
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، ئەمڕۆ لە شاری لایپزیگی ئەڵمانیا، ئەدیب و شاعیر و تێکۆشەری شیوعی د. سامیە شاکر ناسراو بە مەشخەڵ، دوای ژیانێکی پڕ لە خەبات و قوربانیدان کۆچی دوایی کرد.
پرسەو سەرەخۆشی لە بنەماڵە تێکۆشەرەکەی و هەموو خەڵکی شاری هەولێری قەڵا و منارە و نووسەر و ئەدیبان و تەواوی هاوڕێییان و پێشکەوتنخوازان دەکەین.
هاوڕێ سامیە شاکر - مەشخەڵ، هەر لە تەمەنێکی زووەوە، تێکەڵ بە خەبات و تێکۆشانی نیشتمانی و چینایەتی بووە لە ڕیزەکانی حزبی شیوعی عێراق.
مامۆستا و پەروەردەکار و شاعیر و نووسەر و ئەندامی یەکێتی نووسەران، هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا بوو لە کۆمەڵناسی و حەڤدە ساڵ مامۆستا بووە لە زانکۆی لایپزیگ.
لە ساڵانی تێکۆشاندا لە سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتییەوە هەتا کاتی ڕژێمی بەعس، خۆی و خێزانەکەی ڕووبەڕووی دوورخستنەوە و زیندانیکردن بوونەوە و کۆڵیان نەدا.
د. سامیە شاکر، لە ڕیزەکانی حزبی شیوعی و کۆمەڵەی ئافرەتاندا، نموونەی پابەندبوون و دڵسۆزی بوو بۆ نیشتمان و حزب و گەلەکەی.
لە ڕووی ئەدەبییەوە، سامیە شاکر - مەشخەڵ، ئەو یەکەم ژن بوو لە شاری هەولێر لە ساڵانی شەستەکاندا بوێرانە دەستی بە بڵاوکردنەوەی شیعر کرد و لە ساڵی ١٩٧٠ یەکەم دیوانی بەناوی (بیری چەسپاو) چاپ کرد.
هاوڕێ سامیە شاکر - مەشخەڵ، بەهۆی هێرشە فاشیستییەکانی بەعس بۆ سەر حزبی شیوعی لە کۆتایی حەفتاکاندا، ناچار بوو عێراق بەرەو ئەڵمانیا جێبهێڵێت، هەتا کۆتا ساتەکانی ژیانی هەڵگری بیر و پرەنسیپەکانی و پەیوەست بە ڕیزی حزبەکەی بوو.
یادی هاوڕێمان د. سامیە شاکر - مەشخەڵ هەر بە بەرزی و شکۆدارییەوە دەمێنێتەوە.
سەروەری بۆ کاروانە خەباتگێڕانەکەی.
مەکتەبی سیاسی
حزبی شیوعی کوردستان
٦-٥-٢٠٢٦
