
هەولێر، ١٩ی تەمموزی ٢٠٢٦ – سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان، کۆتایی بە خولێکی ڕاهێنانی دوو ڕۆژە هێنا کە تایبەت بوو بە "بنەماکانی ڕووماڵکردنی پیشەییانە لە کاتی جەنگ و ململانێکاندا". لە خولەکەدا، کە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، پۆلێک لە ڕۆژنامەنووسانی شارەکە و پەیامنێرانی هەریەک لە کەناڵی (تی ڤی ئازادی) و (ڕێگای کوردستان) بەشدارییان کرد و لە کۆتاییشدا بڕوانامەیان پێبەخشرا.
لە دووەم و دوایین ڕۆژی خولەکەدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە لە هۆتێل دیدەوانی بەڕێوەچوو، د. سامان فەوزی لایەنە یاساییەکانی کاری میدیایی بۆ بەشداربووان شی کردەوە. د. سامان بە وردی تیشکی خستە سەر "بنەماکانی یاسای ڕاگەیاندن" و ئاماژەی بەوە کرد کە ڕۆژنامەنووسان دوو بەرپرسیارێتی (یاسایی و مەدەنی)یان لەسەر شانە. هەروەها جەخت لەسەر ماددەی ١٩ی یاسای نێودەوڵەتی و "یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١٣ی هەرێم" کرایەوە، وەک دوو کۆڵەکەی سەرەکی بۆ کاری ڕۆژنامەگەریی یاسایی.
لە ڕووی ئیتیكی کارەوە، د. سامان فەوزی ئامۆژگاری ڕۆژنامەنووسانی بەشداربووی کرد کە جیاوازییەکی ڕوون بکەن لە نێوان ژیانی تایبەت و گشتی کەسەکاندا، بەتایبەت لە کاتی ململانێدا، و جەختی کردەوە کە پاراستنی نهێنییەکانی وەک (پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان، باری تەندروستی و دارایی) بەشێکی جیانەکراوەن لە ئەخلاقیاتی پیشەیی.
خولەکە دوێنێ شەممە دەستیپێکرد، کە تێیدا ڕاهێنەر سەلام عومەر بەشی یەکەمی ڕاهێنانەکەی بەڕێوەبرد. لەو بەشەدا چەمکی "ڕۆژنامەگەریی هەستیار بۆ ململانێ" و هاندانی ئاشتی و تێگەیشتن لە پاشخانی جەنگەکان تاوتوێ کرا. هاوکات، مەشقی پراکتیکی لەسەر هونەری "پیت چین" بۆ خستنەڕووی چیرۆکەکان و شێوازی پرسیارکردن لە چاوپێکەوتنەکاندا بۆ پەیامنێران ئەنجامدرا.
هەر لە چوارچێوەی ڕۆژی یەکەمدا، باس لە گرنگی "پەروەردەی میدیایی" کرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دڵەڕاوکێیەی بەهۆی زۆریی زانیارییەکانەوە لە کاتی جەنگدا ڕووبەڕووی کۆمەڵگە دەبێتەوە، کە تێیدا ئاماژە بە ئەزموونی سەرکەوتووی وڵاتانی سکاندیناڤیا کرا لەو بوارەدا.
ئەم خولە لە چوارچێوەی زنجیرە هەوڵەکانی سەنتەری میترۆدایە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پیشەیی، یاسایی و ئیتیكی ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان، بە ئامانجی ڕووماڵکردنی زانستییانەی ڕووداوە هەستیارەکان.



