ڕێگای کوردستان


چاودێران و شرۆڤەکارانی سیاسی هۆشدارییەکی توند دەدەن لەبارەی داڕووخانی پێگەی کورد لە هاوکێشە سیاسییەکانی عێراقدا. ئەوان پێیان وایە گۆڕەپانی سیاسیی بەغدا بووەتە گەواهیدەری دیاردەیەکی مەترسیدار؛ ئەویش یەکدەنگیی نەیارە عەرەبەکانە لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان. لەو کاتەی شیعە و سوننە لەسەر هەموو وردەکارییەکی حکومڕانی لە ململانێدایە، بەڵام هەر کە پرسەکە پەیوەست بێت بە نەتەوە و دەسەڵاتەکانی هەرێم، هەموو کێشەکانیان وەلا دەنێن و دەبنەوە بە عەرەبی قەومی و دەچنە یەک سەنگەری دژە کورد.
دواین نموونەی ئەم یەکڕیزییە عەرەبییە، کێشەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بوو لەرێگەی بۆڕی هەرێمەوە. لەوێدا بینیمان چۆن لایەنە عەرەبەکان عەبای مەزهەبییان داکەند و عەگال دیشداشەی نەتەوەییان پۆشی، تەنانەت زمانی هەڕەشەی سەربازی و بەکارهێنانی هێزیان دژی هەرێم بەکارهێنا، ئەمە سەلماندی کە لە بەغدا، دژایەتیکردنی کورد خاڵی کۆکەرەوەی هەموو دژبەیەکەکانە.
لە بەرامبەر ئەم بەرەیەدا، ماڵی کوردی لەوپەڕی پەرتەوازەیی و وێرانیدایە. شرۆڤەکاران ئاماژە بەوە دەکەن کە ململانێی توند و بەردەوامی نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتدار (پارتی و یەکێتی)، نەک هەر یەکڕیزیی سیاسی تێکداوە، بەڵکو ئینتیمای نیشتمانیی لای تاکی کوردیش کوشتووە، ئێستا وەرەقەی کورد لە بەغدا هیچ نرخێکی نەماوە، چونکە لایەنە عێراقییەکان دەزانن کورد خاوەنی یەک بڕیار و یەک ستراتیژ نییە و سەرقاڵی یەکتری شکاندنن.
چاودێرانی سیاسی دەڵێن، تا بەرژەوەندیی حزبی و شەخسی لەسەرووی بەرژەوەندیی گشتی و نیشتمانەوە بێت، کورد لە بەغدا تەنها و پەراوێز دەبێت. ئەگەر ئەم پەرتەوازەییە بەردەوام بێت، قەوارەی هەرێم نەک هەر لاواز دەبێت، بەڵکو لەبەردەم مەترسییەکی وجودیدا دەبێت کە مێژوو ڕەحم بە ئەکتەرە کەمتەرخەمەکانی ناکات.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا