
نوریە محمد
کچ بە شودان لەتەمەنی نۆ ساڵیدا تاوانی دژی مرۆڤایەتی و شکاندنی شکۆی ئافرەتان بەگشتی و ئافرەتی عێراقی بەتایبەتیە، زەواج پڕۆسەیەکی زۆر هەستیارو چارەنووسسازە و ناکرێ جگە لە کەسی پەیوەندیدار کەسانیتر بڕیاری لەسەر بدەن و داهاتووی دیاری بکەن، ئەگەر ئەم یاسایە تەعدیل بکرێت بەتایبەتی بڕگەی 57 کە لە ساڵی 1959 دەرچووە، ئەوا عێراق دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی جاهیلیەت و کۆنەپارێزی،
بەڕاستی ئەم پڕۆژەیە جێگای شەرمە بۆ وڵاتی عێراق ، نەنگیە بۆ ئازادیخوازان و رێلکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هێزە چەپ و دیموکراتەکان .،، نابێ بێدەنگ بن لە ئاستی ئەم سووکایەتیە ،
چونکە ناکرێ و نەگونجاوە کچۆڵەیەک شەو دەخەوێ بە ئاواتی ئەوەی بەیانی رۆژ هەڵبێ و بچێتە کۆڵان لای منداڵانی گەڕەک یاری منداڵانە بکات و ئارەزووی مناڵانەی لەگەڵ هاوڕێکانیدا بەیاری و هاروهاجی ناو مناڵان تێر بکات ، کەچی بەیانی لەخەو ڕابێت سەیربکات کابرایەک لەتەمەنی بابی هاتوە و لەڕێگای خێزانەوە داوای زەواج و مارەکردنی ئەم کچۆڵەیە بکات..!
لەکاتێکدا ئەم کچۆڵەیە هیچ لە ئەدای ماڵ و مێردو بەرپرسیاریەتی بەڕێوەبردن نازانێت و ژیانی لێ دەکەن بەدۆزەخ.
ماوەیەکە لەڕێگای کەسانێکەوە کە باکگراوندی فکری ئاینیان هەیە پڕۆژەیەک بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران (پرلمان) ی عێراقی نێردراوە بۆ تەعدیل کردنی بڕگەی 57 لەیاسای باری کەسی کە لە ساڵی 1959 دەرچووە بۆ ئەوەی بوار بدرێت کچ لەتەمەنی نۆ ساڵیدا بەشوو بدرێت ..!
دیارە ئەم پڕۆژەیە ناڕەزایەتیەکی زۆری لێکەوتەوە ، بەتایبەتی رێکخراوەکانی ئافرەتان و پیاوانی پێشکەوتنخوازو مەدەنی ، ئەمەش بوە هۆی راگرتنی ئەو پڕۆژەیە هەتا زیاتر دیراسەبکرێت ، بەڵام بەهەر جۆرێک بێت ، دەبێ ئەم پڕۆژەیە نەک رابگیرێت بەڵکو دەبێ بەیەکجاری رەفز بکرێت و مەجال نەدرێت ئەسڵەن لە نێو دانیشتنی پەرلەماندا قسەی لەسەربکرێت ،
لەدنیادا سەردەم سەردەمی پێشکەوتن و ئازادی تاک و تەکنەلۆجیای پێشکەتو و زیرەکی دەسکردە ،کەچی لەعێراقی بەناو فیدراڵ و دیموکراتتدا ، کچی خوار تەمەنی یاسایی ناچاری شووکردن دەکرێت ..