
ڕێگای کوردستان
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک نۆ مانگ بەسەر ڕێکەوتن و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک لە ئابی ۲۰۲٤،و دواتر ئاڵۆگۆڕی دەسەڵات و پێکهێنانی حکومەتی ۱٦ی نیسانی ۲٠٢٦، پارێزگاکە ڕووبەڕووی قەیرانێکی دارایی قورس بووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، تا ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق چاوەڕوانییەکان بۆ خەرجکردنی بوودجەی تایبەت بە کەرکوک جێبەجێ نەکردووە، ئەمەش ئاستەنگی گەورەی لەبەردەم سێکتەری خزمەتگوزاریدا درووستکردووە.
لە ماوەی ڕابردوودا، ئەو پڕۆژانەی لە سنوورەکە جێبەجێکراون، تەنها پشتیان بە داهاتی ناوخۆیی پارێزگاکە بەستووە. بەڵام بەهۆی نەبوونی پشتیوانی دارایی بەغدا و بەرزبوونەوەی تێچووەکان، لە ئێستادا کارکردن لە بەشێکی زۆری پڕۆژە سەرەکییەکاندا بە تەواوی ڕاگیراوە و کاریان تێدا ناکرێت.
ئەم چەقبەستووییە دارایی و خزمەتگوزارییە، تەنها کاریگەری لەسەر ژێرخانی شارەکە نەبووە، بەڵکو ڕاستەوخۆ ژیانی هاووڵاتیانی گرتووەتەوە، بە جۆرێک ڕاگرتنی پڕۆژەکان بووەتە هۆی بێکاربوونی هەزاران هاووڵاتی و کرێکار کە بژێوی ڕۆژانەیان لەسەر ئەو پڕۆژانە بووە، ئەمەش نادڵنیاییەکی گەورەی لە بازاڕەکانی کەرکوکدا درووستکردووە.
