
رێگای كوردستان
هەموو چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بوون، بەو ئومێدەی بڕیارێکی یەکلاکەرەوە لەسەر ناردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێم بدرێت، بەڵام بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمیی کۆبوونەوەکە، ئەو پرسە بە تەواوی پشتگوێ خرا و هیچ بڕیارێکی لەسەر نەدرا.
بەپێی زانیارییەکان، لە کاتی تاوتێکردنی پرسەکاندا، وەزیرە کوردەکانی ناو کابینەی بەغدا هیچ جۆرە بەرگرییەک یان قسەیەکیان لەسەر شایستە داراییەکانی هەرێم نەکردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر خۆیان وەک داکۆکیکاری مافی مووچەخۆران نیشان دەدا، بەڵام دەرکەوت کە کارەکانیان زیاتر لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێنماییە حکومییەکاندا کورت دەبێتەوە، نەک خستنەڕوو و بەرگریکردن لە ئازار و بژێویی خەڵک.
شیکەرەوە سیاسییەکان پێیان وایە کە بەردەوامیی ئەم ناکۆکییانەی نێوان هەولێر و بەغدا، مەترسییەکی جددی لەسەر ئایندەی بژێویی فەرمانبەران دروست دەکات. بە بڕوای ئەوان، کێشەکان نەک بەرەو چارەسەر ناچن، بەڵکو لە داهاتوودا ئاڵۆزیی زیاتریش بەخۆیانەوە دەبینن.
لەلایەکی دیکەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بە پاساوی کەمبوونەوەی داهات، درێژە بەو ململانێ و کێشە داراییانە دەدات لەگەڵ عێراق، لە کاتێکدا هاوڵاتییان چاوەڕوانی ئەوە بوون کە حکومەت بە هەر شێوازێک بێت چارەسەرێکی ڕیشەیی و کۆتایی بۆ ئەم قەیرانە بدۆزێتەوە.
