
بە ڕوونی
كاوە مەحموود
بەشی دووەم/
پرسیارە نوێكان، كە ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنەكانی ڕەوشی سیاسی و گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتیەكانە لەسەر ئاستی هەر وڵاتێك و لە جیهاندا بە گشتی، شوناسێكی كردەیی و تیۆری هەیە و، دەكرێ لە چوارچێوەی داهێنانی تیۆری لە بواری ماركسیزم و سەرجەم قوتابخانەكانی هزری چەپ وەڵامی گونجاوی هەبێت.
ئەو پرسیارانە، كە لە دەرەوەی بیركردنەوەی باون و لە دەروەی دوگما بە دوای وەڵامدا دەگەڕێن، كۆمەڵێك بوار دەگرێتەوە، لەوانە:
1ـ ئایا بەرێوەبردنی حوكمرانی بە شێوازی دیموكراسی پەرلەمانی توانای چارەسەركردنی ئەو قەیرانەی هەیە، كە بۆتە هۆی بوژانەوەی ڕاستڕەویی و، چەپیش لە ڕوانگەی هزری خۆیەوە كار بۆ چارەسەركردنی دەكات؟
2ـ ئایا چەپ لە ڕێگای بژاردەی وازهێنان لە هزری چەپ بە سەرجەم قوتابخانەكانییەوە، كە ئەمەش لە ناوەڕۆكدا بانگەوازی نیولیبرالزمە و، سەرجەم قوتابخانە سۆسیۆلۆجییەكانی سەرمایەداری بانگەشی بۆ دەكەن و، لە وڵاتی ئێمە و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە گشتی بە هۆی لێڵی هزر، پروپاگندەی بۆ دەكرێت، توانای خستنەڕووی بەرنامە و گوتاری جێگرەوە و ئەلتەرناتیفی ئەم ڕەوشەی هەیە؟
3ـ ئایا تەوژمی بانگەشە بۆ وازهێنان لە هزری چەپ هەمان لە سروشتی ئەم تەوژمە ناچێت، كە دوای هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی سۆڤیەت بانگەشە و كاری بۆ وازهێنان لە ماركسیزم دەكرد، یان بژاردەی ڕوون و ڕاست و درووست پاراستنی شوناسی چەپگەراییە، كە ئەمە ڕێگایە بژاردەی ئێمەبێت؟
4ـ ئەو چەمكە هزرییە نوێیانە چین، كە لە بازنەی بژاردەی هزری چەپدان لە ئاراستەی مامەڵەكردن لەگەڵ گرفتەكانی مۆدێرنەسازی و باشگەزبوونەوە لە میتۆدی عەقلانیەت و ڕۆشنفیكری و ڕووبەڕووبوونەوەی لێكەوتەكانی دیموكراسی پەرلەمانی، كە چەمكی دیموكراسی تەنیا لە ئاكامەكانی سندوقی دەنگداندا دەبینێت؟
5ـ ئایا تواناكانی چەپ لە بەرهەمێنانی و پێداچوونەوە و گەڵاڵەكردنی چەمكی نوێ سەبارەت بە حوكمرانی باش و دیموكراسی بەشدارانە (تشاركی) و، گەڵاڵەكردنی میكانیزمی كردەیی و واقیعبینانە لە چ ئاستێكدایە؟
6ـ تواناكانی چەپ بە سەرجەم قوتابخانەكانییەوە لە چ ئاستَێكدان بۆ توێژینەوەی ریزبەندی چینایەتی نوێ و خوێندنەوەی دیاردەی نوێكان لە بواری بزافی كۆمەڵایەتی نوێ و دیاردەی پەراوێزخستن، كە لە ناوەندە سەرمایەدارەكان و وڵاتانی سەرمایەداری وابەست بوونیان هەیە؟
پرسیاری چوارەم/
بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم شەش پرسیارانەی لە سەرەوە خستوومانەتەڕوو لە ڕوانگەی میتۆدێكی چەپگەرایی ڕوون، كە بە جۆرێكی گشستگیر قوتابخانە هەمەجۆرەكانی چەپ بگرێتە خۆی، ئەم ئاراستەیانە دەخەمە ڕوو:
1ـ هێز و ڕەوابوونی چەپ لە رەنگدانەوە و گەڵاڵەبوونی گوتارێكی چەپگەرانە و پشتبەستوو بە سەرجاوە هزرییە هەمەجۆرەكانی چەپدایە، بەو ئاراستەیەی، كە جەخت لەسەر عەدالەتی كۆمەڵایەتی و یەكسانیخوازی و سوشیالیستی و نوێبوونەوە و دەوڵەمەندكردنی سەرچاوی هزری چەپ دوور لە دۆگما، بكرێت.
2ـ ئامادەبوونی هێزی چەپ بۆ توێژینەوە و بەدواداچوونی بەردەوامی ریزبەندی چینایەتی نوێ و دەستنیشانكردنی ئەو هێزە كۆمەڵایەتییانەی، كە بەرژەوەندیان لە گوتاری سیاسی و پرۆژەی هێزی چەپدایە.
3ـ ئامادەبوون بۆ داهێنانی تیۆری بە پشتبەستنی توێژینەوەكانی واقیعی گۆڕاو و، پێداچوونەوەی چەمكە تیۆرییەكان و ئاستی گونجانی پشتبەستن پێیان، وەك میتۆدێك بۆ خوێندنەوەی واقیعی گۆڕاوی كۆمەڵگا.
4ـ خوێندنەوەی نوێی قوناغی مێژوویی لە چوارچێوەی ناكۆكی و ململانییەكان لەسەر ئاستی نیشتمانی و نیونەتەوەیی و، دەستنیشانكردنی ئەركەكانی چەپ لە ڕوانگەی پێداویستی مێژووییەوە، كە ئەمەش لە خولیای ئارەزوومەندی و بەرهەمهێنانەوەی ئەو چەمكانەی مێژوو كۆتایی پێهێناون، دوورماندەكاتەوە.
پرسیاری پێنجەم/
لە ڕوانگەی تێگەیشتنمان و وەڵامدانەوەی ئەو چوار پرسیارەی خرایەڕوو، هەڵسەنگاندنمان بۆ دووا هەڵبژاردنی فەرەنسا چی بێت و، ئایا بە سەركەوتن بۆ چەپی فەرەنسا دەژمێردرێت؟
هێزی چەپ لە فەرەنسا سەركەوتنێكی بەرچاوی تۆماركرد و، هۆكاری ئەم سەركەوتنەش بۆ ئەم خاڵانە دەگەڕێتەوە:
1ـ وەڵامدانەوەی خێرای ئەو شكستییەی، كە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا دووچاری بۆوە و هێزی ڕاستڕەوی فەرەنسا زۆربەی دەنگەكانی هێنا.
2ـ وەڵامدانەوەی خێرای هەنگاوی ماكرۆن و بانگەوازەكەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی فەرەنسا.
3ـ نەرمینواندن لە پرۆسەی دامەزراندنی هاوپەیمانی چەپ و، جەختكردن لەسەر ئەركی هەنووكەیی هاوبەش و بەرپەچدانەوەی توندڕەوی ڕاستڕەوانە و، سەركەوتن و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی مێژوویی هاوپەیمانی بەرەی میللی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فاشیزم لە شەڕی جیهانی دووەمدا.
4ـ پەیڕەوكردنی سیاسەتی كرانەوە لە كاتی بەرێوەبردنی تەكتیكی كاری هەڵبژاردن و ئامادەبوون بۆ هەماهەنگی لەگەڵ لیستی ماكرۆن و كشانەوەی هەندێ پاڵێوڕاوان لە خولی دووەمی هەڵبژاردن، بە مەبەستی ڕێگاگرتن لە كاندیدە توندڕەوە ڕاستڕەوەكان.
5ـ ئاراستەكردنی گوتار و بەرنامە و ئامانجی لیستی چەپ (هاوپەیمانی میللی نوێ) لەسەر بابەتە هاوبەشەكان و، دووركەوتنەوە لە سەرجەم ئەو خاڵانەی، كە مایەی جیاوازی هزریی لایەنەكانی هاوپەیمانی چەپن.
پرسیاری شەشەم/ ئایا جەختكردن لەسەر خاڵە هاوبەشەكان و سەركەوتنی چەپ لە ئاكامی هەڵبژاردن مانای كۆتایی كۆسپ و كێشە و تەگەرەیە لە بەردەم هێزی هاوپەیمانی میللی نوێ و، ئایا ئەو سەركەوتنە بە شێوەیكی گشتگیر بە سەركەوتنی چەپی ئەوروپا دادەنرێت؟
بێگومان كۆسپ و تەگەرە و كێشەكان و بۆچوونە جیاوازەكان لە ریزی هاوپەیمانی میللی نوێی فەرەنسا كۆتایی نەهاتووە و، هێزی نەیاریش و لە سەرووی هەموویانەوە حزبی ماكرۆن كار بۆ وەبەرهێنانی جیاوازییەكانی نێوان لاینەكانی هاوپەیمانی میللی نوێ دەكات.
بۆ وەڵامدانەوەی چالنجە نوێكان و ڕووبەرٍووبوونەوەی ئاستەنگ و كۆسپەكان، هاوپەیمانی چەپ جگە لە سیاسەتی نەرمی نواندن و كرانەوە ڕێگای تریان لەبەردەمدا بۆ پاراستنی دەسكەوتەكان و دامەزراندنی حكومەتی نوێ نییە.
لە هەمان كاتدا واقیعبینی لە تەماشاكردنی ئەم سەركەوتنە ئەوەمان پێ دەڵێت، كە ناكرێ بە گشتگیری باسی سەركەوتنی سەرجەم هێزی چەپ لە ئەوروپادا بكەین، هەرچەندە، كە ناكرێ لە هەمان كاتیشدا بە كەمی تەماشای ئەم سەركەوتنەوە و توانای هێزی چەپ بكەین و، سوود لە ئەزموونی چەپی فەرەنسا وەرنەگرین.
پرسیاری حەوتەم/ ئایا چەپی كوردستان چۆن دەتوانی لەم ئەزموونە سوودوەرگرێت؟
ئەزموونی هاوپەیمانی میللی نوێی چەپ لە فەرەنسا كۆمەڵێك وانەی گشتی تێكۆشان بۆ ئێمەی چەپ لە كوردستان و هێزی چەپی جیهان پێشكەش دەكات، لەوانە:
1ـ گرنگی كاری هاوبەش و پەرەپێدانی بۆ بنیاتنانی هاوپەیمانی چەپ.
2ـ جەختكردن لەسەر بەرنامەی ڕادەی نزم بە مەبەستی كۆكردنەوەی تواناكان و جەختكردن لەسەر بابەتە هاوبەشەكانی خەڵك.
3ـ دەستنیشانكردنی ناكۆكی و ململانێی سەرەكی لە چوارچێوەی دەستنیشانكردنی قۆناغی مێژوویی.
4ـ پەیڕەوكردنی سیاسەتی نەرمی نواندن و كرانەوە بەرامبەر یەكتر لە بازنەی كاری چەپ و لە چوراچێوەی دۆزینەوەی ڕایەڵەی كاری هاوبەشی سەرجەم ئەو هێزە كۆمەڵایەتییانەی بەرژەوەندییان لە گۆڕانكاری كۆمەڵایەتیدایە.
5ـ داهێنانی تیۆری قوڵ و پشتبەستوو بە لێكدانەوەی زانستی لە بواری دەستنیشانكردنی ئەركە نیشتمانی و چینایەتی و داكۆكی لە ئازادییە گشتییەكانی و مافی ژنان و تێكۆشان بۆ مۆدێرنەسازی و ڕۆشنفیكری و عەقلانیەت و، گرێدانی ئەم ئەركانە لە چوارچێوەی یەك باكێچی تێكۆشان.