
عیماد محەمەد_کەرکووک
لە ناوەڕاستی مانگی حەوتداین کەچی مووچەخۆرانی هەرێم هێشتا مووچەی مانگەکانی 5 و 6یان وەرنەگرتووە،دواکەوتنی مووچە ژیانی مووچەخۆری خستۆتە دۆخێکی خراپ و بارگرانیەکی زیاتر،ژیان بۆ مووچەخۆر و چینە هەژارەکەی کوردستان بەجۆرێک سەخت بووە کە ئێستا لێی ڕادەکەن، ئەوەتا ڕۆژانە گوێ بیستی چیرۆکی تراژیدی و ناخ هەژێن دەبین،ڕوداوی نەخوازراو بەچاوی خۆمان دەبینین،هەواڵی خۆ کوشتن و کۆتاییهێنان بەژیان بەهۆی نەبونی و کەڵەکەبونی قەرزەوە خەریکە دەبێت بەهەواڵی ڕۆژانەی میدیاو تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی،
دەسەڵات لە هەرێم لەبری دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخە خراپەی مووچەخۆران و دابەشکردنی مووچەکانیان لەداهاتی ناوخۆ،پارەی نەوتی قاچاخ فڕۆشراو،پارەی مووچەی خوراوی مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو، کەچی سیاسەتی بەنج کردنی مووچەخۆر پەیڕەو دەکات،
دەسەڵات بۆ بەنج کردنی خەڵک و دامرکاندنەوەی توڕەیی فەرمانبەری برسی و مووچە نەدراو هەر هەفتەی بابەتێک ئەخاتە بازاڕی میدیاوە،کۆمەڵێک پەرلەمانتاری تێرو شیکپۆش و گیرفان پڕو مووچە تەوتین کراوی بەغدا،لەگەڵ کۆمەڵێک لەکەسانی بەرپرسی حزبی دەم چەورکراو دەخاتە سەر شاشەی کەناڵە پارەدارو زەبەلاحەکان، هەرچی بەدڵی دەسەڵات بێت درێغی لە ووتنی ناکەن ،ووشە بووشەیان ئازاردانی دڵ ودەرونی خەڵکی هەژارو دڵخۆشکردنی دەسەڵات و بنەماڵە حکومڕانەکانە،
دەسەڵات هەر هەفتەیەک بە بابەتێکی بێ ناوەڕۆک مووچەخوران بەنج و سەرقاڵ و چاوەڕوان دەکەن،
هەفتەیەک بە چاوەڕوانی بۆ بڕیاری دادگای فیدڕاڵی،هەفتەی دواتر بە چاوەڕوانی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق،هەفتەی دواتر بە چاوەڕوانی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ،هەفتەی دواتر بەچاوەڕوانی دیاریکردنی سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی، هەفتەی دواتر بە چاوەڕوانی کۆبونەوەی لێژنەی تەکنیکی، هەفتەی دواتر بەچاوەڕوانی لێژنەی وەزاری ئەنجومەنی وەزیران،،هەفتەی دواتر کۆبونەوەی چوار چێوەی هەماهەنگی هتد...
هەموو ئەم بابەتانە تەنها بەنج کردنی مووچەخۆرەو هیچ ئاکام و ئەنجامێکی نیەو نابێت،چونکە دەسەڵاتدارانی هەرێم نیازی جدیان بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە نییەو هیچ جێگرەوەو بەدیلێکشیان بۆ چارەسەرنییە،بەدیلی ئەوان تەنها بەنج کردنی مووچە خۆرە،بەڵام دڵنیام ڕۆژێک دادێت خەڵکی برسی و هەژارو زەحمەتکێش بەنج بەریدەدات ودەڵێن مردن هەر مردنە جا بەگولله بمریت یا لەبرسا بمریت
بیرشمان نەچێت ئێستاش لە بەغدا عەقڵیەتێک هەیە هەمان عەقڵیەتی پێش ساڵی 2003 یەو چاوی بە کوردو قەوارەی هەرێمی کوردستان هەڵنایات و ئەگەر دەرفەتی بۆ بگونجێت دەست ناپارێزێت لە کۆمەڵکوژکردن و قڕکردنی کوردو سوتماککردنی خاکی کوردستان..