
سلێمانی
حزبی شیوعی کوردستان و هاوپەیمانی نیشتیمانی ، پرسی بژێوی ژیانی هاووڵاتیان و مووچەی فەرمانبەران تاوتوێ دەکەن و جەخت لەسەر چارەسەری یەکجاری کێشەی مووچە دەکەنەوە.
ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٦/٣/٢٠٢٦،هاوڕێیان ئەبو کاروان، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان و عوسمان زیندانی و فاخیر شەهید زاهیر، ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و گۆران حسێن و مەحموود، ئەندامانی مەڵبەندی سلێمانی، پێشوازییان کرد لە شاندێکی هاوپەیمانی نیشتیمانی بە سەرۆکایەتی دڵشاد بابان، سەرۆکی هاوپەیمانیی.
لە سەرەتای دیدارەکەدا، هاوڕێ ئەبو کاروان، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە سەرۆکی هاوپەیمانی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، پاشان هەردوولا گفتوگۆیان دەربارەی چەند پرسێکی گرنگی سیاسی کرد، لەوانە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێویستی هەماهەنگی زیاتر لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و کارکردن بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەشی لایەنەکان، کە وەک پێویستییەکی ئەم قۆناغە لەقەڵەم درا.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا، پرسی بژێوی ژیانی هاووڵاتیان و مووچەی فەرمانبەران تاوتوێ کرا، هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە کێشەی مووچە بە یەکجاری چارەسەر بکرێت و چیتر ژیانی هاووڵاتیان نەکەوێتە ناو ململانیەکانەوە.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی ناوچەکە و جیهان کرا، بەتایبەتی شەڕو پێکدادانەکانی نێوان ئەمریکا،ئیسرائیل و ئێران و مەترسی و دەرهاوێشتە خراپەکانی.

