
هەواڵی کۆچی دوایی خەباتگێڕ "د. سامیە شاکر"مان بیست، ئەم هەواڵە خەمباری کردین. د. سامیە یەکێک بوو لە ئەندامە چالاکەکانی حزب، کە هەر لە سەرەتای تەمەنی گەنجییەوە تێکەڵ بە کاری کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان بوو.
لە کاتێکدا ئەو وەک ژنێکی چالاکی بواری سیاسی دەرکەوت، بە دەگمەن ژن لەو بوارانەدا بەدەردەکەوتن؛ چونکە نۆرمە کۆمەڵایەتی و دابونەریتەکان لەو کاتەدا ڕێگری تەواویان لە دەرکەوتنی ئافرەت دەکرد. لە هەمان کاتدا، وەک ئەندامی حزبی شیوعی، ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە خەبات لە ڕیزەکانی حزبدا و هەردەم ئیلهامبەخش و هاندەر بوو بۆ ئافرەتانی تر. ئەمە جگە لەوەی لە بواری نووسیندا دەنگێکی زوڵاڵ بوو.
د. سامیە کەسایەتییەکی ناسراوی شاری هەولێر بوو، کە دوو خول ئەندامی مەجلیسی تەشریعی بوو وەک نوێنەری حزبی شیوعی. لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٩ کوردستان جێدەهێڵێت و دەگاتە ئەڵمانیا. ئەم بوارە دەقۆزیتەوە و ماستەر دکتورا لە بواری کۆمەڵناسی تەواودەکات. لە پاش ساڵانی نەوەدەکانەوە، بەردەوام سەردانی کوردستانی دەکردەوە و هاوڕێیان و دۆستانی خۆی بەسەردەکردەوە. ئەو هەردەم هاندەر و پاڵپشتی خەباتی حزب بوو.
لەدەستدانی ئەم ژنە خەباتگێڕە، بۆشاییەک لە مێژووی بزووتنەوەی ژنان دروست دەکات.
هاوخەمیمان بۆ کەسوکاری د. سامیە و ڕۆحی ئارام بێت.
تایبەتمەندی ئافرەتانی حزبی شیوعیی کوردستان
