
ئەلەند نەجات
لە کایەی میدیایی هەرێمی کوردستاندا، هیچ ڕێکار و پێوەرێکی زانستیانە ڕەچاوناکرێت لە دامەزراندن و دەرفەتی هەلیکار. ئەوەی لەم دیمەندا بەرچاومان دەکەوێت، زۆرینەی ڕەهای مایکەوانی میدیا کوردییەکان، ئەوانەن کە سەرەواوی ڕۆژنامەوانی و ئسوڵی پیشەیی نازانن و بەبێ هیچ پاشخانێکی زانستی و دانپێدانانێکی ئەکادیمی لەمیدیاکاندا وەک پەیامنێر دەستبەکاربوونە و بە مایکێکەوە دەچنە نێو خەڵکی. خۆ ڕەنگە ئەو کەسانە بڕوانامەیەک یان باجێکی ڕۆژنامەوانی لە باخەڵیاندا بێت، بەڵام بەبێ ئەوەی دووقسەی درووستی ڕێک و پێکی ڕۆژنامەوانی بزانن، یاخوود زانیاری و پسپۆڕیان هەبێت بەماکێکەوە، بەناو کەتینە!
بڕوانە کاری پیشەی ڕۆژنامەوانی بەکوێ گەیشتووە، مایکەوان بەبێ شارەزایی سەبارەت بەچۆنێتی ئەو دۆز و بابەتەی، هەڵیبژرادووە، یەکسەر لێدوانی خەڵکی ناپسپۆڕ و ناقاڵبوو و هاووڵاتی سادە لەسەر دۆز و بابەتگەلێک وەردەگرن، کە لەڕاستیدا ئەم کۆمەڵە کەسە هیچ زانیارییەک و مەعریفەیەکیان سەبارەت بەو بابەتە نییە، یاخود هیچ پەیوەندییەکیان بەو بابەتەوە نییە.
مەرجە میدیاکار بزانێت کە بە چ شێوازێک مامەڵە بکات، تا ببێتە ڕۆژنامەنووسێکی پڕۆفیشناڵ، هەروەها پێویستە بزانێت کە زانیاری و لێدوان لەکێ وەردەگرێت، ئایا ئەو کەسە تا چەند شیاوە و شارەزایی هەیە لەسەر ئەو بابەتەی کە گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن.
مایکەوانی کورد زۆر جار شوێن و کات و کەسی شیاو هەڵنابژێرن، تا لێدوان و زانیاری وەربگرن لەسەر ئەو بابەتەی کە پرسیاری لەبارەوە دەکەن، نموونەی لەم شێوەش چەندین جار ڕوویداوە. کە ئەگەر دۆخی مایکەوانی بازاڕی هەر وابێت؛ ئەوا ئەو نموونەنانەش هەر دووبارە دەبنەوە.
بۆ نموونە؛ کابرای مایکەوان لەسەر قەبران و پرسەدا، پرسیاری مووچە و کێشەی سیاسی لە کەسانی بەرپرس و دەسەڵاتدار دەکات، مردوو نەمرێت خەڵک لەپرسەدا قەبر و قیامەتی لە یان کێشەی سیاسی؟ یان کەس و خێزانی وا هەیە تووشی ڕووداوێکی دڵتەزێن بوون یان کەسێکیان کوژراوە، کاکە و دادەی مایکەوانیش دەچێت لەو کاتە هەستیارەدا بەمایکێکەوە خۆی دەکاتە بەردەم کابرای جەرگ سووتا و پرسیاری چۆنێتی ڕوودانی ڕووداوکە لێ دەپرسێت.
یاخود مایکەوان دەچێتە لای کەسێکی میوەفرۆش، پرسیاری لێ دەکات لەسەر کێشەی نێوان وڵاتانی زلهێز، شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران، یان ڕای دەپرسێت لە ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگی جیهانیی سێیەم، ئاخر لەکوێی دنیا بووە و ڕوویداوە تەماتە فرۆش تەحلیلی جەنگی تەکنەلۆژی بکات لەم فەنتەڵۆس خانەیە نەبێت. ئیدی پرسەکە بەمجۆرەیەی لێهاتووە، مایکەوان وەک ئەوەی هەنگوینی لە کلۆرەداردا دۆزیبێتەوە؛ لەبەر ڕاپەڕاندن و تەواوکردنی کارەکانی خۆی، گوێ نادات بەوەی ئایا ئەم کابرایە شیاوە بۆ قسەکردن لەسەر ئەم بابەتانە؟... ڕاستەوخۆ تۆماری دەکات و بڵاوی دەکاتەوە.
هەندێکجار ڕووداوی لەو جۆرە ڕوودەدات کەسەکە نایەوێت لێدوان لەسەر دۆزێک بدات و هەندێک زانیاری و قسە هەن نایەوێت بیاندرکێنێت، بەڵام کاکە و دادەی مایکەوان دەیەوێت بەزۆر قسە لە کابرا دەربهێنێت و قسەی بۆ بکات، وەک ئەوەی حەقێکی بەسەریەوە هەبێت، زۆربەی کات کەسەکان دەخاتە مەوقیفەوە؛ تا کارەکەی خۆی پێ تەواوبکات. نەبووە لە هیچ یاسایەکدا بەبێ ویستی مرۆڤ لیدوان و پرسیار لە هاووڵاتی بکرێت، لەلای مایکەوانی کوردی نەبێت.
چەندین جار بینیومانە کە لەپێناو ڕاکێشانی سەرنجی بینەر و زیادکردنی ڤیو، مایکەوانان دەچنە لای پیاوانی بەتەمەن و پرسیاریان لەسەر چەند بابەتێک لێدەکەن، کە سنووری ئەخلاقی و ئیتیکی دەبەزێنن. هەندێک جاریش بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەچنە نێو خەڵکی، بەبێ ئەوەی بزانن کە ئایا ئەو کەسەی تا چەند ئامادەیی تێدایە بۆ قسەکردن، لەڕووی دەروونیەوە ئاسوودەیە یان نا؛ یەکسەر دەست دەکەن بە پەخشی ڕاستەوخۆ و وەرگرتنی لێدوان... ئەمە ئەو کارەساتەیە، کە مایکەوان دەیخوڵقێنێ لەکایەی میدیاییدا، لەڕاستیدا ئەم شێوەیە تەنها لە میدیای دواکەوتوودا هەیە و خەڵکی هۆشیار هیچ گرنگییەک بەم بابەتانە نادات و هەمیشە ڕەخنە دەگرێت لەکاری لەم شێوەیە. لە وڵاتانی پێشکەوتوودا، بەهیچ شێوەیەک لێدوان لە هاووڵاتی ناپسپۆڕ و ناقاڵبوو وەرناگیرێ، تا نەزانن ئەو کەسە لەبارەی ئەو بابەتەی کە دەیانەوێت لێدوانی لەبارەوە وەربگرن تا چەند پسپۆڕی هەیە، ئایا توانای وەڵامدانەوەی پرسیارەکان و زانیاریی لەسەر ئەو بابەتە هەیە، کەئاڕاستەی دەکرێت. هەروەها تا چەند کەسەکە شارەزایی یان پەیوەندیی هەیە بەو بابەتەی کە گفتووگۆی لەسەر دەکەن.
لە کۆتاییدا دەمەوێت ئەوە بێژم؛ کە پەیامنێری سەرکەوتوو بەشێوەیەکی ڕاستگۆیانە و ئیتیکییانە و دوور لە فشار، بە کۆمەڵێک زانیاریی باشەوە؛ پرسیاری شایستە و شیاو ئاڕاستەی کەسی شیاو دەکات، بێگومان ئەمەیش پاش وەرگرتنی ڕەزامەندیی کەسەکە و ڕوونکردنەوەی پێویست لەبارەی بابەتەکەوە و دڵنیابوونەوە لەوەی کە قسەکردن لەسەر ئەو بابەتە، هیچ کێشەیەکی یاسایی و کۆمەڵایەتی بۆ کەسەکە دروست ناکات.