گوشاد حەمە سەعید      

ژیان وتێكۆشانی هاوڕێ كەریم ئەحمەد زۆردەوڵەمەندو چڕوپڕە، هەرلایەنێكی بگری دەكرێ زۆری لەبارەوە بنووسرێ، بەتایبەتیش ئەولایەنانەی پەیوەندیان بە خۆڕاگری و بیندرێژی سیاسیانەو سوربوونی مەبدەئیانەی ئەوەوە هەیە كە وا زانراوە یەكبین تاكۆتایی ژیانی بەبێ ئەوەی ڕۆژیك لەڕۆژان هەڵویستێكی ناكۆكی نامەبدەئیانەی بەرانبەر حزبەكە نواندبێ، ئەو تاسەر لەهەموو هەڵكشان و داكشانەكاندا هەرلەگەڵ حزبەكەی ماوەتەوە و تادوا هەناسەیشی دژی دووبەرەكی بوو، یان دژی كارێك بووە كە بووبێتە هۆی لێكدابڕان و پەرتكردنی هێزەكانی جەماوەری حزبەكەی یان كەلێن تێكەوتن لەهەڵویستی  ئەندامانی سەركردایەتی حزبەكەی، ئەو تەنیا بۆساتێكیش لەوهێلە سەرەكیەی حزب لەسەری ڕۆیشتووە لاینەداوە و لەكاتی تەنگژەكاندا كاری بۆ چارەسەركردنی كێشەكان كردوە بەڕۆحێكی حزبیانەو تێگەیشتنێكی مەبدەئیانەوە كە خزمەتی تەبایی و یەكڕیزی باری ڕێكخراوەیی و لەبەرچاوگرتنی ئامانجە سەرەكیەكانی حزبەكەی بن.

تا قۆناغی تێكۆشان دژی ڕژێمی پاشایەتی و گوێلەمستانی ئیمپریالیزبوو ئەو هەموو بەندیخانەو خۆپیشاندان و ژیانی نهێنی ناو شارەكان و برسیەتی ترس و تۆقانەكانی زۆر ئازایانە بڕیوەو لەنێو ئەزمووندا قاڵ بووەوە و دەم لەدوای دەمدا پتر متمانەی هاوڕێیەكانی بەدەستهێناوەو كارو ئەركی زیاترو گرانتری پێسپێردراوە.

 ئەو بەوردی لەوانە گرنگەكان گەیشتبوو كە سەركردایەتیە ئازاكەی حزبەكەی بناغەیان بۆداڕێژتبوو كەهەر هەمووی بیروباوەڕبوو بەمەسەلەڕەواكانی خەڵكی زەحمەتكێش كە لەپێشەوەی هەموو مەسەلەكانی دیكەوە ڕەچاوكراوە، زۆریشیان بەگەورەتر زانیوە لەوهەموو ترس و لەرزەی كە لەلایەن دامودەزكاكانی ڕژیمە یەك لەدوای یەكەكانەوە بەدواوەیان بووە.

ئەو لەهاوڕێكانی زۆرنزیك بوو و هاوڕێیەكانیشی لەهەموو كەسێك لەخۆی بەنزیكتردادەنا بۆیە تا تەمەنی سەرووی نەوەدساڵیشی سەردانی بارەگای حزبەكەی كردوەو لە نزیكەوە چاوی بەئەدەبیاتی حزبدا گێڕاوەو تاوتوێی ڕۆژنامەو گۆڤارو كتێب و چاپەمەنیەكانی دیكەی دەكردو هەواڵی هاوڕێیانی خۆی دەپرسی و لە بۆنە حزبی و كۆمەڵایەتیەكاندا ئامادە دەبوو، هاوڕێیانیشی بەگشتی بوونی ئەو سەركردە بەتەمەنەیان بەهێزێكی مەعنەوی لەنێوان خۆیاندا دەزانی.

لەڕاستیدا ئەمە خوێندنەوەیەكی وردی دەوێ بۆ تۆكمەیی بیروباوەڕو خۆشەوویستی وی بۆ هاوڕێیان و لایەنگرو دۆستانی حزبەكەی، جگە لەوەش لە هەموو پەیوەندیە خێزانی و خزمایەتی و دۆستایەتیەكانی بۆ دەمێكیش بووایە ئامادە دەبوو بە ئامۆژگاری و ڕێنوماییە شیرینەكانی كۆڕو كۆبوونەوەكانی دەڕازاندەوە.

  سەدەیەك تەمەن بەو هەموو هەڵكشان و داكشان و حەوكەحەوك و تەنگ و چەڵەمە سیاسیانەوە بۆ كەسێكی كەهەر لەمنداڵیەوە لە لانەی شیرینی باوەشی دایك و باوكیەوە دووركەوتۆتەوە كە شیرینترین تامی زیندەگانی و ڕووناكترین چرایە و دەبێنە هۆی درووستكردنی بارێكی دەروونی ساغلەم بۆ مرۆڤێكی ئاسایی، ئەو لێی دابڕاوە، كە دەبوو بارێكی گران بخاتە سەر دیدو بۆچوونی بەرانبەر ژیان، بەڵام ئەو زوو خۆی دەردەباو دەبێتە مامۆستایەك كە ئەوساكە پلەیەكی كۆمەڵایەتی ڕێزلێگیراوتربوو لەمسەردەمەی ئێستاو ئەمڕۆمان.

ئێستا ئەو ناچاردەبێ بەهۆی زیندانیكردن، خۆشاردنەوە لە پیوانی ڕژێم ماڵ و منداڵەكەی بەجێبهێڵێ یان بەوپەڕی هەژاری و دەستكورتی وترس و لەرزەوە بژی و خزمەتكردنی خەڵكی لەكن پیرۆزتربێ لەهی خۆی و خێزانەكەی،

نابێ لەبیرمانبچێ كەلەساڵە سەختەكانی ژیانیدا دایەجەمیلەی نەنكی منداڵەكانی وەك كۆڵەگەیەكی تۆكمەو توانایەكی لەبن نەهاتوو دەست بەسەر ژن و منداڵەكانیا دەهێنێ و لەژێر باڵی پڕ لە ڕەحمەتی خۆی نەوازشیاندەكا، چونكە دایەجەمیل كە كچەی(حەمدیەخان)دەداتە هاوڕێ كەریم داوای هیچ شتێكی لێناكات، تەنیا گفتی ئەوەی لێوەردەگرێ كە ئەگەر هاتو گیرا نابێ  بەهیچ جۆرێك ئیعتیراف لەسەر هاوڕێیەكانی بكا، نابێ بیر لە ژن و منداڵ و بووكەكانی و ژیانیان بكاتەوە و دایە جەمیل دەڵی ئەوە ئەركی منەو خۆم بەخێویان دەكەم، ئەو ژنە ئازایە نەك هەموو گفتەكەی خۆی بەجێدەگەیەنێ، بەڵكو كاتێك كە خۆیشی دەستگیردەكرێ زۆر ئازایانە بەرگری لەخۆی دەكاو تەنانەت كە كوڕە تاقانەكەیشی لەئەنجامی ئەشكەنجەو ئازاردان لەنێو شەڵاڵی خوێن دەهێننە بەردەمی دان بەوەدانانێ كە كوڕیەتی .

هاوڕێ كەریم ئەرشیفێك بوو بۆ سەرجەم ئەوڕووداوانەی كە لە سەردەمی تێكۆشانە دوورو درێژەكەی ویدا بەسەر عیڕاقدا هاتبوو، بۆیە لێكدانەوەی بۆڕووداوەكان سەرچاوەی لەوهەموو ئەزموونە دوورودرێژە وەردەگرت كە هەمیشە پوخت و پاراوتر بوون.ئەو دووربوو لەهەڵچوون و بەسەرەوەنان، جا لە گەڵ ئەندامێكی سەركردایەتی حزب بووبێ یان هاوڕێیەكی كرێكارو جووتیاری.

جارێكیان لەماڵی مامۆستای بەڕێز ئیسماعیل خۆشناو دانیشتبووین قسەوباسێك كەوتە نێوان وی و یادی بەخێر پڕۆفیسۆر دكتۆر عێزەدین مستەفا ڕەسوڵەوە، دیاربوو گفت وگۆكە زۆرگەرم بوو بەڵام دكتۆر عێزەدین مەسەلەكەی نەدەسەلماند وهاوڕێ كەریمیش تاداوایان لێنەكرد نەچووە ناوباسەكەوە، كاتێ داوایانكرد ڕای خۆی دەربڕێ بە زەردەخەنەوە ڕوویلێكردن لەماوەیەكی كەمدا باسەكەی ڕوونكردەوە، كە دكتۆر گەیشت قەناعەت لەشوێنی خۆی ڕاسبووەوەو دەستی لەملی هاوڕێ كەریم كردو شانی ماچكردو پێی گوت تۆ ئیستا وەك باوكمی، منیش گوتم ئۆخەی چاكنەبوو هاوڕێ كەریم لێرەبوو ،دكتۆریش چاوێكیلێكردم بەڵام لەڕووی نەدامەوە، بەڵام ئەوهەڵویستەی دكتۆرعێزەدین زۆر لەبەرچاوی گەورەتركردم.

قوربانیدان و نەبەزین باشترین شایەدی كەسێكن كە ئەوپەری دڵسۆزی وخەمخۆری بۆمەسەلە و مافەڕەواكانی زەحمەتكێشان و سەربەخۆیی نیشتمانی تێدا بەرجەستە دەبێ، چونكە لەبارەی زۆر كەسانەوە بیستوومانە كە ملی هاوڕێیانی خۆیان بەپەتەوە كردوە یان پێشی پیاوانی دامودەزگاكانی ئەمن و ئیستخبارات كەوتون بۆ بەگرتدان و پێوەكردنی هاوڕێیانی دوێنێیان، یان ئاشكراكردنی حەشارگەو لایەنگرانی حزبەكەی دوێنێیان كەنابێ هەرگیز بەچاوێكی بەزەیی تەماشای ئەو مێژوە پڕ لەشەرمازارییەیان بكرێ.

هاوڕێ كەریم لەزۆر تەنگژەی گەورەوسەختدا  كە هەرهەمووی كارەساتبارو تۆقێنەربوون دڵە گەورەكەی دانەخورپاوە وتووشی نوشستی نەهاتوە، دەكرێ چەند نموونەیەك لەو تەنگژانە بهێنینەوە،.

لەساڵی 1963 دوای كۆدێتا خوێناوی و شوومەكەی ٨ی شوبات كە هاوڕێ مەجیدی خاڵی منداڵەكانی(كوڕی پووری حەمدیەخانی هاوسەری هاوڕێ كەریم بوو بەڵام لەبەرئەوەی لەزووەوە دایە جەمیل سەرپەرشتی بەخێوكردنیانی گرتبووە ئەستۆ زۆركەس هەر بە كوڕی وی دەزانین) لەدوای كۆدێتا شوومەكە دەگیرێ و لەبەندیخانەی كەركوك سەردەبڕدرێ و هەر لەوسەروبەندانەدا ماڵومنداڵەكانی هاوڕێ كەریمیش كە بەوپەڕی هەژاری دەژیان بە پارەی دەخیلۆكەیەك كە كوڕەگەرەكەی دەیبێ خەرجی ڕێگا دەدەن وخۆیان دەگەیەننە كۆیە، كاك پێشڕەو دەڵێ ماڵەكەمان پڕی ئامرازو كەل و پەلی چاپەمەنی بووە خاڵە مەجیدی بەرلەوەی بگیرێ ئاگاداریان دەكاتەوە هیچ لەو شتانە لە ماڵ نەهێڵن و دواتر كۆیدەكەنەوەو فڕێیدەدەنە ناو ئاوەڕۆی خاسەوە، ئینجا كەبەرەو كۆیە هاتوونەتەوە دیارە تاجێگاو ڕێگایان بۆ دابینكراوە میوانی ئێمە بووون، من تەنیا ئەوەندەم لەبیرە كە كامەران مەلۆتكە بوو، بەڵام چۆنیەتی هاتنەكەیانم لەبیرنەمەوە، بەڵام دایە جەمیل هەمیشە پەیوەندی بەهێزبوو ژنێكی عاقڵ و بەویقارو شكۆ بوو، هیچ تەنگژەیەك نەبوو دەست و پێی تێك بئاڵۆزكێنێ، بەڵام دوایی لە ماڵەكەی دایە جەمیل لەگەڕەكی بایزاغا گیرسانەوە كە هێندەی نەبرد هەموومان دەربەدەری ناوچەی خۆشناوەتی بووین.

كارەساتی دووەمین، گیرانی جەمال  و هاوڕێیانی بوو كە ئاوەڵزاوای هاوڕێ كەریم ئەحمەد بوو كە ئێستاوئێستاش  كەس نەیزانی گۆڕەكانیان لەكوێیە و ژنێك و چواركوڕو كچێكی لەهەژاری و نەداریدا لەدوای خۆی بەجێهێشت، بەهیەخان كەژنخوشكی هاوڕێ كەریم بوو باڵی بەسەر ئەو منداڵە سەروپێچكانەدا هێناو بەهەژاری و دەستكورتی بەخێویكردن كەناویان پشكۆ، شێركۆ، ئازاد ، دڵشاد، ناسكە بوو، ئەو منداڵانە لەزووەوە شانیاندایە بەرزەحمەتیەكانی ژیان بۆ كۆمەك كردنی داكیان لەپەیدا كردنی پاروەنانێك، چونكە من بەمنداڵی ئەوخێزانەم دیتبوو لەچ سەختییەكدا دەژیان، ئەمە سەرەڕای ئەوهەموو نالەباریە خاڵێكیان كەبرای شەهید مەجید بوو بەستەزمانە كەڕو لاڵ بوو لەگەڵیان دەژیا.

زۆرجوانم لەبیرە كە هاوڕێ مارف حەمەدەمین لەساڵی ۱۹٦۳ لەكاتی كۆدەتاكە دەچێتە ئەوماڵە دەبینێ كوڕە بچووكەكەیان(دڵشاد) بەسەرگەردانی بەجێماوە ئەویش پەلی گرتبوو لەگەڵ خۆیدا هێنابوویە كۆیە تابارەكە كەمێك هێمن بووەوە ئینجا درابووەوە خێزانەكەی.

ئێمە ناو ناوێك خێزانێكی لێقەوماومان دەدیت لەحەوشەكەمان بارو بارگەیان هەڵدەدا تاماوەیەك و دواتر كە جێگاو ڕێگایان بۆ پەیدا دەكرا دەچوونە نێو ماڵی خۆیان.لەوانەش ماڵی هاوڕێ زارا كە ئێستا لەناوەندە حزبیەكان كەس نایناسێ، شێرە ژنێك بوو بۆخۆی، تاماوەیەك خۆی و مام نەسرەتی مێردی و سێكوڕو دووكچی داڵدەدران و تامەمڕۆش ئەوپەیوەندییە خۆشەوویستیەمان هەر ماوە.

لەڕاستیدا نامەوێ زیاتر لە سەری بڕۆم، بەڵام ئەوەندە دەزانم ئەوڕووداوانە دەبێ باسبكرێن بۆئەوەی هاوڕێیان ئەمڕۆ لەسەر تێكۆشانی باب و باپرو هاوڕێیانی كۆچكردوویان سەرحاڵتربن، واشنەزانن هاوڕێیەك بە پەیژە گەیشتۆتە پلەیەكی حزبی و نیشتمان پەرووەرە ڕاستە قینەكان دەبێ خۆیان بە هاوڕێ كەریم ئەحمە بزانن وئامانج و بیرو باوەڕەكەیان لەبەرچاوبێ.

دەبێ ئەوەش بڵێین هەرچەندە حزب لەسەرەتاوە زۆر ڕێك و مەبدەئیانە باسی مەسەلەی كوردی كردووە ئینجا دواتر زۆرانكەسی دیكە وەك شەهید جەمال حەیدەری چوونەتە ناوبابەتی كوردو كوردستانەوە، بەڵام دواجار هاوڕێ كەریم ئەحمەدیش بە نامیلكە یەكی تێرو تەسەل ڕاڤەو تەفسیری ئەو بابەتە گرنگەی كردوە و دەكرێ وەك یەكیك لەو سەرچاوە گرنگانە هەمیشە لەبەر چاو بگیرێ.

دیارە لەو مێژە درێژەی حزبی شیوعیدا سەركردەی بەتواناو قارەمان و كادیری دلسۆزو پێسشمەرگەی گیان لەسەردەستی پەرووەردەكرد و هیوادارم ئەم قوتابخانەیە هەمیشە ئاوەدانبێ

وتاری نووسەران