
ئا: ئەرسەلان حەسەن
ڕۆژنامەی "دنیای ژنان" لە ٤ی نیسانی ساڵی ١٩١٣، ژنانی ئەندامی "ئەنجومەنی داکۆکیکاری مافەکانی ژنانی عوسمانی" بڵاویانکردەوە. ئامانجییان هۆشیارکردنەوەی ژنان بوو بۆ ئامادەیی کارا لەکۆمەڵگا، خوێندن و کار و ماف، هەڵوەشاندنەوەی یاسای فرەژنی و هەموارکردنەوەی یاسای بەرگ. دنیای ژنان یەکەم گۆڤاری فێمێنیستی بوو بەپێی پێناسەی ئەمڕۆی فێنێنیزم، لەئیمپراتۆری عوسمانیدا. لەوکاتەدا ڕۆژنامە زۆربوو کە ژنان یان بۆژنان بڵاودەکرایەوە، بەڵام دنیای ژنان جیابوو. دەستەی نووسەرانی جگەلە ٤٠ نووسەری هاوکار، ژن بوون و لەچوار لاپەڕەدا دوای ١٠٠ەمین ژمارەی لە ١٦ لاپەڕەدا، بڵاوکراوەتەوە.
سەروتاری ڕۆژنامەی دنیای ژنان، لە ٣ی حوزەیرانی ساڵی١٩١٣دا دەڵێت: "تا مافەکانمان بەڕەسمی نەناسرێ، تا ژن و پیاو یەکسان نەبن، دنیای ژنان نووسینی پیاوان بڵاوناکاتەوە... بەڵێ، هەندێک پیاو داکۆکیکمان لێدەکەن و دەزانین و سووپاسیان دەکەین. ئێمەی ژنان ڕێگا و نەریتی خۆمان هەیەو نووسەرانی پیاو نەئەم بنەمایانەیان قبووڵەو نەتێماندەگەن. کەواتە، تکایە وازمان لێبێنن و مەمانکەنە بووکەڵەی خەونەکانتان. ئێمە دەتوانین داکۆکی لەمافەکانمان بکەین...".
ژنان لەیەکەم ڕۆژی دەرچوونی ڕۆژنامەکە، چاپخانەیەکییان بەهەمان ناو کردەوە، کە کارمەندەکانی بەتایپێست و چاپکەریشەوە ژن بوون و وەستاکانی چاپخانە فێرییانکردبوون. ئەمەخاڵی وەرچەرخان بوو لەمێژووی بوونی ژنان لەکۆمەڵگای عوسمانی و بەهۆی خەباتی ئەم ئەنجومەنە، ژنان لەوکارانە وەرگیران پێشتر پیاواندەیانکرد. دوایکردنەوەی چاپخانەی ژنانەی ڕۆژنامەکە، فەرمانگەی پۆست و گەیاندن لەئیستەنبوڵیش ژمارەیەک کارمەندی ژنی دامەزراند. ڕۆژنامەی دنیای ژنان لەگەڵ ڕووماڵکردنی هەواڵی بوونی ژنان لەکۆمەڵگادا، نامەی پیاوانی لەستوونی "نامەکان"دا بڵاودەکردەوە کە لەوەنیگەرانبوون. گەرچی زانیاری وردی تیراژی ئەم ڕۆژنامەیە بەردەست نییە، بەڵام لەئاگاداریی ژمارە١٦٥ی ڕۆژنامەکە دەخوێنینەوە: "لەبەر کەمبوونی کاغەز بەهۆی شەڕەوە [شەڕی یەکەمی جیهان]،ڕۆژانە سێ هەزار تیراژی ڕۆژنامەکە بڵاودەبێتەوە."
خاڵێکی زۆر گرنگیئەم ڕۆژنامەیە، پێکهاتەی ئەندامانی دەستەی نووسەرانیەتی. بەپێچەوانەی پراکتیزەی ئاسایی چاپەمەنی ساڵانی بەرەوڕووخانی ئیمپراتۆریی عوسمانی، دەستەی نووسەرانی لەژنانی کەمینە نەتەوەیی و ئایینیەکانی دەوڵەتی عوسمانی پێکهاتبووو هزری ناسیۆنالیزمیان ڕەتدەکردەوەو بەڕەسمی داوای ناسینی مافی کەمینەکانیاندەکرد.
سەعادەت بەدرخان
سەعادەت بەدرخان ئەندامی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی دنیای ژنان، بەزمانی تورکی عوسمانی دەینووسی و لەژمارەیەوە١٢١ سەرنووسەری پاشکۆیەک بەوناوەو بەزمانی فەرنسی بوو. هەرچەند ئەندامی ئەنجومەنی داکۆکیکاری ژنانی عوسمانییە، بەڵام لەڕۆژنامەو بەڵگەکانی ئەنجومەن، هیچ زانیارییەکی نییە. بەپێی ناوی خێزانەکەی، کوردە. لەتاوتوێکردنی سەجەرەی بەدرخانیەکان توانیم زانیاری وردی سەعادەت، باوک و ئەندامانی خێزانەکەیم دەستبکەوێت.
بۆ دۆزینەوەی سەرچاوە،چاوپێکەوتنم لەگەڵ چەندمێژوونووسێکی سەردەمی عوسمانیکرد. دکتۆر عائیشە کادی ئۆغلو، پرۆفیسۆری یاریدەدەری توێژینەوەی جێندەر لەزانکۆی سابانجی و توویژەری ژنانی ڕۆنامەنووسی سەردەمی عوسمانی دەڵێت، سەعادەت بەدرخانی نەبوە، بەڵکو نازناوی خێزانی هاوسەرەکەی، سوورەیا ئەحمەد بەدرخانی هەڵگرتووە. کادی ئۆغلو دەڵێت، بۆ سەلماندنی قسەکەشم بەڵگەو دۆکیۆمێنت بەردەست نییە و تەنیا قسەی خزمێکییەتی.
میتلا کوتلات، نووسەر و تووێژەری مێژووی چاپەمەنی عوسمانی دەڵێت، سەعادەت ئەندامی خێزانی بەدرخانیەکان بوە، بەڵام زانیاری ناوی باوکیمان نییە و ئاماژەیکرد بەسڕینەوەی ناوی خێزانی بەدرخانیەکان لەئەرشیفی عوسمانیەکان بەهۆی ناکۆکییان لەگەڵ کۆماری تورکیا. کوتلات گوتی، لەوسەردەمەدا ژنانی ڕۆشنبیر لەگەڵ ناوی خێزانەکەیان، ناوی خێزانی هاوسەرەکەشییان دەنووسیتا سەربەخۆییان لەهاوسەرەکەیان دووپاتبکەنەوە. ئاماژەی بەعەلویە مەولان ڕەفعەتزادە، هاوڕێی سەعادەت و سەرنووسەری بەشی تورکی ڕۆژنامەی دنیای ژنانکرد کە لەوتارەکانی ناوی مەولان و ڕەفعەتزادەی دەنووسی. بەوپێیە، نازناوی سەعادەتی لەکۆتایی نووسینەکانی بەنیشانەی سەربەخێزانی بەدرخان دەزانی.
یەکەم وتاری سەعادەت بەدرخان لە ١٢ی ئابی ساڵی١٩١٣ لەڕۆژنامەی دنیای ژناندا بڵاوکرایەوەو پاشان تا ٣٠ی تەمووزی ساڵی١٩١٤ لەوتاری "ژن لەماڵ و کۆمەڵ"، باسی پێناسەکردنەوەی مێینەیی لەجیهانی نوێدا و پێویستی گۆڕینی تێڕوانینەکان بەرامبەر بەپرسی ژنان و مافەکانیان لەیاساو بنەماڵە و کۆمەڵگادا کرد.
لەپاشکۆی ڕۆژنامەکەدا،وتاریشی بەزمانی فەرەنسی بڵاودەکردەوە. نووسینەکانی دوو جۆرن: یەک، بەزمانی تورکی عوسمانی و خوێنەرەکانی ژنانی کۆمەڵگای عوسمانی بوون. لەم نووسینانەدا زیاتر پەیوەندی نێوان ژنان و پیاوان پێشزەواج، جیابوونەوە، مافەکانی ژنان لەخێزاندا، هاوسەرگیری منداڵان، فرەژنی، کاری ماڵ و بەخێوکردنی منداڵانی باسکردوە و دووپاتیکردوەتەوە کە سەردەمێکی نوێ بەڕێوەیەو پێویستە ژنان مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان هەبێت: "چاوەڕوان ناکەین پیاوان ماف بەژنان بدەن و ڕێزییان بگرن. بەپێچەوانەوە، ئەوە ژناننبەخەبات ئەم دووخاڵە دەستێنن، هێشتا ژنان ئازاد نین، چونکە لەبەرامبەر ئەو زوڵمەی لێیان دەکرێت، بێدەنگن. کاتی هاتوە بڕیاری بەگژداچوونەوەی ستەمکاران بدەن و بەرگریبکەن... ژنان بەرپرسیارن لەوەی خۆیان ئازادو دوای ئازادی نەوەیەک پەروەردە بکەن، مافەکانی ژنان بەڕەسمی بناسن و لەژنان بگەن...".
وتارەکانی سەعادەت بەدرخان وەک سەرنووسەری بەشی فەرەنسی، بۆ ڕۆشنبیران و فێمێنیستەخۆراواییەکان نووسراوە. لەوتارەکاندا بەدیدێکی ڕەخنەگرانە ڕای باوی خۆراوای بۆژنانی خۆرهەڵات بردووەتە ژێرپرسیار و بەڕای گەشتیارانی ڕۆژاوا و گەشتنووسانی ئەوروپی دەزانێت. دەڵێ، خۆراواییەکان ژنانی خۆرهەڵات بەبوونەوەری لاواز، بێدەنگ،دیلی حەرامسەرا دەزانن و خەباتیان لەبەرچاوناگرن، لەکاتێکدا ژنانی خۆرهەڵاتیش هاوشێوەی ژنانی خۆراوا داکۆکی لەماف و ئازادیییە کۆمەڵایەتییەکانیان دەکەن و دەستکەوتی هیوابەخشیان بوە. سەعادەت مژدەی دەستەبەرکردنی مافی خوێندن و کردنەوەی دەرگاکانی زانکۆی بەڕووی ژناندا داوە و باسی ئومێدبوون بەبوونی مافی دەنگدان دەکات. ژنانی ڕۆشنبیری خۆرهەڵات هاندەدات وتار و کتێب بەزمانەکانی فەرەنسی و ئینگلیزی بنووسن بۆ بەرپەرچدانەوەی "ئەم وەهمانە".
ناوی سەعادەت بەدرخان لە١٨ی تمووزی ساڵی١٩١٤و لەژمارەی١٥٠ی ڕۆژنامەکەداهاتووە،کە وتاری (هاوسەرگیری ڕەسمی و پەیوەندی خۆشەویستی پیاوان و ژنانی ناهاوسەرگیر)ی بێرس دۆنگنێس (١٨٥٢-١٩٤٠)ی فەرەنسی وەرگێڕاوە و لەکۆتاییدا بەخوێنەران دەڵێت، بەهۆی گرنگی بابەتەکە بۆکۆمەڵگاو ئاماری جیابوونەوە لەدەوڵەتی عوسمانیدا، بەشی دووەمی لەهەفتەی داهاتوو بڵاودەبێتەوە،بەڵام ناوی سەعادەت بەدرخان، نەلەژمارەی هەفتەی داهاتوو و نەلەژمارەکانی دواتری ڕۆژنامەکەدا نابینرێت.
دوای سڕینەوەی ناوی سورەیا ئەحمەد بەدرخان لەئەرشیفی دەوڵەوتی عوسمانی لەئەرشیفی (خۆییبوون) شوێنپێی (سەعادەت) و هاوسەرو منداڵەکانیم دۆزییەوە، بەڵام بەهۆی دوورخستنەوەو ژیانی بەنهێنی ئەندامەکانی ورد نییەو زیاتر کۆمەڵێک نامەو ڕۆژنامەیە لەنێوان ساڵەکانی١٩١٦-١٩٣٠ لەقاهیرە، بەغداد، سلێمانی و حەلەب دەرچوون.