
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کۆمەڵێک پەیامی توندی سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی شەڕی ئێران بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە ٩٠٪ی مووشەک و سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکی ئەو وڵاتە لەناو بەرن. ترەمپ پێشبینی دەکات تەواوکردنی ئەرکە سەربازییەکانیان لە ئێران ٤ بۆ ٦ هەفتەی دیکەی پێ بچێت، تا ئەو کاتەشی ڕێککەوتنێکی نوێ نەکرێت، لە ئۆپەراسیۆنەکانمان بەردەوام دەبین.
سەرۆکی ئەمریکا هۆکاری هێرشەکانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ئێران تەنها دوو هەفتە بۆ مانگێکی مابوو ببێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆم و دەستی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگرێت. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر بگەینە ڕێککەوتن، گەرووی هورمز دەکرێتەوە، هەرچەندە هێشتا دڵنیا نین لەوەی ئێرانییەکان مینڕێژیان کردووە یان نا.
ترەمپ ڕەخنەی توندی لە هاوپەیمانی ناتۆ گرت و بە "پڵنگێکی کاغەزی" وەسفی کرد کە هیچ ڕۆڵێکی نەبووە و بێ هیوای کردوون. لە کۆتاییدا وتی، هەرچەندە ئێرانییەکان دانوستانکاری باشن، بەڵام دیار نییە دەگەنە ڕێککەوتن یان نا، ئاماژەی بەوەش دا کە نرخی وزە ئەوەندە بەرز نەبووەتەوە کە پێشتر چاوەڕوان دەکرا.