دەستەی نوێنەرانی خاوەن بڕوانامە نوێیەکان لە هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، داوایان لە حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بە زووترین کات کێشەی بەستنەوە و خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەڵگرانی بڕوانامە نوێ و نازناوی زانستی چارەسەر بکەن و مافە یاسایی و داراییەکانیان بە تەواوی جێبەجێ بکرێت.
بابەت/ داواکاری بۆ بەستنەوە و خەرجکردنی شایستەی دارایی و دەرماڵەکانی هەڵگرانی بڕوانامەی نوێ و نازناوی زانستی
بۆ/ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ڕای گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان
ئێمە کۆمەڵەیەکین لە هەڵگرانی بڕوانامە نوێیەکان (بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا) و (نازناوی زانستی -لقب علمی). دوای ئەوەی بە مۆڵەتی فەرمی و لارینەبوونی فەرمانگەکانمان و تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارە یاسایی و کارگێڕی و ئەرکە زانستییەکان و بەدەستهێنانی بڕوانامەکانمان گەڕاوینەتەوە سەر دەوام و خزمەتکرد، بەڵام بە بڕیارێکی وەزارەتی دارایی لە دوای ڕێکەووتى (1/1/2025)ەوە، تاوەکوو ئێستا دەرماڵەی بڕوانامەکانمان بۆ نابەسترێ و ڕاگیراوە. لەکاتێکدا فەرمانی بەستنی دەرماڵەکان دەرکراوە، بەڵام تەنها مەرەکەبی سەر کاغەزەکانن و لە واقعدا جێبەجێناکرێت.
لە سەرەتادا پاساوی دواخستن و ڕاگرتنی ئەم دەرماڵانە بەسترابۆوە بە هەبوونی ڕێنمایی و بڕیاری ئاڕاستەکراو لە لایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە، کە تێیدا سەرجەم دەرماڵە نوێیەکانیان ڕاگرتبوو. خۆشبەختانە لە ئێستادا بە نووسراوی فەرمی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بە ژمارە (۲۲۲۸۸) لە ڕێکەوتی (۲۰۲٦/٦/۲۱) کە وێنەیەکی ئاڕاستەی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران کراوە، بە ڕوونی داوای بەستنەوەی دەرماڵە نوێیەکان کراوە و کۆتاییهاتنی یەکجارەکیی ڕاگرتنی دەرماڵەکان ڕاگەیەندراوە. بەڵام سەرباری دەرچوونی ئەم بڕیارە و هەڵگرتنی تەواوی بەربەستە کارگێڕییە یاساییەکان، تاوەکو ئێستاش لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی پابەند نەبوون بە جێبەجێکردنی. لە کاتێکدا کە لە ئێستادا پرۆسەی پێداچوونەوە و دەستکاریکردنی دەرماڵەکان بەڕێوەدەچێت و چەندین جۆری تری دەرماڵە کە هاوکات لەگەڵ ئەم بڕیارەدا ڕاگیرابوون، ئێستا خەرج کراوەتەوە و بەستراون.
لە هەموو ڕوانگەیەکەوە، ئەم ڕاگرتنی دەرماڵانە غەدرێکی گەورەیە و کاریگەری نەرێنی ڕاستەوخۆ لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی هزری، دڵسۆزی بۆ دامەزراوەکان و بە ڕوونی گەشەسەندنی ئەکادیمی لاواز دەکات و پەکی دەخات. بڕیارەکە تەواو نایاساییە و هیچ پاساوێکی نیە، کە چۆن کەسانێك بە هەموو ڕێکارێکی فەرمی بڕوانامە و نازناوی زانستی بەدەست دەهێنن و هەموو فەرمانێکی کارگێڕییان هەیە بۆ بەستنی دەرماڵەکانیان بەڵام بە ڕێنماییەک ڕاگیراوە و کاری پێناکرێت!
داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی و ئابووری و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بە زووترین کات ئەم هەنگاوە کارگێڕییانە بنێن:
یەکەم: ئەنجامدانی کاری خێرا و جدی، بە مەبەستی بەستنەوەی فەرمیی دەرماڵەکانی بڕوانامە نوێیەکان (بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا) و نازناوی زانستی (لقب علمی).
دووەم: خەرجکردنی سەرجەم شایستە داراییە پاشەکەوتکراوەکان لە ڕێکەوتی دەستبەکاربوونەوەی فەرمییانەوە قەرەبوو بکرێتەوە و بە فروقات(جیاوزیەکان) هەمووی سەرف بکرێنەوە.
سێهەم: دەرکردنی ڕێنماییەکی ڕوون، یەکگرتوو و دادپەروەر بۆ سەرجەم دامەزراوەکان بە ئامانجی نەمانی جیاکاری، خێراکردنی پرۆسەی بەستنەوەی دەرماڵەکان و مسۆگەرکردنی پاراستنی تەواوی مافە یاساییەکانی توێژەران.
ئەمە داوایەکی ڕەوا و سەرەتاییترین مافە هیوادارین لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرپرسیاریتیی مێژوویی و ئەخلاقیی خۆیان لەم بارەیەوە جێبەجێ بکەن.
دەستەی نوێنەرانی خاوەن بڕوانامە نوێیەکان


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا