
دژی گوتاری ڕق و کینە؛ بەرگریکردن لە پێکەوەژیان و ئاشتیی کۆمەڵایەتی
جەماوەری سەربەرز و ئازادیخوازی کوردستان
لە کاتێکدا کۆمەڵگەکەمان زیاتر لە هەر کاتێک پێویستی بە تەبایی و یەکێتی هەیە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە فرەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە، دەنگگەلێکی توندڕەو و پڕ لە ڕق و کینە دەبیسترێن کە هەڕەشە لە پێکهاتە ڕەسەنەکانی هەرێم و ناوچەکە دەکەن. ئەو گوتارە ڕقئامێزەی کە ئێزدییەکان و پێکهاتە جیاوازەکانی تر دەکاتە ئامانج، درێژکراوەی هەمان هزر و ئایدۆلۆژیای تاریکپەرستانەی «داعـ،،ـش»ن کە برینی زۆریان لە جەستەی نیشتمانەکەماندا جێهێشت.
ئێمە لە حیزبی شیوعیی کوردستان، بە توندی سەرکۆنەی هەر جۆرە گوتارێک دەکەین کە ڕق، بێڕێزی و تـ،،ـیرۆری هزری دژی ئێزدییەکان یان هەر پێکهاتەیەکی تر بڵاو بکاتەوە.
تاریکپەرستان دەبێت بزانن کە ئەزموونی ڕابردوو دووبارە ناکرێتەوە؛ ئەمجارە نەک تەنیا خوشک و برا ئێزدییەکانمان، بەڵکو تەواوی جەماوەری ئازادیخواز، هێزە پێشکەوتنخوازەکان و تەواوی ئەو کۆمەڵگەیەی بڕوای بە پێکەوەژیان، ئازادی و کەرامەتی مرۆڤ هەیە، لە ڕووی تیرۆریزم و هزری داعـ،،ـشی دەوەستنەوە.
سەروەری و ئاسایشی کۆمەڵگەکەمان لە پاراستنی ئازادیی بیروباوەڕ و کەرامەتی هەموو پێکهاتەکاندا کورت دەبێتەوە. لێبوردەیی و پێکەوەژیان ڕەسەنایەتیی ئێمەیە و ڕێگە نادەین هزری توندڕەوی ئەم بەهایانە تێک بدات.
نەمری بۆ شەهیدانی ڕێگای ئازادی و ڕووڕەشی بۆ توندڕەوان و تیـ،،ــرۆریستان.
حیزبی شیوعیی کوردستان
ڕێکەوتی: ١١ / ٨ / ٢٠٢٦
