
ژووری هەواڵ
لە پێشھاتێکی نوێدا، ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داواکارییەکیان پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە، کە تێیدا داوای سڕکردنی کارەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و بودجەکانیان بۆ خولی ئێستا دەکەن، داواش دەکەن بخرێتە خشتەی کاری نزیکترین دانیشتنەوە.
ئەم داوایە لە کاتێکدایە که مێژووی ئەم دەسەڵاتە خۆجێییانە هەمیشە پڕ بووە لە گرژی و گۆڕانکاری.
لە دوای ۲۰۰۳چەند خولێک هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پاریزگاکان ئەنجامدراوە لە ساڵانی ٢٠٠٥، ٢٠٠٩ و ٢٠١٤، بەڵام لە کۆتایی ٢٠١٩دا و لە وەڵامی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا کارەکانیان بە تەواوی ڕاگیرا.
دوای زیاتر لە چوار ساڵ لە پەککەوتن، لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ هەڵبژاردنی نوێ ئەنجام درایەوە و خولی ئێستا دەستبەکار بوو. ئێستاش ئەم هەوڵە نوێیەی پەرلەمانتاران دۆخەکەی خستووەتەوە ناو چەقی مشتومڕی سیاسییەوە.
