
سەمیرەعەلی "مافناس"
لەمێژە ئەو دەستەواژەیە دەبیستم و دەبینم، بۆتە بە دیاردە و وێردی سەرزمانی هەندێ! دژ بە کچان و ژنانی ئەکتیڤ لەواقیعی سۆسیال میدیای هەرێمی کوردستاندا بەکاری دەهێنن و بەردەوام کایەی فیکری و ڕۆشنبیریی ژنان ڕووبەڕووی شەپۆلێکی توندوتیژیی ڕێکخراو دەبێتەوە.
ئەم هێرشە لەلایەن تاقمێکەوە سەرپەرشتی دەکرێت کە پاشماوەی فیکری داعش و تاریکپەرستین، نەک موسڵمانی پاکی کورد. ئەوان تەواوی مرۆڤبوونی ژن کورتدەکەنەوە لە پارچە قوماشێکدا، چاویان کوێرە لە ئاست بینینی توانا و هۆشیاری ئەو کچ و ژنانەی دەیانەوێت گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا بکەن.
تیرۆری فیکری و بینینی سێکسی نموونەکانی واقیعی ئەم هێرشە ناڕەوایە تەنها یەک بواری نەگرتۆتەوە، بەڵکو بووەتە دیاردە بەسەر تەواوی ئەو کایانەدا کە چالاکی کچان وژنانی تیابەرجەستەدەکرێت، نمونەکان زۆرن لێرەدا ئاماژە بەهەندێکیان دەکەم:
- لە بواری نووسین و ئەدەبدا: کاتێک کچێک تێکستێکی جوانی فکری یان کۆمەڵایەتی بڵاودەکاتەوە، کە تێیدا ڕەخنە لە سیستمی باو دەگرێت، لە جیاتی گفتوگۆکردن لەسەر مانا و بڕگەکانی نووسینەکەی، سووپایەکی ئەلیکترۆنی نەخۆش دەڕژێنە کۆمێنتەکان. ئەوان بێ ئەوەی یەک دێڕ بخوێننەوە، یەکسەر دەڵێن: "ئەم قسانە واز لێبێنە و بڕۆ خۆت داپۆشە".
-لە کایەی هونەری و شانۆدا: کاتێک کچێک لەسەر تەختەی شانۆ یان لە گەلەرییەکی شێوەکاریدا پەیامێکی مرۆیی یان نیشتمانی پێشکەش دەکات، عەقڵییەتی خێڵەکی تەنها سەیری جوڵەی جەستە و پۆشاکی دەکات، هونەرەکەی لای ئەوان دەبێتە "گوناهـ" و جەستەی دەبێتە ئامانجی جنێو و سووکایەتی، تەنها لەبەر ئەوەی بەو شێوازە دەرنەکەوتووە کە مێشکی داڕزیوی ئەوان دەیەوێت.
-لە کاری ڕێکخراوەیی و چالاکوانیدا: کاتێک ژنێک لە کۆڕێکدا یان لە ڕێگەی ڤیدیۆیەکەوە داکۆکی لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ دەکات، وتارەکەی پشتگوێ دەخرێت، پێوەرەکەی ئەوان بۆ سەرکەوتنی ئەو ژنە تەنها ئەوەیە:
"ئایا لەچکی لەسەرە یان نا؟" ئەگەر نەبوو، ئیتر فکری ئەو ژنە بە کفر و تێکدانی کۆمەڵگە پێناسە دەکرێت.
ئەمانەو چەندین تری هاوشێوە کەڕۆژانە لە سۆشیال میدیا دەبینین.
ئەم نموونانە دەری دەخەن کە مێشکی ئەم تاقمە ناتوانێت لە چەمکی "مرۆڤبوونی ژن" تێبگات، بەڵکو تەنها وەک ئامرازێکی سێکس یان کاڵایەک دەیبینن کە دەبێت لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندا بێت.
مێشک لە جەستەدا کاتێک عەقڵی کوردی ڕواڵەت دەپەرستێت و فکر تیرۆر دەکات! کاتێک قوماش دەبێتە پێوەری ئەقڵ و فکر زیندەبەچاڵ دەکرێت!
فۆبیای عەقڵی ژن و پەنابردن بۆ دینداریی درۆینە، پرسیاێک بەبیرمدا دێنێت بۆچی ئەم هۆردووە ئەلیکترۆنییە داعشگەرا و توندڕەوە هێندە لە فکری ژن دەترسن؟ وەڵامەکەی زۆرئاسانە چونکە فکری ئازاد و هۆشیاریی کچان و ژنان ، بنەمای تێڕوانینی ئەوان هەڵدەوەشێنێتەوە. کاتێک ناتوانن بە لۆژیک و بەڵگە وەڵامی فکری ژن بدەنەوە، پەنا دەبەنە بەر چەکی دینداریی ڕوواڵەتی.
ئەوان وا پیشانی دەدەن کە دڵسۆزی ئایین و ئەخلاقن، بەڵام لە ڕاستیدا عەقڵیان تەنها لە چاویاندایە. ئەوان دینداری کورت دەکەنەوە لە داپۆشینی دەرەوەدا، لە کاتێکدا ناخی خۆیان پڕە لە گرێی دەروونی، ڕق، و شەهوەتی کۆنترۆڵنەکراو.
ماسکی حیجاب و ڕووی ڕاستەقینەی ئەخلاقی سفر گەورەترین درۆ کە ئەم کۆمەڵگەیە باوەڕی پێهێناوە ئەوەیە کە پۆشاکی داپۆشراو نیشانەی شەرەف و پاکییە. واقیعی تاڵ پێچەوانەکەی سەلماندووە؛ چەندین کچ و ژن لەژێر پەردەی ئەم داپۆشراوییە ڕوواڵەتییەدا، کارەساتی ئەخلاقی و مرۆیی گەورە ئەنجام دەدەن. ڕەوشت لە ناخ و لە شێوازی مامەڵە و پاکی مێشکدایە، نەک لە قەبارەی ئەو قوماشەی مرۆڤەکە خۆی پێ دەشارێتەوە.
ئەو کچەی بە ئازادی و بە پۆشاکێکی مۆدێرنەوە لە سۆسیال میدیا دەردەکەوێت و فکر بڵاودەکاتەوە، شەرەفمەندتر و پاکترە لەو کچەی کە بە ناوی ئایینەوە خۆی دەشارێتەوە بەڵام لەژێرەوە خاوەنی ئەخلاقێکی سفره. قوماش نابێتە پاساو بۆ بێڕەوشتی ناخ، وەک چۆن ئازادی پۆشاک نابێتە بەڵگە بۆ بێڕەوشتی.
ئەم دیاردەیە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ ناوەندە ڕۆشنبیرییەکانمان.
بێدەنگی لە ئاست ئەم سوپایە تاریکپەرستە، واتای تەسلیمبوونی کۆمەڵگەیە بە عەقڵییەتی داعشی. پێویستە هۆش و فکری ژنان بکرێتە سەنتەری نرخاندن، نەک جەستەیان. نیشتمانێک عەقڵی کچەکانی تێیدا زیندەبەچاڵ بکرێت و تەنها سەیری پۆشاکەکەیان بکرێت، هەرگیز ڕووناکی بەخۆیەوە نابینێت.
24_5_2026
