
لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان لەبەردەم كۆمەڵێك تەنگژەی جەوهەری وقەیرانی سیاسی و ئابووریدایە، حیزبی شیوعیی كوردستان نەخشەڕێگایەكی نیشتمانی خستووەتە ڕوو كە تێیدا جەخت لەسەر گۆڕینی چەقی كاری سیاسی لە ململانێی هێزەكانەوە بۆ ئیستیحقاقی هاووڵاتییان دەكاتەوە.
ئەم پڕۆژەیە كە دەرئەنجامی گفتوگۆی مەیدانییە لەگەڵ دەستەبژێر و جەماوەر، هەوڵێكە بۆ ڕزگاركردنی قەوارەی هەرێم لە ڕێگەی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و كۆتاییهێنان بە سیستەمی زۆنی حیزبی بۆ زۆنی نیشتمان و هاوڵاتی كارای كوردستانی. بۆ تێگەیشتن لە وردەكارییەكانی ئەم پرۆژەیە لەم دۆسییەدا. (حسێن ئاڵەیی ) ئەندامی سەرکردایەتی حیزبی شیوعیی کوردستان وەڵامی پرسیارەكان دەداتەوە.
پرسیار: ئایا گواستنەوەی چەقی کاری سیاسی لە دابەشکردنی کورسی و ئیستیحقاقاتی حیزبییەوە بۆ 'ئیستیحقاقی چین و توێژە پەراوێزخراوەکان'، چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر شکاندنی بنبەستی سیاسیی ئێستا؟ و دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیش چۆن دەتوانن پابەندی ئەم ئاراستەیە بن؟"
وەڵام: ئاشکرایە ئەم پڕۆژەیەی حیزبی شیوعیی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی ڕاپۆرتی سیاسیی کۆنگرەی هەشتەمی حیزبی شیوعیی کوردستانەوە هاتووەتە بەرهەم. بەشێکی گرنگی گفتوگۆکانی پێش کۆنگرە و دوای کۆنگرە ، لە سەرجەمی ڕێکخستنەکان و تێکڕای ئۆرگانەکانی حیزبدا، هەوڵی بێوچان هەبووە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی گونجاو بۆ دەربازکردنی هەرێمی کوردستان لە قەیرانی بەردەوام. ئەم پڕۆژەیەش یەکێکە لەو سەدان نەخشە ڕێگا چارەسەریانەی کە حیزبی شیوعی کوردستان پێشکەش بە ڕای گشتی دەکات.
لە ڕاسپاردەکانی کۆنگرەدا هاتووە: شیوعییەکانی کوردستان بە تێکڕا ئەرکدار دەکات کە وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی جدی، لە ڕوانگەی باوەڕی چینایەتییەوە و بە پشت بەستن بە جێگرەوەی سۆسیالیستی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و هێنانەدی حوکمڕانییەکی باش، کار بۆ کۆکردنەوەی هێز و گروپە جیاوازەکان بە ڕوانگە و تێڕوانینی جیاوازەوە بکات، لە دەرەوەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی ساختە.
ئەم نەخشە ڕێگا نیشتمانییەش دەڵێت: با بە هێز و هۆشیارییەوە، لە دەوری پڕۆژەیەکی گشتگیری هەمەلایەنە، هیچ نەبێت لەم قۆناغەدا کۆببینەوە.
بۆ ئەوەی بتوانین جەوهەری قەیرانی گشتگیر دیاری بکەین و ململانێی نادروستی حیزبی لەسەر بەرکەوتەی حیزبی بگۆڕین بە ململانێی خەڵک و حکومەت، بەرکەوتەی خزمەتگوزاری گشتی. لەبری گفتوگۆی سیاسی بۆ دابەشکاریی پۆست و سامان، گفتوگۆی بەرهەمدار بکەین کە گەشەپێدان و پڕۆژەی جێگرەوە، چاکسازی، بنەبڕکردنی گەندەڵی و بەهەدەردان ببنە بابەتی گفتوگۆکان و دەستی حیزب لە کایەکانی حوکمڕانی داببڕین.
ئامانج لە حوکمڕانی بریتی بێت لە: مرۆڤ سازی، نیشتمان سازی، گەشەپێدان، چەسپاندنی دیموکراسی و شەڕی هەژاری.
ئازادییە کەسییەکان و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانی وەک یەک لەبەردەم یاسادا بۆ هەمووان فەراهەم بکرێت.
لە ڕاستیدا ناکرێت هەوڵەکانی پێشو نادیدە بکرین کە لەلایەن گروپ و پێکهاتە جیاوازە سیاسییەکان خراونەتە گەڕ.
بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کە هەوڵەکانی پێشوو تێکڕایان لە چوارچێوەی ڕێگەچاری ململانێی حیزبی خراونەتە ڕوو. کەمتر کۆمەڵگە خراوەتە ناو ململانێکانەوە، یان دەکرێت بڵێین: پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و چین و توێژە جیاوازەکان خراونەتە دەرەوەی کێبڕکێکە.
بەرژەوەندییەکانی خەڵکی چین و توێژە جیاوازەکان بەکارهاتوون بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە حیزبی و بنەماڵەییەکان. تێکڕا وەک پردی پەڕینەوەی بەرژەوەندخوازان خراونەتە گەڕ.
هەرکاتێکیش بەرژەوەندییە حیزبییەکان ڕووبەڕووی مەترسی هاتبێتن، ئیدی خەڵک و بەرژەوەندییەکانیان خراونەتە دەرەوەی پرسەکان.
هێزەکانی لە دەسەڵاتدان و ئەوانەی ناوی ئۆپۆزسیۆنی ئەم دەسەڵاتەیان هەڵگرتوە، وەک یەک هاوڕابوون لەسەر بەکارهێنانی قەوارەی هەرێم و خەڵکەکەی بۆ پارێزبەندیی حیزبی.
شیوعییەکانی کوردستان دەرکیان کرد کە ئیدی گۆڕانکاریی ڕیشەیی و دەربازکردنی قەوارەی هەرێم و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی گشتگیر، بەم هێزە سیاسییە خاوەن کورسییە پەرلەمانییانە ناکرێت و
نایەتە دی و ناکرێت هەر چوار ساڵ جارێک خەڵک بەکار بهێندرێت بۆ پاراستنی مانەوەی کورسییە بێ کاریگەرەکانی پەرلەمانی کوردستان.
ئەم ڕاستییەی حیزبی شیوعیی کوردستان لەم خولەی پەرلەمانی داخراوەدا پشتڕاست کرایەوە.
دەبێت لەبری کورسی، چین و توێژە پەراوێزخراوەکانی کوردستان هەم گۆڕانکاری بکەن، هەمیش خاوەندارێتی لە خۆیان و پاراستنی قەوارەکە بکەن. پێویستە کۆمەڵگە ئەم ئەرکە وەربگرێت، ئەمەش بە گەڕانەوەی ئەوان بۆ بەشداریی سیاسی بەرجەستە دەبێت.
حیزبی شیوعیی کوردستان دەزانێت کە کورسیی پەرلەمانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، نە لە ڕابردو و نە لە ئێستادا نەی توانیوە و ناتوانێت پنتێک لەم بارودۆخە چاک بکات، نەک بگۆڕێت.
لە ڕاستیدا دەبینین لە ئەنجامی ململانێی دوو حیزبی دەسەڵاتداری خاوەن هێز و پارە، نوێنەرایەتی پەرلەمان ناتوانێت بە شێوەیەکی یاسایی و ئاسایی ئەرکی پەرلەمانێتیی خۆی وەک ئەوەی کە هەیە جێ بە جێ بکات.
لەبەرەوە، پڕۆژەکەی حیزبی شیوعیی کوردستان پڕۆژەی خەڵکە، نەک هی حزب.
ئەم ئاڵوگۆڕەی سپاردنی ئەرکەش لە لای شیوعییەکان و کۆمەڵگەشەوە گرنگە.
هەر ئەمە هۆکارێکی گرنگ و کاریگەر دەبێت بۆ تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی.
ململانێکە دەگوازرێتەوە بۆ نێوان خەڵک و دەسەڵات، نەک هێزە سیاسییەکان. ئەمەش ئەو بێ هیواییەی لە کۆمەڵگەدا هەیە دەگۆڕێت بۆ هێز و هەوڵدانی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران و دروستکردنی فشاری بەردەوام بۆ هێنانەدی ژیان و گوزەرانێکی دوور لە قەیران.
لە هەمان کاتدا کۆدەنگی لەسەر بنەمای هاوبەشی لە بەرژەوەندیی گشتی دروست دەکات و هەمووان، بە خەڵک و ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات، لەم قۆناغەدا ئەرکدار دەکات.
دەسەڵات و بنەماڵە سیاسییەکان ناچار بە ترس دەکات. سەنگەری دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی ساختە لاواز دەکات.
بەرەیەکی بەهێز و خاوەن بڕیاری خەڵک جیا دەکاتەوە.
ترس لە فشاری جەماوەریی بەرفراوان، ئاسۆکانی گۆڕانکاری و ڕزگارکردنی هەرێمی کوردستان لە قەیرانی گشتگیر نزیک دەکاتەوە و پایە و بنەماکانی قەوارەی هەرێمیش بەهێز دەکات.
پرسیار: نەخشەڕێگاکە جەخت لەسەر دوورکەوتنەوە لە سیاسەتەکانی بانکی نێودەوڵەتی و تایبەتکردنی کەرتی گشتی دەکاتەوە. لە هەمان کاتدا داوای دابینکردنی بیمەی بێکاری و خزمەتگوزاری بە ڕووخساری خۆڕایی دەکات؛ لە ڕووی ئابووری و داهاتەوە، میکانیزمی واقیعی بۆ جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە لە هەرێمێکی وەک کوردستاندا چییە؟"
وەڵام: ئەوەی کە گرنگە، دەبێت هەمووان هاوڕابین کە ئەم سیستەمە ئابوورییەی لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت، پێویستە بگۆڕدرێت. چونکە ئاشکرایە کە خراپ بەڕێوەبردن لە ئابووریدا، هۆکاری سەرەکییە بۆ دروستکردنی قەیرانی گشتگیر، هەروەها بۆ دابەشبوونی کۆمەڵایەتی. لە هەمان کاتدا، بۆ زیادکردنی هەژاری و بەهەدەردانی داهات و خەرجییە زیادەکان، بەکارهێنانی پارەی گشتی بۆ گروپ و هێز و بنەماڵەی سیاسی، ناشیرن کردنی پرسی قەوارەی هەرێم و دەستبەرداربوونی هاونیشتمانیان لە نیشتمان. ئەمەش دەرهاویشتەی ئەم ململانێ ناتەندروستەی دوو حیزبی حوکمڕانە.
ئەم سیستەمە ئابوورییە، جیاوازییەکی گەورەی لە نێوان خەڵکی گشتی و دەستەبژێرانی بنەماڵە سیاسییەکاندا دروست کردوە. بە جۆرێک خەڵکی گشتی دەستی بە سەرەتاییترین خزمەتگوزاری ناگات.
تێکڕای کەرتە خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک نەخۆشخانە و خوێندن و ئاو و کارەبا و پێداویستییە سەرەتاییەکان، خراونەتە خزمەتی کەرتی تایبەت و کۆمپانیا ساختەکانی دەستڕۆیشتووانی هەردوو حیزب لە هەرێمی کوردستان.
حیزبی شیوعیی کوردستان، لە نەخشە ڕێگاکەی خۆیدا توێژە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگە و هێزە پەراوێزخراوەکەی کوردستان دەکاتە سەنتەر. داوا دەکات تێکڕای خزمەتگوزارییەکان بۆ هەژاران و کرێکاران و جوتیاران و هاونیشتمانیان، لە دەرەوەی بازاڕی ئازاد و بە تایبەتکردن، دەستەبەر بکرێن.
کەواتا ئەم گۆڕانکارییە لە دۆخی هەرێمی کوردستاندا کاتێک بەرهەمی دەبێت ئەگەر:
1. پێداچوونەوە بە باجدا بکرێت.
2. سامانی گشتی بە نیشتمانی بکرێت.
3. پشکی حیزبە سیاسی و بنەماڵە دەستڕۆیشتووەکان لە سامانی گشتی کۆتایی پێ بێت.
هەروەها گرنگی دان بە کەرتی گشتی و کەمکردنەوەی ڕۆڵی کەرتی تایبەت و بەکارهێنانی سامانی گشتی بۆ بەرژەوەندییەکانی خەڵک.
بە کردەوە سەلمێندراوە کە دەسەڵات تێکڕای کایەکان، بە ژیان و سامان و پیرۆزییەکانیش، بۆ مانەوەی خۆی بەکار دەهێنێت.
هەر سامانی وڵات نابات، بەڵکو هزر و ئیرادە و دەنگی هاونیشتمانیانیش دەبات.
خودی قەوارەکەشیان خستۆتە ژێر پارێزبەندیی بەرژەوەندییەکانی خۆیان.
بە ئاشکرا دیارە کە لەم دۆخە ناهەموارەی ئێستادا، سەرەڕای بوونی دەیان مەترسیی جۆراو جۆری جدی، بەڵام ئەوان هێشتا مل بۆ داخوازییەکانی خەڵک نادەن و سەلامەتیی مانەوەی قەوارەکە بەلایانەوە جێگەی مشت و مڕ نییە.
هێندەی وەدەستخستنی سامان و کەڵەکە کردنی بۆ حزب و بنەماڵە دەستڕۆیشتووەکانیان گرنگی پێ دەدەن و شەڕی لەسەر دەکەن.
ئەوەی کە هەیە و دەگوزەرێت جگە لە هەبوونی دەسەڵاتێکی بنەماڵەیی و خێڵ پارێزی شتێکی دیکە نییە.
پرسیار: بڕینی دەستی حیزب لەناو هێزە ئەمنی و سەربازیەکانی وەک پێشمەرگەدا و یەکخستنیان لەسەر بنەمای نیشتمانی چۆن دەتوانرێت لەم دۆخەدا بەدی بێت کە دەسەڵات بەسەرچاوەی سەرەکی قەیرانەکە دەناسێنرێت، و پەیوەندیی ئەم چاكسازییە بە پاراستنی قەوارەی هەرێمەوە چییە لە بەرامبەر عەقڵییەتی ناوەندێتیی عێراقدا؟"
وەڵام: حیزبی شیوعیی کوردستان لە دوای دامەزراندنی سوپای یەکگرتووی کوردستان، ئەم مەسەلەیەی بە ئاشکرا ڕاگەیاندوە. بەوەش نەوەستا و هێزەکانی خۆی لە ڕووی چەکدارییەوە ڕادەستی سوپای نیشتمانی کرد.
بەڵام بە داخەوە، تەنها حیزبی شیوعیی بوو ئەم هەنگاوەینا بە کردەیی.
لەو کاتەوە، بەردەوام بانگەواز دەکات کە پاراستنی قەوارەی هەرێم بە هێزی سەر بە حیزب و دەزگای ئاسایشی حیزبی ناکرێت.
بەڵکو بە پێچەوانەوە، پێویستی بە هێزێکی نیشتمانی یەکگرتوو هەیە کە دەبێت هی هەمووان بێت.
لە ڕاستیدا، لە ئێستادا کە هێزەکانی دەسەڵات خۆیان بە کردەیی هۆکاری ئەم هەموو قەیران و مەترسییانەن، ئاسان نییە ئەمە ڕێکبخرێت.
بۆ جێبەجێکردنی ئەمە، کوردستان پێویستی بە پەرلەمانێکی چالاک ، خاوەن بڕیار و کارا هەیە کە بتوانێت بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات. کە لە ئێستادا، بەم پەرلەمانە لەکارخراوە ناکرێت.
بە بڕوای ئێمە، دەبێت لەم قۆناغەدا یەکێک لە داواکارییەکانی خەڵکی بەرفراوان، دروستکردنی هێزێکی نیشتمانی یەکگرتوو بێت، هەتا بتوانێت هەرێم لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی داڕمان بپارێزێت.
پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆشی دەبێت بۆ ئیدارەدانی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا. دەتوانێت قەوارەی هەرێم بە پێوە ڕابگرێت لە بەرامبەر هەڕەشەکانی گروپە چەکدارەکانی ناو عێراق و ڕووبەڕووبوونەوەی شۆڤێنییەتی ناو دەوڵەتی عێراق.
باوەڕ و متمانە بۆ تاکی هێزی پێشمەرگە و ئاسایش دەگێڕێتەوە.
تاکی کوردستان وەک ئێستا، لەبری ترس لە هێزەکانی سەر بە دەسەڵات، بە پارێزەری سەر و ماڵی خۆیان و پاسەوانی نیشتمانیی دەزانێت و داکۆکی لێ دەکات.
پرسیار:"لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی ناوەندێکی ئۆلیگارشی و حیزبی وەک ڕێگری سەرەکی لەبەردەم جێبەجێکردنی پرۆژەکەدا، کام هەنگاو و میکانیزمی مەدەنی و ئاشتییانە پێویستە بۆ ئەوەی ئەم هێڵە گشتییانە بگۆڕدرێن بۆ 'فشارێکی فیکری، سیاسی و جەماوەری' کاریگەر؟"
وەڵام: حیزبی شیوعیی کوردستان، لە ڕاپۆرتی سیاسیی خۆیدا دەستنیشانی حوکمڕانی هەرێمی کوردستانی کردوە لەم قۆناغەدا.
ئێمە لە حیزبی شیوعیی کوردستان ئەو ڕاستییە دەزانین کە بنەماڵە دەستڕۆیشتووەکانی هەرێم، بە ئاسانی دەستبەرداری بەرژەوەندیی بنەماڵەکانیان نابن. هێزی حیزبی ڕادەستی حکومەت و دەزگە فەرمییەکان ناکەن. ئامادەی بە نیشتمانی کردنی سامانی نیشتمانی نین. خەڵک و توێژەکانی کۆمەڵگە بەشداری پێ ناکەن. ئۆپۆزسیۆنیش وەک هەمیشە، ئاو دەڕێژێتە ئاشی دەسەڵات و پێکەوە سیاسەتی پۆپۆلیستی درێژە پێ دەدەن.
لە ئەنجامی بە بنبەست گەیشتنی هەرێم، پەکخستنی پەرلەمان، و دروست نەکردنی کابینەی نوێ، هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی ڕووبەڕووی دۆخێکی خراپی ئەمنی، بەرتەسکبوونەوەی پانتاییەکانی ئازادیی ڕادەربڕین، بچووکبوونەوەی دەسەڵات لە چوارچێوەی کەسانێکی کەمدا، و چالاکبوونی زیاتری ڕۆڵی حیزب لە ناو دامودەزگەکانی حوکمڕانیدا بوونەتەوە.
حیزبی شیوعیی کوردستان گەییشتە ئەو بڕوایەی کە دەبێت پڕۆژەیەکی گشتی نیشتمانی، بە هاوبەشی پێکهێنانی نوێنەرانی کۆمەڵگە لە سەرجەم چین و توێژەکان و لە بەشێکی شارەکانی کوردستان، دەست پێ بکات بۆ بەکۆمەڵایەتی کردنی پرۆژەکە. هەرواشمان کرد.
بۆ ئەوەی لە ڕاستیدا، پرۆژەکە بەرگی حیزبی لە خۆی داماڵێت و بەرگێکی نیشتمانی بەبەردا بکرێت. ئەم نەخشەڕێگایە خرایە بەردەستی هەمووان، ئەمەش بۆ ئەوەی ئەو ڕاستیە بسەلمێت نەخشە ڕێگەی هەمووانە نەک بە تەنها هی حیزبی شیوعیی کوردستان.
ئێمە پێمان وایە کاتێک بەکۆمەڵایەتی دەکرێت کە پرۆژەکە لە ڕای خەڵکەوە سەرچاوەی گرتبێت، هەتا خاوەندارێتی لێ بکات.
ئەوەی ئێستا ماوەتەوە، کۆکردنەوەی سەرجەم هێز و گروپە چەپ و پێشکەوتنخوازەکانە لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا.
هەوڵی تەواو بدرێت بۆ کۆکردنەوەی توێژە پەراوێزخراوەکان و خەڵکی ناڕازیی دەرەوەی دەسەڵات. دروستکردنی بەرەیەکی بەرفراوان و بەهێز بەشداری پێکردنی هەمووان.
بۆ ناچارکردنی هێزە دەستڕۆیشتووەکان بە ڕادەستکردنی پرسی چاکسازی، بنەبڕکردنی گەندەڵی، بەرەپێدانی خزمەتگوزاری، پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەرخستنەوە لە دەست تێوەردانی حیزبی.
ئەمەش پشتگیریی پێویستە.
لە ڕاستیدا، قەیرانەکە لە ئەنجامی بێ بەشکردنی خەڵک و دوورخستنەوەیان لە دەسەڵاتەوە سەرچاوەی گرتوە. چارەسەریش تەنها بەشداری پێکردنی خەڵک و پەراوێزخراوەکانە لە دەسەڵات. حەقیقەتیش ئەوەیە:
دەبێت هەمووان هەرێمی کوردستان بە هی خۆیان بزانن و کار بۆ چاککردن و مانەوەی بکەن.
ئەم پڕۆژەیەی حیزبی شیوعیی کوردستان هەوڵ و ڕێگەچارەیەکە بۆ بەشداری پێکردنی هەمووان لە ئەرک و مافدا. لای ئێمە، تەنها ڕێگەی نیشتمانی بۆ پاراستنی ئەم نیشتمانە، گەڕانەوەیە بۆ خەڵک و دەرچوونە لە ململانێی حیزبیی نادروست
