خولانەوە لە بازنەیەکی مێژوویی داخراودا، لە دیکتاتۆری مەرکەزەوە بۆ ئانارشیزمی پەراوێز، کوشتنی روحی دەوڵەت وەک پەیمانی کۆمەڵایەتی و خوڵقاندنی دۆخی پشێوی بۆ گەشەپێدان بە روحی خێڵ، بنەماڵە و گروپەکانی بەرژەوەندی، بۆ چەندین دەیەیە بووە بە مۆتەکە و چارەنوسی ئەم ناوچەیە! 

ئێمە لە وەزیفەی دەوڵەت تێنەگەیشتووین وەک گرێبەستێکی مەدەنی، دەوڵەتمان ناسیوە وەک ئامرازێکی زەبروزەنگ بۆ شکاندی ئەوانیتر. 

دوای پاشەکشەی دەوڵەت، ئاکتۆرە نادەوڵەتییەکان: گروپەکانی بەرژەوەندی و بنەماڵەکان بۆشایی دەسەڵات پڕدەکەنەوە؛ ئەوان دەوڵەت بونیاد نانێن، بەڵکو قازانج لە پشێویدا دەکەن. لڤیاتانی بچوکن و بەپارە و زەبروزەنگ کۆمەڵگا کۆنتڕۆڵ دەکەن، هاوڵاتیبوون لەناو دەبەن و ژێردەستەیی پەیوەندییەکانی گروپی خوێن و بەرژەوەندی باڵادەست دەکەن. 

ئێستاش بەم حاڵەوە؛ بانگەشەی تۆم باراک وەک سیاسییەکی ریالیست بۆ گێڕانەوەی رۆڵی دەوڵەتی مەرکەزی کلاسیک، هیچ شتێک باشتر ناکات؛ تەنها گواستنەوەی زەبروزەنگە لە ئاکتۆرە نادەوڵەتییەکانەوە بۆ پایتەختەکان! دیسانەوە قوڵکردنەوەی زەمینەی یاخیبوون و جەنگی نێوان پەراوێز و مەرکەزەکانە.
 
تۆم باراک رەنگە باش ئەم ناوچەیە بناسێ؛ بەڵام هێشتا لەچوارچێوەی هەمان بازنەی بۆشدا بیردەکاتەوە. بازنەیەک هێشتا لەدەرەوەی مێژوو مامەڵە لەگەڵ میللەتانی رۆژهەڵات دەکات. 

چارەسەر؛ بنەچەخوازی دەوڵەتی مەرکەزیی، چاکسازی یان گەڕانەوە نیە بۆ رابردوو، بەڵکو پێویستی گۆڕانکارییە لە عەقڵییەتی خۆڕێکخستن. خێڵ لە تێگەیشتنی باراک، هەمان پێکهاتە تەقلیدییەکە نیە، بەڵکو خوێن و بنەماڵە و بەرژەوەندییە، کە ئێستا بەرۆکی حزب و سیاسەتی ناوچەکەی گرتۆتەوە. بۆ رێگری لە هەوڵەکانی باراک و تێپەڕاندنی گەڕانەوەی زەبروزەنگی مەرکەز، دەبێ سیستەمی خوێن و خێڵ تێپەڕێنین و بگەین بە گرێبەستی مەدەنی. ئێمە پێویستمان بە گۆڕانکاریی فیکری، گۆڕان لە تەرزی بیرکردنەوەماندا هەیە، بەبێ ئەوە ناتوانین لەم بازنەی وێرانکارییەدا دەرباز بین. 

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا