
بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکە دیپلۆماسییەکانی لە هەرێمی کوردستان، لیو جون، کۆنسوڵی گشتیی کۆماری گەلی چین لە هەولێر، نامەیەکی سوپاس و پێزانینی ئاراستەی هاوڕێ ئەبو کاروان، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعیی کوردستان کرد.
لە نامەکەدا، کە کۆنسوڵی چین ئاراستەی سەرکردایەتیی حزبی شیوعیی کردووە، سوپاسی بێپایانی خۆی دەربڕیوە بۆ هاوکارییە بونیاتنەرەکان و هەڵوێستە جوانەکانی حیزبی شیوعی لە ماوەی کارکردنیدا لە هەولێر. هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لەسەر بنەمای ڕێزی لەپێشینە و هاوڕێیەتیی ڕاستەقینە بونیات نراون و هەمیشە جێگەی شانازی بوون.
لیو جون ئاماژەی بەوەش داوە کە چین گرنگییەکی تایبەت بە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە مێژوویی و دۆستانەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و گەلەکەی دەدات، و متمانەی خۆی دەربڕیوە کە ئەم پەیوەندییە بەهێزانە لە داهاتووشدا بەردەوام دەبن و گەشەی زیاتر بەخۆیانەوە دەبینن. لە کۆتایی پەیامەکەیدا، هیوای تەندروستی و سەرکەوتنی بۆ سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و سەربەرزی بۆ گەلی کوردستان خواستووە.
دەقی پەیامەکەی لیو جون
بۆ/ هاوڕێی بەڕێز ئەبو کاروان
سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعیی کوردستان – عێراق
بابەت/ پێزانین و ماڵئاوایی
سڵاوێکی هاوڕێیانەی گەرم،
بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکە دیپلۆماسییەکانم وەک کۆنسوڵی گشتیی کۆماری گەلی چین لە هەرێمی کوردستان.
دەخوازم خۆشەویستی و سوپاسی بێپایانی خۆم بۆ جەنابتان و سەرجەم هاوڕێیانی حیزبی شیوعیی کوردستان دەرببڕم بۆ هاوکاریی بونیاتنەرانە و هەڵوێستە جوانەکانتان لە ماوەی کارکردنم لە هەولێر. پەیوەندییەکانمان لەسەر بنەمای ڕێزی هاوڕێیەتیی ڕاستەقینە بونیات نراون و هەمیشە جێگەی شانازیی من بوون.
چین گرنگییەکی تایبەت دەدات بە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە مێژوویی و دۆستانەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و گەلەکەی. دڵنیام ئەم پەیوەندییە بەهێزانە لە داهاتووشدا بەردەوام دەبن و گەشەی زیاتر بەخۆیانەوە دەبینن.
سوپاس بۆ پشتگیرییە برایانەکەتان. تەندروستی و سەرکەوتنی بەردەوام بۆ جەنابتان و سەربەرزی بۆ گەلی کوردستان دەخوازم. هیوادارم لە داهاتوودا دەرفەتی دیداری دووبارەمان هەبێتەوە.
لەگەڵ ڕێزی هاوڕێیانەمدا،
هاوڕێتان
لیو جون (Liu Jun)
کۆنسوڵی گشتیی کۆماری گەلی چین لە هەولێر
٣٠/٩/٢٠٢٦
