هەندرێن ئەحمەد، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی کوردستان، ڕایگەیاند کە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان تاکە ڕێگایە بۆ پاراستنی سەروەری و قەوارەی هەرێم، و هۆشداریشی دا کە بەردەوامبوونی پەکخستنی ئەم دامەزراوەیە پێگەی کورد لە دانوستانەکانی داهاتووی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەسەر پرسی بودجە، مووچە و وزە لاواز دەکات.
هەندرێن ئەحمەد، ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتێکدا بەغدا بەرەو تەواوکردنی ئیستحقاقە دەستوورییەکانی خۆی و پێکهێنانی حکومەتی نوێ هەنگاو دەنێت، تابلۆی سیاسیی هەرێم بەهۆی پەکخستنی پەرلەمانەوە ناڕێکە. ناوبراو وتی: "ململانێ حزبییەکان بوونەتە هۆی پەکخستنی گرنگترین دامەزراوەی سەروەری، ئەمەش تەنها تەنگژەیەکی دامەزراوەیی نییە، بەڵکو کێشەیەکی قووڵ لە بونیادی ئیدارەدانی دەسەڵات لە هەرێمدا نیشان دەدات."
باسی لەوەش کرد کە لە سیستەمە فیدراڵییەکاندا، حکومەتە هەرێمییەکان هێزی خۆیان لە دامەزراوە دەستوورییە کاراکانیانەوە وەردەگرن نەک تەنها شەرعییەتی مێژوویی. ڕوونیشی کردەوە کە "بەغدا دواجار مامەڵە لەگەڵ هێزی یەکگرتووی سیاسی و دامەزراوەکاندا دەکات"، بۆیە نەبوونی پەرلەمانێکی کارا کاریگەری نەرێنی لەسەر داکۆکیکردن لە مافەکانی هەرێم دەبێت.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ئەندامەکەی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی هۆشداری دا لەوەی کە بۆشایی یاسایی و پەکخستنی سیاسی، متمانەی نێوان هاووڵاتی و دەسەڵات قووڵتر دەکات و وا دەکات هەرێم لەبری "لۆژیکی دەوڵەتداری" بە "لۆژیکی هاوسەنگیی هێز" بەڕێوە بچێت، ئەمەش لە سایەی گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا هەرێمەکە دەخاتە ژێر گوشاری زیاترەوە.
لە کۆتاییدا، ناوبراو داوای لە دەستەبژێری سیاسی، ئەکادیمی، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا کرد کە گوشارێکی ئاشتیانەی میللی دروستبکەن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، بەو پێیەی پەرلەمان "کۆڵەکەیەکی سەرەکییە بۆ گەڕاندنەوەی شكۆ بۆ دامەزراوە دەستوورییەکان و پاراستنی ئەزموونی حکومڕانیی کوردستان."

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا