ن.د ئیدریس عەبدول

تورکیا لە قۆناعێکی هەستیار و ئاپدەیتسازدایە و پێویستی بەوەیە قۆناغی سەدەی ڕابردوو تێپەرێنێت و دەوڵەتەکەی لەگەڵ سیستەمی نوێی جیهانیدا هارمۆشن بکات.

لەجەنگی جیهانی یەکەمدا ئیمپراتۆریەتی گەورەی عوسمانی یەکێک لە دۆڕاوەکانی جەنگ بوو، بۆیە دەرئەنجامەکانی جەنگ ئەوەی ئەخواست کە باجی وێرانکاری و تاوانکاری و پاوانخوازی لەسەرانی ئەم ئیمپراتۆریەتە وەربگرێتەوە، هەربۆیە هاوپەیمانەکان وەکو براوەی جەنگ ویستەکانی خۆیان بەسەر تورکەکاندا سەپاند لە چوارچێوەی (پەیماننامەی سیڤەر - ١٩٢٠)، کە دیاترین بەرئەنجامەکان بریتیبوون لە دادگاییکردنی سەرانی عوسمانی وەکو تاوانباری جەنگ (بەتایبەت کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان) و بچووککردنەوەی سنووری جوگرافی دەوڵەتەکە و قەتیسکردنی لەو خاکەی کە تورکەکان خاوەندارێتییان ئەکرد و تورکنشینن. ئەمەش ئەستێرەی رزگاری کوردی گەشاندەوە و بوو بەموژدەی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی لەسەر ناوچە کوردنشینەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشوی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی.

ئەوەی جێگای سەرنجە و مەبەستمانە لێرەدا جەختی لەسەر بکەین، زیرەکی تورکەکان و خودی مستەفا ئەتاتورک بوو، کە توانی لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بەر بە کاریگەریییە نەرێنییەکانی جەنگەکە بگرێت لەسەر تورکەکان و لە رێگای گۆڕانکارییەکی سیاسییەوە توانی تورکەکان لە قۆناغی دۆڕاوی جەنگدا رزگار بکات و تورکیا بکات بەدەوڵەتێکی نەتەوەیی نزیک لە هاوپەیمانانی براوەی جەنگ و لە رێگای (پەیمانی  لۆزان - ١٩٢٣)دا، توانی کۆتایی بە بەشێک لە ناوەرۆکی ( پەیماننامەی سیڤەر- ١٩٢٠) بهێنێت، کە دەوڵەتی کوردی یەکێک بوو لەو خەونانەی بوو بە قوربانی ئەو گۆڕانکارییانە.

لە ئێستادا تورکیا لە قەیرانێکی راستەقینەدایە و گیرۆدەی خراپی دۆخی ئابوورییە و رۆژ لەدوای رۆژ نرخی لیرەی تورکی لەدابەزیندایە، جگە لە ململانێی توندی ناوخۆیی، کە هەندێکجار دۆخی ئەو وڵاتەی گەیاندۆتە ئاقاری جەنگێکی گەورە. لەلایەکی ترەوە جەنگی چل ساڵەی پارتی کرێکارانی کوردستان هەر چەندە لە ئاستی جەنگێکی ناهاوسەنگ و تەقلیدیدا بووە، بەڵام زیانی گەورەی ماددی و مەعنەوی بە تورکیا گەیاندووە و ئەم ململانێیەش لەپاش ٢٠١٢دا گۆڕەپانەکەی لە تورکیا فراوانتر کردووە و شەڕی تورکیا و پەکەکەی گەیاندۆتە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و شەنگال و هەرێمی کوردستان.

 تورکەکان بوونی (هسد) لە باکوور و رۆژهەڵات بەمەترسیەکی زۆر گەورە لەسەر خۆیان ئەزانن، بەتایبەتی بەهۆی ئەو پەیوەندییە پتەوەی کە لەنێوان (هسد) و هاوپەیمانان (بەتایبەتی ئەمریکا و فەرنسا) هەیە. هەرچەندە تورکیا زۆر هەوڵیدا لەرێگای هاوپەیمانەکانیان لەسوریا خۆی لەمەترسییەکانی (هسد) رزگار بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو و دواجار  پاش رێککەوتنی مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع ، ئومێدی تورکیا بۆ لەناوبردنی رۆژئاوا بوو بە خەونێکی لەبارچوو.

بانگەوازی ئۆجەلان لە ٢٧ شوباتی ٢٠٢٥ سەبارەت بە چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، زۆر بۆچوونی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا، کە هەموو بۆچوونەکانیش شایانی تێڕامان بوون، چونکە کەسانێک وا خوێندنەوەیان کرد، کە ئەمە شکستێکی گەورەیە بۆ کورد و بەتایبەت پەکەکە، چونکە ناکرێت حزبێک چل ساڵ خەباتی چەکداری خوێناوی کردبێت و لەو رێگایەشدا بەهەزاران کەس گیانی خۆیان بەخت کردبێت، ئەمڕۆ بەبێ ئەنجانم  کۆتایی بەخەبات بهێنن. لەبەرامبەریشدا بۆچوونێکی تر ئەوەی بە رێگا دروستەکە ئەزانی و پشتیوانی لێ ئەکرد.

ئێمە لەکاتی بانگەوازەکە و لە ئێستاشدا هەمان بۆچوونمان هەیە، کە کورد لەو پارچانەی کە لە قۆناغی خەباتی رزگاریدایە حزب و خەباتی چەکداری بۆ رزگاربوونە لە چەوساندنەوە، بۆیە هەرکات بەئاشتی رێگای رزگاری و ئازادی بۆ فەراهەم بوو، ئەبێت خۆی لە ململانێی چەکدار بپارێزێت و بچێتەوە سەر شاڕێی کاری سیاسی، کە بریتییە لەخەباتی مەدەنی، دیپلۆماسی و  پەرلەمانی.

تورکەکان لەپاش رووداوەکانی غەززە و سوریا هەست بە  نەخشەڕێگای گۆڕانکاری جددی ئەکەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆیە هەستیارانە مامەڵە ئەکەن و نایانەوێت ببن بەدۆڕاوی سیاسی، هەربۆیە پرۆسەی ئاشتی بە تاکەڕێگای دەربازبوون لە پێشهاتەکان ئەزانن، بۆیە هەوڵیانداوە بەم رێگایە خۆیان لە کاریگەریی گۆڕانکارییەکان بپارێزن.

هەرچەندە تاکو ئەمڕۆش پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بابەتێکی سانا و بێ ئاڵنگاری نییە، بەڵام بەرژەوەندییە هاوبەشەکان ئەمە ئەخوازن.

ئاشتی بۆ تورکەکان پاراستنی کۆمارەکەیانە لەهەر هەڕەشە و گۆڕانکارییەک و کۆتاییهێنانە بە حزبێک، کە لەزیهنی تورکەکاندا وەکو حزبێکی دڕندە و تیرۆریست هەڕەشە لە گیانی خۆیان و مناڵ و نەوەکانیان ئەکات و رۆژانە تەرمی رۆڵەکانیان بە تابووت و ئاڵای سووری بە مانگ و ئەستێرە نەخشاوەوە بۆ رەوانە ئەکاتەوە.

لەلایەکی ترەوە ئاشتی بۆ ئەمریکییەکانیش رێگاچارەیەکی نموونەییە، چونکە بەرژەوەندییەکانیان لە سوریا بەتەواوەتی ئەپارێزێت و لەو هەڵوێستە شەرمەزارکەرە رزگاریان ئەکات، کە لەکاتی ململانێکانی کورد و تورک رووبەڕوویان ئەبێتەوە، چونکە ئەبێت بەهۆکارێک تاکو کێشە لاوەکییەکان فۆکسیان لەسەر بابەتە سەرەکییەکان لابدات.

ئاشتی بۆ پەکەکەش من وای ئەبینم کە سەرکەوتنە، چونکە لەم رێگایەوە رێبەرەکەیان لە زیندان رزگار ئەکەن و بەشێک لەو ئامانجانە بەدیدێنن، کە خەباتیان بۆ کردووە و دەسەڵاتی خۆسەری لە باکوورو رۆژهەڵاتی سوریا لە دیفاکتۆیەکی مەترسی لەسەرەوە ئەکەن بە کیانێکی یاسایی پارێزراو، لە باشووری کوردستان و عێراقیش زیاتر پێگەی خۆیان ئەپارێزن بەتایبەتی لە شەنگال، لەلایەکی ترەوە پژاک ئەکەن بەهێزێکی بێ ڕکابەری کاریگەر و پڕ چەک بۆ ئایندەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.

پەکەکە لە رۆژانی ٥-٧ / ٦ / ٢٠٢٥ لە دۆخێکی نهێنی و دوور لەچاوی مێدیا کۆنگرەی خۆی سازداوە و خۆی هەڵوەشاندۆتەوە وەکو بەدەمەوەچوونی بانگەوازی رێبەرەکەی بۆ ئاشتی، بەم هەنگاوە پەکەکە هیچ بیانوویەک بەدەستی تورکەکانەوە ناهێڵێت و ئەبێت پەرلەمانی تورکیا هەنگاوەکانی خۆی دەستپێبکات بۆ هەمواری دستوور و یاساکان و فراوانکردنی بنەماکانی دیموکراسی لەو وڵاتەدا و دوورکەوتنەوە لە شۆفێنیەت و نەتەوەپەرستی .

ئایا هیچ دەستەبەرێک هەیە کە پەکەکە هەڵوەشایەوە تورکیا لە پرۆسەی ئاشتی پاشگەز نەبێتەوە؟ یاخود ئاشتی لەتورکیا بەرەو کوێ هەنگاو ئەنێت؟

هەرچەندە ئاشکرایە ئەم پرۆسەیە بەنێوەندگیری ئەمریکییەکان کراوە و ئەوان ئەتوانن کاریگەربن لەسەر پرۆسەکە و پاراستنی، بەڵام لەلایەکی تریشەوە ئەم پرۆسەیە دوولایەنەیە، ئەگەر تورکیا پابەندنەبێت، پەکەکەش لە هەنگاوەکانی پاشەکشێ ئەکات، هەرچەندە لەوانەیە کەسانێک بپرسن ئەگەر پەکەکە هەڵوەشایەوە و تورکیا پابەندنەبوو، ئەوکات پەکەکە نەماوە و دەستبەرداری چەک بووە چۆن ئەتوانێت بەرەنگاری تورکیا ببێتەوە؟

لە راستیدا پەکەکە لەو حزبە سیاسییانە نییە کە لەناو وڵاتدا و لە دۆخێکی ئاسایی و بە رێوشوێنی یاسایی دامەزرابێت، تاکو بەوەرگرتنەوەی مۆڵەتە یاساییەکەی دەرگای بارەگاکەی دابخەن و ببێت بەمێژوو و کۆتایی بێت، بەڵکو پەکەکە حزبێکی ئایدیۆلۆجییە و لەدوای ئەم هەڵوەشاندنەوەیەدا تەنها ناوەکەی بەکارناهێنرێت و بەبڕیارێک ئەچێتە قۆناغی متبوونەوە، بەڵام  سەرکردایەتی و کادر و ئەندامەکانی ئەمێنن و گەریلا و چەکی ئامادەن هەرکات مەبەستیان بێت بەبڕیارێک زیندووی ئەکەنەوە و هەمان گوڕ و تینی بەبەردا ئەکرێتەوە و دووبارە کاری خۆی ئەکاتەوە.

بۆیە پرۆسەی ئاشتی گومانی چوونەپێشی زۆر زۆرترە لە پاشەکشە، چونکە لەبەرژەوەندیی هەموو لایەکدایە و چاوەڕوان ئەکرێت بگات بەئامانج و کوردیش لێی سودمەند بێت.

وتاری نووسەران