سەروتار

گیانلەدەستدانی «سارا تەحسین»ی تەمەن ٢١ ساڵ، وەک ڕووداوێکی جەرگبڕی چەند ڕۆژی ڕابردوو، تەنیا چیرۆکێکی خەمناک نییە؛ بەڵکوو نوێترین دۆسیەیە لە زنجیرەی ئەو قوربانییانەی قەیرانی سیستەمی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دروستی کردوون. هەرچەندە وەزارەتی تەندروستی بڕیاری داخستنی تەواوەتی بۆ نەخۆشخانەی تایبەتیی «ڕەسووڵ» لە هەولێر دەرکرد و دۆسیەکەی ڕەوانەی دادگە کرد، بەڵام ئەم ڕێکارانە هەمیشە دوای ئەوە دێن کە کارەساتەکە دەقەومێت و هاووڵاتی دەبێتە قوربانی.

وردەکارییەکانی ئەم تاوانە تەندروستییە نیشانی دەدەن کە چاوچنۆکیی بازرگانانی ئەم کەرتە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار؛ تیمی پشکنینی وەزارەت ئاشکرایان کردووە هۆڵەکانی نەشتەرگەریی ئەو نەخۆشخانەیە بەهۆی نەبوونی مەرجی سەلامەتییەوە لە مانگی حوزەیرانەوە داخرابوون، کەچی پزیشک و ئیدارەی نەخۆشخانەکە بە شێوەیەکی «قاچاخ» و لە دەرگای لاوەکییەوە، بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی بازرگانی، سارایان بردووەتە ژوورەوە. باوکی سارا بەکوڵەوە دەڵێت: «پزیشکەکە پێی ڕاگەیاندین نەشتەرگەرییەکە سادەیە، کەچی بە هەڵە ڕێخۆڵەی کچەکەمیان بڕیبوو؛ سارا پێش ئەوەی بگاتە نەخۆشخانەی دووەم، گیانی لەدەست دابوو».

ئەم واقیعە تاڵە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتی گواستنەوەی کەرتی تەندروستیی گشتییە بۆ کەرتی تایبەت، بەبێ بوونی چاودێرییەکی ڕاستەقینە. تێوەگلانی بەشێک لە بەرپرسان لە بازرگانیی دەرمان و نەخۆشخانە تایبەتەکاندا، وای کردووە نەخۆشکەوتنی هاووڵاتییان یەکسان بێت بە قازانجی زیاتری کۆمپانیاکان. ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت، تەنیا مامەڵەکردنە لەگەڵ دەرئەنجامەکاندا نەک هۆکارە بنەڕەتییەکان؛ بۆیە کاروان و زنجیرەی قوربانییەکان بەردەوامە.

ئێمە لە «ڕێگای کوردستان»ـەوە، وەک هەڵوێستێکی نیشتمانی و مرۆیی، ئەم داواکارییانە دەخەینە ڕوو:

١. سیستەمی تەندروستی پێویستی بە چاکسازییەکی ڕیشەیی و هەمەلایەنە هەیە؛ ناکرێت ژیانی هاووڵاتییان لەژێر بەزەییی وەبەرهێنەرە چاوچنۆکەکاندا بێت.  
٢. پێویستە فەلسەفەی سیستەمی تەندروستی بگۆڕدرێت؛ دەبێت وەک چەقی خزمەتگوزارییەکان لە «مرۆڤ» بڕوانێت، نەک وەک کڕیارێک دوای نەخۆشکەوتنی.  
٣. دابینکردنی بیمەی تەندروستیی گشتگیر وەک مافێکی سەرەتایی و دەستووریی هاووڵاتییان، لەپێشینەی کارەکانی حوکوومەت بێت.  
٤. دەبێت پڕۆسەی «بەتایبەتیکردنی» کەرتی تەندروستی هەڵبوەشێتەوە یان بە توندی سنووردار بکرێت؛ پێشکەشکردنی چارەسەری پزیشکی دەبێت بێبەرامبەر و بە کوالیتییەکی بەرز بێت، بەتایبەتی بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان.  
٥. سزا یاسایییەکان تەنیا داخستنی کاتی نەبن؛ بەڵکوو ئەوانەی لەپشت بازرگانیکردنن بە گیانی نەخۆشەوە، دەبێت بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی دادگە بکرێنەوە و ڕێگریی ڕەها بکرێت لەوەی بەرپرسانی دەستڕۆیشتوو دەستیان لە کەرتی تەندروستیدا هەبێت یان خاوەن پشک بن.

تا کەی دەبێت ساراکان ببنە قوربانیی چاوچنۆکیی بازرگانەکان؟ کاتی ئەوە هاتووە کەرتی تەندروستی لە بازاڕی سەرمایەداری دەربهێنرێت و وەک مافێکی بنەڕەتی بگەڕێندرێتەوە بۆ هاووڵاتییان.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا