ستار ئەحمەد

مێژووی نووسین و ڕۆژنامەگەری لە هەموو جیهاندا، ئاوێنەی باڵانوێنی ئاستی هۆشیاری و ئازادیی ئەو کۆمەڵگایانەیە، بەڵام کاتێک دەڕوانینە ناو جومگەکانی بڵاوکردنەوە و کایەی ڕۆشنبیریی خۆمان، تووشی شۆکێکی گەورە دەبین. سی ساڵ و بگرە زیاتریشە، مرۆڤی ڕەسەن و خاوەن قەڵەمی بوێر، لە پشتی دیوارە بەرزەکانی سانسۆر و فەرامۆشکردندا دەمێنێتەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی نایەوێت ببێتە پاشکۆی ئەو دەسەڵاتدارییەی کە هەموو پیرۆزییەکانی لە پێناو مانەوەی خۆیدا کردووەتە قوربانی.
ئەمڕۆ پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوە نییە کە کێ دەنووسێت و کێ بڵاوی دەکاتەوە، بەڵکو پرسیارەکە لەسەر جۆری ئەو "هزرە"یە کە ڕێگەی پێدەدرێت بگاتە دەستی خوێنەر. کاتێک دەبینین لاپەڕەی ڕۆژنامەکان و شاشەی میدیاکان پڕکراون لەو کەسانەی کە ناویان لێنراوە "نووسەر"، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ نین جگە لە ڕووپێویکەرێکی دەسەڵات، دەبێت تێبگەین کە پرۆسەیەکی سیستماتیک بۆ کوشتنی هزری ڕەسەن لە ئارادایە. ئەم نوخبە دەستکردەی کە لەسەر خوانی دەسەڵات گەورە کراون، ڕۆژانە بەرهەمی سەقەت و بێناوەڕۆک دەخەنە بەردەم میللەت، بەو هیوایەی جەماوەر لە بیرکردنەوەی قووڵ داببڕن و سەرقاڵیان بکەن بە شتی لاوەکی و پیاهەڵدانی بێبنەما.
ئەم دەسەڵاتدارییە کوردییەی کە لە هەر بوارێکدا فەرمانڕەوا بێت، پێوەرەکانی چاک و خراپی گۆڕیوە. 
لای ئەوان، پێوەری باشی تەنیا ملکەچییە، نەک توانای زانستی و ئەدەبی و هزریی. لێرەوەیە کە دەبینین نووسەرێکی بە ئەزموون و خاوەن هەڵوێست، بۆ ماوەی چەندین دەیەی تەمەنی ڕێگەی لێدەگیرێت گوزارش لە دیدگای خۆی بکات، لە بەرامبەردا کەسانێک دەکرێنە "ئەستێرە" کە نە نووسینەکانیان بەرگری لە خاک دەکات و نە لە شکۆی مرۆڤ، بەڵکو تەنیا خەریکی ڕازاندنەوەی سیمای ناشرینی ئەو دەسەڵاتەن کە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و فیکریی تێدا مردووە.
چەسپاندنی دادوەریی کوردانە بەوە نابێت کە دروشمی بریقەدار بەرز بکرێتەوە، بەڵکو بەوە دەبێت کە ڕێگە بدرێت دەنگە جیاوازەکان، ئەو دەنگانەی کە نایانەوێت ببنە بەشێک لەو گەندەڵییە هزرییەی باڵی بەسەر وڵاتدا کێشاوە، بێنە مەیدان. چۆن دەتوانین بڕوا بە گەلێک بکەین کە ئەمە "پێشەنگ"کەیەتی...؟ نوخبەیەک کە لە ئاستی ئازارەکانی خەڵکدا بێدەنگە و لە ئاستی ستەمی بڵاوکراوەکاندا، تەنیا خەریکی بەرژەوەندیی خۆیەتی. ئەمە ناپاکییەکی گەورەیە نەک تەنیا لە مێژوو، بەڵکو لەو نەوەیەش کە چاوەڕێی گۆڕانکاری و ئاسۆیەکی ڕوونتر دەکات.
کوشتنی هزر، واتە کوشتنی ویستی نەتەوەیەک. 
کاتێک دەسەڵات دەست دەخاتە ناو وردەکاریی بڵاوکراوە ئەدەبی و ڕۆژنامەوانییەکان و تەنیا ڕێگە بەو کەسانە دەدات کە لە فلتەری ئەوانەوە تێدەپەڕن، ئەوە خەریکی چاندنی تۆوی نەزانی و دواکەوتووییە. دادوەریی ڕاستەقینە ئەوەیە کە فەزا بۆ هەمووان یەکسان بێت، نەک پێنووسە ڕەسەنەکان لە ماڵەوە دانیشن و ئەوانەی "لکەدارکەری" ناو و ناوبانگی ڕۆژنامەگەریی کوردین، بببنە سوارچاکی گۆڕەپانەکە.
ئەم دۆخە نالەبارەی کە تێیدا دەژین، پێویستی بە ڕاپەڕینێکی هزریی هەیە. پێویستی بەوە هەیە کە چیتر بێدەنگ نەبین لە ئاست ئەو پەراوێز خستنە بەمەبەستەی کە بەرامبەر بە نووسەرانی ڕاستەقینە دەکرێت. ئەو کایە فەرهەنگییەی کە تەنیا بۆ "کەسە نزیکەکان" کراوەیە، کایەیەکی مردووە و ناتوانێت هیچ بەرهەمێکی زیندوو پێشکەش بە مرۆڤایەتی بکات. کاتی ئەوە هاتووە کە میللەت بزانێت کێ بە ڕاستی بۆ ئازادیی ئەوان دەنووسێت و کێ بۆ پڕکردنی گیرفانی خۆی و ڕازاندنەوەی تەختی دەسەڵات خەریکی شێواندنی مێژووی ئەم گەلەیە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا