبدولحەمید قازی(1986ــ1940)

ئامادەکردنی : مەغدید حاجی

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

٭ لە بری پێشەکی ئەم یادەوەرییە تۆمار دەکەم:

ئەز لە ساڵی1976 لە قوتابخانەی گوندی عەسکەر سەر بە قەزای چەمچەماڵ وەکو مامۆستا بۆ پارێزگای هەولێر گواسترامەوە و لە قوتابخانەی گوندی قلانچۆغان، ئەوکات سەر بە ناحیەی عنکاوا بوو، دەستبەکار بووم . نەقلی حزبیشم لە محەلی کەرکوک گەیشتە محەلی هەولێر و بەرپرسی حزبیم مامۆستا خەیری قازی (ئەبو زەکی)بوو.

مامۆستا خەیری ئەوکات مامۆستا بوو لە ئامادەیی کشتوکاڵی ئاسکی کەلەک لە قەزای خەبات، بەرپرسی لێژنەی حزبی قوتابیانی شیوعی هەولێر بوو. ئەندامانی ئەم لێژنەیەش ئەم هاوڕێیانە بوون:( م. ناسح حەمەدەمین، م. مەحمود خدر، غەفار جەمال، م. ئومێد حەمەساڵح و مەغدید حاجی)یادی کۆچ کردوو شەهیدە قارەمانەکان بەخێرو تەمەنی مامۆستا ئومێدیش درێژ بێت.وابزانم هاوڕێ ئەبوبەکر شێخانیش(ملازم شوان) ئەندامی ئەم لێژنەیە بوو.

ئەم لێژنەیە بەرپرس بوو لە هەموو قوتابییە شیوعییەکانی شاری هەولێر کە بە سەدان هاوڕێ دەبوون و لە چەندین لێژنەی قاعیدی وشانە ڕێکخرابوون. لەوێ مامۆستا خەیری قازی(ئەبو زەکی) مان باش ناسی؛ کادیرێکی پێشکەوتووی دڵسۆز،ڕۆشنبیر و بەڕێزو هێمن بوو، وابزانم ئەندامی محەلی هەولێریش بوو. بەر لە دەرچوونی بۆ پێشمەرگایەتی لە کۆتایی ساڵی1978 ،کە ئیرهابی بەعس لە پەرەسەندن دابوو، ڕۆژێکیان لە هەولێر دیدارم هەبوو لەگەلی، دوا دیداریش بوو، بە سەیارە لادە کەی خۆی منی گەیاندەوە گوندی بنەسڵاوەی گەورە لەوێ مامۆستابووم، هەردوو منداڵە بچووکەکەشی سوها و ئەژی لەگەلدا بوو.

دوای ئەوەی ناونیشانێکی نهێنی پێدام پەیوەندی لەگەل بکەم، خواحافیزی کردو ئەمەش بووە دوا دیدارم لەگەل ئەم هاوڕێ و مامۆستا تێکۆشەرە ئازیزە.

٭ کورتەیەک لە ژیانی مامۆستا خەیری قازی(ابو زکي):

ــ ناوی تەواوی: خەیری عەبدولحەمید قازی، ناسراو بە (ئەبو زەکی).

ــ ساڵی 1940 لە شاری دهۆک لەدایک بووە.

ــ لە دوای تەواوکردنی قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی، لە ساڵی(1958-1957)لە کۆلێژی کشتوکاڵ لە زانکۆی بەغدا وەرگیراوەو لە ساڵی1963تەواوی کردووە.

ــ یەکەمجار لە ئامادەیی کشتوکاڵی دیوانیە لە خوارووی عیراق دامەزراوە. دوایی بۆ ئامادەیی کشتوکاڵی شەترە گواستراوەتەوە.

ــ لە ساڵی(1971-1970) بۆ ئامادەیی کشتوکاڵی عمارە گواستراوەتەوە. دوای عمارە بۆ ئامادەیی کشتوکاڵی زاخۆ گواستراوەتەوە.

ــ لە حەفتاکان بۆ ئامادەیی کشتوکاڵ لە ئاسکی کەلەک سەر بە پارێزگای هەولێر گواستراوەتەوە.

ــ لە سەرەتای ساڵی1978 کراوە بە ئەندامی ئەنجومەنی یاسادانان لەسەر لیستی حزبی شیوعی عیراق.

٭ کورتەیەک لە خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی:

ــ لە ساڵی خوێندنی(1955-1954) ئەو کاتەی قوتابی قۆناغی ئامادەیی بوو، چۆتە ڕیزەکانی یەکێتی گشتی قوتابیان لە کۆماری عیراقدا.

ــ لە ساڵی1954 لە خۆپیشاندانەکانی پشتگیری کردن لە کرێکارانی بەندەری بەسرە بەشدار بووە.

ــ لە ساڵی1956 لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە دەستدرێژی سێ قۆڵی بۆ سەر میسر بەشدار بووە.

ــ لە ساڵی1959 شەڕەفی ئەندامێتی لە ڕیزەکانی حزبی شیوعی عیراق وەرگرتووە.

ــ لە ساڵی1978 بۆتە ئەندامی محەلی حزبی شیوعی لە پارێزگای هەولێر.

ــ لە کۆتایی ساڵی1978یان لە سەرەتای1979 چۆتە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی حزبی شیوعی عیراق لە شاخ ،بەهۆی ئاستی ڕۆشنبیری و دڵسۆزی دواتر کراوەتە ڕاوێژکاری سیاسی فەوجی یەکی هێزی پێشمەرگەی حزبی شیوعی لە بادینان.

ــ لە ناوەڕاستی هەشتایەکان لە کاتی ژیان و خەباتی پێشمەرگایەتیدا تووشی نەخۆشی دڵ بووە، سەرەتا بەهۆی ژیانی پێشمەرگایەتی چارەسەری پێویستی بۆ نەکراوە، دوایی بۆ چارەسەر ناردراوەتە ئەودیو بەڵام بەداخەوە لە(زێوێ)سەرسنوور لە ساڵی1986 گیانی لە دەستداوەو کۆچی دوایی کردووەو چۆتە ڕیزی شەهیدای حزب و گەل..

ــ هەزاران دروود بۆ گیانی پاکی مامۆستا خەیری ئەلقازی و یادی بەخێر.

تێبینی:

سەرەڕای زانیارییەکانی خۆم، هەندێ زانیاریم دەربارەی هاوڕێ ئەبو زەکی لە لایەن هاوڕێیانی دهۆک بەدەست گەیشت، سوپاسیان دەکەم. بەڵام وێنەیەکی باشم دەستنەکەوت. ئەم وێنەیە دوای ئەوەی هاوڕێ عومەر کەمێک دەستکاری کرد، دامنا.هەر هاوڕێیەکی بەڕێز وێنەیەکی باشتری هاوڕێ ئەبو زەکی لا دەست دەکەوێت بۆمی بنێریت سوپاسی دەکەم.

 

وتاری نووسەران