
سەر لە ئێوارەی رۆژی سێشەممە ٣٠/٦/٢٠٢٦، لە ئاهەنگێکی جەماوەریی فراواندا لە شاری هەولێر، یادی ٣٣ ساڵەی ڕاگەیاندنی حزبی شیوعی کوردستان بە ئامادەبوونی ئەبو کاروان سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان و سەرکونسڵی وڵاتانی چین و ڕووسیا و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و کەسوکاری شەهیدان و تێکۆشەرە دێرینەکان و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان ودۆستانی حزب و هاووڵاتییان بەڕێوەچوو.
ئاهەنگەکە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدانی حزب و گەلەکەمان لەگەڵ سروودی ئەنتەرناسیۆنال دەستیپێکرد.
پاشان وتاری کۆمیتەی ناوەندی لەلایەن سوبحی مەهدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسییەوە خوێنرایەوە و تێیدا ڕایگەیاند: ٣٣ ساڵ بەرلە ئێستا لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لەکۆتا ڕۆژی کۆنگرەی دووەمی ڕێکخراوی هەرێمی کوردستانی حزبی شیوعی عێراقدا، بەفەرمی حزبی شیوعی کوردستان ڕاگەیەنرا. ٣٣ساڵ، تەمەنی خەبات و تێکۆشانی شیوعییەکانی کوردستان نییە، بەڵکو ئەم هەنگاوەمان درێژەدانە بەو کاروانەی کە لە چلەکانی سەدەی ڕابردوودا بەڕێکەوتووە و لەنێو ڕیزەکانی حزبی شیوعی عێراق و بە هاوشانی و هاوڕێیەتی هەموو پێکهاتەکانی گەلانی عێراق لەلقی کوردییەوە بۆ لقی کوردستان و دواتر بۆ ڕێکخراوی هەرێمی کوردستان و لە ٣٠ی حوزەیرانی ١٩٩٣ بەدواوە وەک حزبێکی سەربەخۆ لەهەموو مەسەلە کوردستانییەکاندا هاتە نێو گۆڕەپانی تێکۆشانەوە.
هەروەها سەبارەت بە دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان ووتی، هەڵبژاردنێک ئەنجامدراو هەموو بانگەشەکان بەناوی هیواوئامانج و خەونە ئەرخەوانییەکانەوە کران، کەچی دەنگەکانمان ڕێزی لێ نەگیراو لە پێناوی پۆستێکی زیاترو داهاتێکی گەورەتر هەموو هیواکان بەرەو کەندەڵانی تاریکی دەبەن. هەروەها ئاماژەی پێداو ووتی، ڕاستە شەڕی ناڕەوای ناوخۆو دەنگی فیشەک وگرمەی ئاربیجی نەماوە، بەڵام هەموو هەڵسوکەوتەکان خۆشکەری ئاگری شەڕن و ئەوهەلومەرجە ناوچەیی و نێو دەوڵەتییەی کە ئەگەری گۆڕانی تێدایە بەئاڕاستەیەکی باش بۆ بەدێهێنانی ئامانجی سەرەکی لێ چاوەڕوان دەکرێت، لەسایەی ململانێی ناڕەواوە خەریکە ڕەنج خەسارمان دەکەن.
پاشان هیوا عومەر، جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی، نەخشەڕێگای حزبی بۆ چارەسەری قەیرانەکان خستەڕوو، کە تێیدا هات، قەیرانی هەرێم تەنها سیاسی نییە، بەڵکو پەیوەستە بە پەکخستنی ڕۆڵی هاووڵاتییان و باڵادەستیی عەقڵییەتی ئۆلیگارشی. بۆ چارەسەر، نەخشەڕێگاکە داوای گۆڕانکاریی گشتگیر لە سیستمی سیاسی و ئابووری و کۆتاییهێنان بە قۆرخکاری و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و یەکخستنی هێزە ئەمنییەکان لەسەر بنەمای نیشتمانی و گێڕانەوەی بەها بۆ هاووڵاتی کرد. بەڵێنییشیدا، حزبی شیوعی کوردستان بەردەوام دەبێت لە خەباتی مەدەنی و ئاشتییانە لەگەڵ هێزە پێشکەوتنخوازەکان بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و پاراستنی قەوارەی هەرێم.
کۆتایی ئاهەنگەکەش بە خوێندنەوەی بروسکەی پیرۆزبایی و ئەنجامدانی چەند چالاکییەکی هونەری و میوزیک بەڕێوەچوو.











