​کاتێک سیاسەت لە کایەیەکی گشتی و ئامرازێک بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندیی گشتی یان پاراستنی پەیمانی کۆمەڵایەتی، دەگۆڕێت بۆ سیستەمێکی مەترسیداری کۆنتڕۆڵکردن و پاراستنی ئۆلیگارشیانەی نوخبە و گروپە دەسەڵاتدارەکان، پرۆسەی هەڵوەشانەوەی متمانەی گشتی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگە سەرهەڵدەدات و دەبێتە گەورەترین مەترسی بۆ کایەی گشتی و ئەو ڕەهەندانەی کە پایەکانی سیستەمی حوکمڕانی ڕادەگرن؛ چونکە لەم دۆخەدا پەککەوتنی میکانیزمەکانی گۆڕانکاری و بەتاڵکردنەوەی چەمکی هاوڵاتیبوون وەک ویستێکی کۆمەڵایەتی، لەگەڵ هاوکێشەی ڕەوتی ڕووداوەکاندا گەشەدەکەن و گەورەدەبن، دەبنە هۆکاری خوڵقاندنی چەندین قەیرانی قووڵ و ناهاوسەنگ.
​لەناو ئەم هەڵومەرجە دژوارەدا، تاک دەگاتە ئەو قەناعەتەی کە پرۆسەی دیموکراسی و سندوقەکانی دەنگدان تەنها نمایشێکی گەمژانەی ناو ئەو ژینگە داڕوخاوەیە و بەپێچەوانەوە، ناتوانن بچوکترین گۆڕانکاری لە واقیعی ژیان و پێگەی کۆمەڵایەتی ئەودا دروست بکەن؛ ئەمەش وادەکات کە جۆرێک لە بێباکی سیاسی یان نیهیلیزمی مەدەنی وەک کاردانەوەیەکی سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی سەرهەڵبدات و ببێتە مایەی جۆرێک لە گرژی. سەرهەڵدانی ئەم حاڵەتەش تەنها زیان بە لایەنێکی دیاریکراوی ناو هەڵومەرجی دەوڵەتداری ناگەیەنێت، بەڵکو کۆی سیستمی سیاسی لە شەرعیەتی ئەخلاقی و یاسایی دەماڵێت و داڕووخانیسی سیاسی بەرهەم دەهێنێت، بە جۆرێک کە دەسەڵات دەبێتە فۆرمێکی کۆنکرێتیی بەتاڵ و هیچ بەهایەکی نامێنێت.
​ئەم داڕووخانە پێکهاتەییە بە شێوەیەکی قووڵ گرێدراوی تێکەڵبوونی ئۆرگانیکی نێوان هێز و سەرمایەیە؛ لەناو ئەم هاوکێشەیەشدا فەزای سیاسی تووشی داهزران و خۆرکە دەبێت و ئابوری، لەبری ئەوەی ببێتە بزوێنەری گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنی ئاستی گشتی کۆمەڵگە، دەکرێتە ئامرازی قۆرخکاری بۆ کڕینی بێدەنگی، بەرهەمهێنانەوەی شەرعیەتی ساختە و درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵات. نموونەی بەرجەستەی ئەم پرۆسەیەش لە بەشێک لە وڵاتانی بەڵکان، ئەفریقا و هەندێک وڵاتی دوای بەهاری عەرەبی زۆر بە ڕوونی خۆی وێنا دەکات و دەکرێ بڵێین ئەمانە نموونەی زیندووی ئەو ژینگە سیاسییە مەترسیدارەن کە لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد.
​بۆیە کاتێک بژێوی و کەرامەتی مرۆڤیش دەکرێتە بارمتەی ئەم شەرعیەتە ساختەیە، جیاوازییە چینایەتییەکان بە شێوەیەکی ستوونی قووڵتر دەبنەوە و درزێکی پڕ لە مەترسی لە نێوان نوخبەیەکی سەرمایەگوزاری سیاسی باڵادەست و زۆرینەیەکی بێبەشکراوی پەراوێزخراودا دروست دەبێت و سەر دەکێشێت بۆ ئاڵۆزی و هەڕەشە لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی. لەم دۆخەدا، دامەزراوە فەرمییەکان تەنها وەک دیکۆرێکی یاسایی و پێویستییەکی پرۆتۆکۆلی دەمێننەوە؛ چونکە بڕیارە جێبەجێکار و ستراتیژییەکان لە دەرەوەی ئەو چوارچێوە فەرمییانە و لە پشت پەردەی دەوڵەتی سێبەردا فۆرمەڵە دەکرێن، بەمەش چەمکی سەروەریی یاسا جێگەی خۆی بۆ بڕیاری حزبی و گروپە دەسەڵاتدارەکان چۆڵ دەکات و هاوکێشە پێکهێنەرەکانی دەسەڵات لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی تایبەت دادەڕێژرێنەوە.
​ئەم مۆدێلە لە داخران و بەتاڵکردنەوەی سیاسەت لە مانا ئەخلاقی و نیشتمانییەکانی, لە ئێستادا بە ڕوونترین و مەترسیدارترین شێوە لە واقیعی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا ڕەنگی داوەتەوە؛ هەرێمێک کە لە جیاتی پەرەپێدانی مۆدێلێکی نیشتمانی و دامەزراوەیی، بووەتە بارمتەی سیستمێکی ئیحتکاریی توند کە لەلایەن ئەحزابی حوکمڕانەوە بەڕێوەدەبرێت. ئەم هێزانە بە عەقڵییەتێکی قۆرخکارانەی تەواو، جۆگرافیای ئەم قەوارەیەیان بەسەر دوو زۆنی جیاواز و دابڕاودا دابەش کردووە، کایەی ئابوری، ئەمنی و کارگێڕییان کردووەتە موڵکایەتییەکی حیزبی و خێزانیی تەسک، و بەتەواوی پشتیان لە خواست و داخوازییەکانی خەڵک کردووە.
​لەم واقیعە تەڵخەدا، سندوقەکانی دەنگدان و ویستی هاوڵاتیان هیچ بەهایەکی ڕاستەقینەیان نەماوە؛ چونکە بازنەکانی بڕیاردان لەناو کایەیەکی داخراوی پڕ لە بەرژەوەندیی هاوبەشی حیزبیدا قفڵ کراون. پەرلەمان و شەرعیەتی یاسایی پەراوێزخراوە و حزب بووەتە ئەڵتەرناتیڤی تێکڕای ڕێڕەوەکانی پرۆسەی حوکمڕانی، هەر حزبە و زۆنێکی ئیحتکار کردووە و بە مەیلی خۆی هەڵیدەسوڕێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا مەترسییە گەورەکە لەوەدایە کە ئەم نوخبە حوکمڕانە، لەپێناو مانەوەی خۆیان و پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابورییەکانی خۆیاندا، کۆی مێژوو و قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی کوردستانیان ڕووبەڕووی مەترسیی سڕینەوە و هەرەسی ناوەخۆیی کردووەتەوە.
​ئەوان بە جۆرێک لە بێباکی و بێدەربەستیی فەرمانڕەوایی دەکەن کە وەک بڵێی هیچ باکیان بەو هەڕەشە دەرەکی و ناوخۆییە کوشندانە نییە کە لە کەرامەت و بوونی ئەم قەوارەیە دەدەن، و بوونەتە هۆکاری بنبەستێکی سیاسی قووڵ و مەترسییەکی ستراتیژی لە هاوکێشەی هێزی ناوچەکەدا؛ خەریکە ئاراستەکە بەرەو ئەوە دەچێت کە حکومەتی ناوەندی کێشەکانی هەرێم وەک دەرفەتێک بۆ کۆتاییهێنان بە یەکگرتوویی هەڵوێستی کوردی دەقۆزێتەوە و چیتر وەک ناوەندێکی بڕیاردانی بەهێز مامەڵە لەگەڵ هەولێر ناکات، بەڵکو خۆی یاری بە دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان و ئیدارەی هەرێمیش دەکات تا ئاستی ڕوکارێکی کارگێڕی لاوەکیی بچووک. هەموو ئەم خۆکەمکردنەوە و داڕووخانەش دەرئەنجامی سیاسەتی شکستخواردووی ئەحزابی حوکمڕان و ئەو قەیران و تەنگەژە مەترسیدارانەیە کە ئەمانە لە پێناو خۆیان و دەسەڵاتدارێتی حزب، بنەماڵە و بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیاندا دەستیان بۆ برد.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا