
🔻سبەی دوا سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی عێراق جێدەهێڵێت
🔻جموجوڵەکانی داعش گرووپە چەکدارەکان سوورتر دەکات لەسەر ڕادەست نەکردنی چەکەکانیان.
ژووری هەواڵ
بە جێهێشتنی دوا سەربازی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە سبەی چوارشەممە ۳۰ ئەیلول، عێراق دەکەوێتە قۆناغێکی نادیار و ئاڵۆزەوە.
شارەزایانی ئەمنی هۆشداری دەدەن کە کشانەوەی ئەم هێزانە نابێتە هۆی چەکدانانی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، وەک پێشتر باس دەکرا، بەڵکو پاساوی زیاتریان پێدەدات بۆ ڕەتکردنەوەی چەکدانان و بەهێزکردنی پێگەیان و لاوازکردنی دەسەڵاتی حکومەتی زەیدی.
هاوکات، سەرهەڵدانەوەی جموجۆڵەکانی داعش لە سنووری کەرکووک، موسڵ، حەمرین و حۆران و دواتر ڕووداوەکەی پردێ، هێندەی تر دۆخەکەی ئاڵۆز کردووە.
ئەم مەترسییانە گرووپە چەکدارەکان سوورتر دەکەن لەسەر هێشتنەوەی چەکەکانیان.
شارەزایان پێیان وایە هەر فشارێکی حکومەت بۆ چەککردنیان، ڕەنگە بێتە هۆی کودەتای سەربازی و تێکچوونی سەقامگیری. ئەمەش ڕێگە بۆ دەستێوەردانی وڵاتانی کەنداو و تورکیا و ئێران بەپێی بەرژەوەندییەکانیان خۆش دەکات، لە کۆتاییدا خەڵکی عێراق زیانمەندی یەکەم و کۆتایی دەبن.
