
ژووری هەواڵ
تا ئێستا هیچ بڕیارێک یان ڕاگەیەندراوێکی فەرمی، نە لەلایەن حکومەتی هەرێم نە لەلایەن حکومەتی عێراق، لەبارەی گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بۆ کەرکوک و خورماتوو بوونی نییە، بەڵام بەبۆچوونی چاودێرانی سیاسی و شارەزایانی سەربازی، ئەو ڕاگەیەندراو و لێدوانە یەک لە دوای یەکانەی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو، بەبێ هۆکارو بێ زانیاری نین.
دوێنێ وەزارەتی بەرگری عێراق کشانەوەی سوپای لە کەرکوک و خوورماتوی ڕەتکردەوە. بەڵام سەرەڕای ئەم ڕەتکردنەوە فەرمییە، هەر دوێنێ بەسەدان ئۆتۆمبێلی سەربازی لەو ناوچانە بەرەو بەغدا گەڕانەوە.
پێشتریش ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی کوتلەی تورکمانی لە پەرلەمانی عێراق و ئەحمەد ڕەمزی سەرۆکی لێژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، داوای مانەوەی سوپای عێراقیان کرد، لەم ناوچانە.
هەروەها چاودێرانی سیاسی و شارەزایانی سەربازی پێیان وایە جووڵەکان بێهۆکار نین و گۆڕانکاریی لە ئارادایە، بە جۆرێک پێشبینی دەکرێت داهاتووی عێراق، بەهۆی ململانیەکانی حکومەت و گرووپە چەکدارەکان، بە ئاراستەیەکدا بڕوات کە حکومەت و سوپا ناچار بن بۆ پاراستنی سەقامگیری، پشت بە هاوکاری و هەماهەنگیی هێزەکانی پێشمەرگە ببەستن.
