
دەرکەوتنی سەعید جەلیلی وەک کارەکتەرێکی کایەی بڕیاردان لە ئێران و پێشنیارکردنی بۆ شوێنگرتنەوەی عەلی لاریجانی لەم دۆخەدا تەنها گۆڕانکارییەکی ئیداری نییە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ سەرکەوتنی ڕەوتێکی عەقیدەیی کە ململانێ لەگەڵ ڕۆژئاوا بە دۆخێکی هەمییشەیی دەبینێت نەک دۆسیەیەکی کاتی. جەلیلی، کە بە "دانوستانکارێکی سەرسەخت" و بڕوادار بە "ئابووریی خۆڕاگری" دەناسرێت، پێچەوانەی عەلی لاریجانی، بڕوای بە هاوسەنگی و سازشی تاکتیکی نییە.
سەرهەڵدانەوەی ئەو لەم کاتە هەستیارەدا، پەیامێکی ڕوونی تارانە بۆ واشنتۆن و تەلئەبیب کە ئەولەویەت بۆ خۆڕاگرییە نەک ڕێککەوتن.
ئەمە لەکاتێکدایە کە جەلیلی دانوستان وەک ئامرازێک بۆ چەسپاندنی هەڵوێست بەکاردێنێت، نەک دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش. ئەمەش ناوچەکە دەخاتە بەردەم قۆناغێکی نوێ لە چەقبەستوویی ئەتۆمی و ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی کراوە، چونکە ئەو ئامادەیە لە ناو قەیراندا بژی و وەک واقیعێکی نەگۆڕ مامەڵەی لەگەڵ بکات.