هەژار شەوقی

پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە عێراق‌و هەرێمی كوردستان كە بڕیارە لە رۆژانی 20و 21/11/2024 ئەنجام دەدرێت بریتییە لە پرۆسەی كۆكردنەوەی داتاو زانیاری گشتگیر‌و تەواو لەسەر تەواوی دانیشتوان، بە پشت بەستن بەو داتاو زانیارییانە حكومەت پلان‌و سیاسەتی درێژخایەن بۆ مەبەستە كارگێڕییەكان‌و پلانی ئابووری‌و كۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی بوارەكانی خزمەتگوزاری‌و تەندروستی و پەروەردە رێگاوبان ‌و ئاستی بژێوی دانیشتوان هەروەها زانینی پێكهاتەی (تەمەن)ی دانیشتوان لەخۆدەگرێت.

ئەگەر بە كورتی باس لەو سەرژمێرییە گشتیانەی عێراق بكەین بە درێژایی 97 ساڵی تەمەن:

1-سەرژمێری گشتی لە عێراق لە تشرینی یەكەمی 1927 دەستی پێكرد لە كۆتایی ساڵی 1928 تەواوبوو، دوای چەند مانگێك لە كۆتایی هاتنی سەرژمێرییەكە حكومەت عێراق ناردوستی‌و شكستی سەرژمێرییەكەی بۆ دەركەوت بەشێوەیەكی رەسمی ئەنجامی سەرژمێژ    رییەكەت هەڵوەشاندەوە.

2-سەرژمێری گشتی عێراق لە ئەیلولی ساڵی 1934 دەستیپێكرد تا مانگی تشرینی یەكەمی هەمان ساڵا كۆتایی هات حكومەت زیاتر لە بواری سەربازی سوودی لەم سەرژمێرییە وەردەگرت ئامانجی ئەم سەرژمێرییەش بواری سەربازی بوو، بەو پێیەش زۆرێك لە دانیشتوان لە ترسی سەربازی زۆرەملێ‌ خۆیان لەو سەرژمێرییە دەدزییەوە، هەندێكیش زانیاری نادروستیان دەدا سەبارەت بەرگەزی منداڵەكانیان (هەندێك رەگەزی نێری منداڵەكانیان بەرەگەزی مێ‌) دەنووسی تا لە خزمەتی سەربازی بەدووربن.

ساڵی 1935 جارێكی تر بواری ناونووسكردن درا بەو كەسانەی كە لە سەرژمێری 1934 نەیانتوانی یان نەیانویست خۆیان ناونووس بكەن، ئەنجامی ئەم سەرژمێرییە بۆ ماوەی نزیكەی (20) ساڵا لە عێراق كاری پێدەكرا لە 22/10/1955 لەلایەن حكومەت هەڵوەشێندرایەوەو كاری پێنەكرا.

3-سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق 19/9/1947 دەستی پێكرد‌و لە 19/10/1947 كۆتاییهات ئەم سەرژمێرییەی دانیشتوان لەسەرژمێرییەكانی تر گشتگیرتر‌و باشتربوو لە رووی كۆكردنەوەی داتاو زانیاری دانیشتوان.

4-سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق لە تشرینی یەكەمی ساڵی 1957 ئەنجامدرا بە باشترین سەرژمێری گشتی دانیشتوان دەژمێردرێت داتاو زانیارییەكان بەشێوەیەكی زۆر ورد پۆلێنكراون لەلایەن كۆمەڵایەتی‌و ئابووری یەكە كارگێڕییەكان هەروەها پێكهاتەی نەتەوەیی‌و ئایینی دانیشتوانی عێراقی تێدایە لەگەڵا هەموو ئەو تێبینیانەش كە لەسەرژمێرییەكە هەن، بەڵام وەك سەرژمێرییەكی گرنگ‌و باوەرپێكراو سەیر دەكرێت بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بۆ دیاریكردنی سنووری هەرێمی كوردستان دەكرێ‌ پشتی پێ‌ ببەسترێت.

5-سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە 14/10/1965 داتاو زانیارییەكانی نێو ئەو سەرژمێرییە چڕتر‌و فراوانتر بوون بە بەراورد بە سەرژمێری ساڵی 1957، بەڵام ئەنجامەكانی زۆر ورد دروست نەبوون حكومەتی عێراق دوای بڵاوكردنەوەی سەرژمێرییەكە كاری لە ئەنجامی سەرژمێرییەكە نەكرد.

6-سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە 14ی تشیرینی یەكەمی ساڵی 1977 لە زۆر رووەوە لەسەرژمێژرییەكانی تر پێشكەوتووتر بوو لە رووی هونەری‌و زانستییەوە بەو پێیەی شریتی موگناتیسی‌و كۆمپیوتەری تێدا بەكارهات كۆمەڵێك داتاو زانیاری تێدا دەستكەوت لەسەرژمێرییەكانی تر نەبوون، دوو بواری گرنگی لەخۆنەگرتبوو ئەوانیش پێكهاتەی نەتەوەیی‌و پێكهاتەی ئایینی دانیشتوان، وەك دەڵێن لە سەرژمێری 2024 بە هەمان شێوەی سەرژمێری 1977 پێكهاتەی نەتەوەیی‌و ئایینی تێدانییە، رەنگە پێكهاتەی ئایینی بخاتەڕوو، بەڵام پێكهاتەی نەتەوەیی تێدانییە ئەمەش ئەم راستییە نیشان دەدات كە حكومەتی عێراق ناتوانێت داتاو راستییەكانی پێكهاتەی نەتەوەیی بەشێوەیەكی دروست بخاتەڕوو.

7-سەرژمێری گشتی دانیشتوان 1987

لە كاتی ئەنجامدانی ئەم سەرژمێرییە، گەرمەی جەنگی عێراق‌و ئێران بوو، ئەمەش پێچەوانەیە لەگەڵا ئەو بنەمایەی كە لە كاتی سەرژمێری دانیشتوان دەبێ‌ لە دۆخی ئارامی‌و ئاشتی دابێت.

8-سەرژمێری ساڵی 1997 ئەم سەرژمێرییە لە كاتێك بوو كە وڵاتێكی ماندوو لە جەنگی كەنداو، وێران بوونی ژێرخان‌و سەرخان‌و كوژرانی نزیكەی ملیۆنێك سەرباز‌و هاووڵاتی‌و دیل‌و نادیار هەژماردەكران، نزیكەی ئەوەندەش كۆچییان كردبوو بۆ دەرەوەی وڵات.

شارەكانی هەرێمی كوردستان دوای ساڵی 1991 لە عێراق دابڕابوون‌و پەرلەمان‌و حكومەتی هەرێمی كوردستانیان پێكهێنابوو، وەك وڵاتێكی سەربەخۆ دوور لە عێراق، لەم سەرژمێرییە بەشداری كرد حكومەتی عێراق بە خەملاندنی بۆ شارەكانی هەرێمی كوردستان كرد.

بەپێی ئەو بنەمایەی كە هەر 10 ساڵا جارێك سەرژمێری گشتی دانیشتوان بكرێت دەبوایە ساڵی 2007 سەرژمێری گشتی ئەنجام بدرابایە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئەمنی ناسەقامگیرنەكرا بڕیاربوو تشرینی یەكەمی 2010 سەرژمێری سەرتاسەری لە هەرێمی كوردستانیشەوە ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەمەش نەكرا بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.

بیستوحەوت ساڵە سەرژمێری گشتی لە عێراق ئەنجام نەدراوە، هەرێمی كوردستان سی و خەوت ساڵە بێ‌ سەرژمێرییە، بۆیەش پێوەرەكانی ئامار دەچنە ناو كایەی پێشبینیكردنەوە.

پێم وایە سەرژمێری 2024 دەبێتە بنەمایەك وەك سەرژمێری ساڵی 1957 بۆیە گرنگە هاووڵاتیانی كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە شار‌و ناوچەكانی خۆیان ناویان تۆماربكەن لەم سەرژمێرییە بەتایبەت ئەوانەی كۆبۆنی خۆراكیان لەو شارانەیە، ئەو هاووڵاتییانەی هاوكاری كۆمەڵایەتییان هەیە چونكە ئەو داتاو زانیارییانە كۆدەكرێتەوە دووبارە پێداچوونەوە بە هەموو یەكە كارگێڕییەكان دەكرێتەوە، بۆ پاراستنی شوناسی نەتەوەیی شار‌و ناوچە كوردستانییەكان پێویستە  هاووڵاتییانی لەو شوێنانە خۆیان تۆماربكەن لەو سەرژمێرییە، نموونە كەسێك لە هەولێر ناوی تۆماربكرێت‌و كۆبۆنی خۆراكی موسڵ بێت، دوورنییە كۆبۆنی خۆراكی بخرێتە سەر هەولێر، بۆ هەموو ناوچەكانی تریش ئەمە راستە.

وتاری نووسەران