
مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرش و توندوتیژییەی کرد کە ئەمڕۆ یەکشەممە، ٣ی ئایاری ٢٠٢٦، کرایە سەر خۆپیشاندانە هێمنانەکەی جووتیاران لە نزیک ناوچەی سەوزی شاری بەغدا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە سەدان جووتیار بەهۆی جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکانی حکومەت و بۆ داواکردنی مافە ڕەواکانیان کۆبوونەتەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان لەبری گوێگرتن لە داواکانیان، بە مەبەستی بڵاوەپێکردنیان هێرشیان کردوونەتە سەر. حزبی شیوعی ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم جۆرە مامەڵەیە، بەردەوامیی هەمان ئەو سیاسەتەیە کە دەسەڵاتداران بۆ بێدەنگکردنی دەنگی خەڵک و پشتگوێخستنی پێداویستییەکانی گەل پەیڕەوی دەکەن.
حزبی شیوعی دووپاتی کردەوە کە پشتگیری تەواوی داواکارییەکانی جووتیاران دەکات، لەوانە، بەرزکردنەوەی نرخی کڕینەوەی گەنم بۆ ٨٥٠ هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک، پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و دابینکردنی پێداویستییەکانی کشتوکاڵ. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە وشکەساڵی، کەمیی ئاو و گرانبوونی کەرەستەکانی بەرهەمهێنان، بارگرانییەکی زۆریان بۆ سەر شانی جووتیاران دروست کردووە و پێویستە حکومەت هەنگاوی بەپەلە بۆ چارەسەرکردنیان بنێت.
