
نوسینگەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازی لە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) کرد. لە دیدارەکەدا دوایین پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە بە گرنگ زانرا.
پشتیوانیکردن لە پرۆسەی ئاشتی
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، پرسی پرۆسەی ئاشتی تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە بووە، بافڵ جەلال تاڵەبانی جارێکی دیکە پشتیوانیی یەکێتی بۆ سەرخستنی ئەو هەنگاوە مێژووییە دوپاتکردەوە و ڕایگەیاند: "ئێمە لەسەر ڕێبازی سەرۆک مام جەلال درێژە بە هەوڵەکانمان دەدەین تاوەکو ئەم هەنگاوە گرنگ و چارەنووسسازە سەربگرێت، بە ئامانجی زاڵکردنی پێکەوەژیان و گەیشتن بە ئاشتییەکی سەرتاسەری کە لە بەرژەوەندیی ئاسایش و ئارامیی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێت."
هاوکات، هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکاندا کردەوە.
ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تورکیا لە ساڵانی ڕابردوودا بە قۆناغێکی ئاڵۆز و گرژدا تێپەڕیوە ناکۆکییەکانی پێشوو زیاتر لەسەر پرسی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و جووڵەکانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی چڕ بوبوونەوە، بە شێوەیەک کە ئەنقەرە داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندی لە یەکێتی دەکرد.
