دەقی راگەیەندراوەکە: 
ڕاگەیەندراوی لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان
​لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان، بە بەشداری سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان و حیزبی شیوعیی کوردستان،  کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی و لە ڕوانگەیەکی ڕەخنەیی و چینایەتییەوە، قەیرانی قووڵی سیستەمی حوکمڕانی، داڕمانی دۆخی بژێوی و پاشەکشەی ماف و ئازادییەکان لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.
​لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، بنبەستی سیاسی و ململانێی قۆرخکارییانەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لێکەوتە مەترسیدارەکانی لەسەر کۆی جومگەکانی ژیانی سیاسی و ئابووریی هەرێم خرانە بەر باس. هەرسێ لایەن هاوڕا بوون کە بەرپرسیارێتیی یەکەمی ئەم قەیرانە فرەڕەهەندە لە ئەستۆی هەردوو حیزبی دەسەڵاتداردایە؛ سیاسەتێک کە قەوارەی سیاسیی هەرێمی لە ناوخۆدا لاواز و بێمتمانە کردووە و دەرگای بۆ دەستێوەردانی هەرێمی و دەرەکی واڵا کردووە.
​کۆبوونەوەکە پێی وابوو کە ئەو سیستەمە ئابوورییەی ئێستا پەیڕەو دەکرێت، لەسەر بنەمای بازاڕی بەرەڵا، قۆرخکاری، گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی، بووەتە هۆی هەڵاوسانی بێسنووری نرخەکان، گرانیی سووتەمەنی و کارەبا و داڕمانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە کەرتەکانی تەندروستی، پەروەردە و هاتوچۆدا. هاوکات پشتگوێخستنی کەرتی کشتوکاڵ و نەبوونی بازاڕ و پاڵپشتیی پێویست بۆ جووتیاران، قەیرانی بژێویی قووڵتر کردووەتەوە و باجی سەرەکیی ئەم شکستە سیاسی و ئابوورییەش خراوەتە سەر شانی کرێکاران، مووچەخۆران، هەژاران و سەرجەم چین و توێژە زەحمەتکێشەکان.
​لە تەوەرێکی دیکەدا، کۆبوونەوەکە جەختی کردەوە کە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ کاراکردنەوەی پەرلەمان و بەردەوامیی ناکۆکییەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەت، قەیرانی شەرعییەتی دەسەڵاتی قووڵتر کردووەتەوە. لە کاتێکدا دەسەڵاتی هەرێم لە دابینکردنی سەرەتاییترین مافەکانی هاووڵاتیان و دڵنیایی ژیان و ئاسایشی کۆمەڵایەتیدا شکستی هێناوە، بەردەوامبوونی ئەم دۆخە هیچ پاساوێکی سیاسی و ئەخلاقیی نەهێشتووەتەوە. بۆیە، تاکە ڕێگە بۆ ڕزگارکردنی قەوارەی هەرێم، کۆتاییهێنان بە قۆرخکاریی حیزبی، چاکسازیی ڕیشەیی لە سیستەمی حوکمڕانی و ئابووریدا، و گەڕانەوەیە بۆ ئیرادە و بەرژەوەندییە ڕەواکانی زۆرینەی خەڵک.
​لە ئاستی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتی ناوەندیکردنی دەسەڵات لە عێراقدا، کۆبوونەوەکە پێداگریی کرد کە پاراستنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان، چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور و کۆتاییهێنان بە ستەمی سەر جووتیارانی ئەو ناوچانە، پێویستی بە گوتارێکی نیشتمانیی یەکگرتوو و ستراتیژێکی هاوبەشی هەموو هێزە سیاسییەکان هەیە، نەک سیاسەتی پەرتەوازەیی و سازشی حیزبی.
​هاوکات، کۆبوونەوەکە بە توندی سەرکۆنەی هەموو ئەو سیاسەت و ڕەفتارانەی کرد کە ئازادیی ڕادەربڕین، ڕۆژنامەگەری، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان سنووردار دەکەن، هەروەها دیاردەکانی تیرۆر، توندوتیژی و قاچاخچێتیی وەک هەڕەشەیەکی مەترسیدار لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و داهاتووی هەرێم هەڵسەنگاند و جەختی کردەوە کە ئازادییە مەدەنییەکان مافی بێچەندوچوونی خەڵکن و دەبێت دەسەڵات دەستبەجێ کۆتایی بە هەموو جۆرە سەرکوتکاری و پێشێلکارییەک بهێنێت.
​لە کۆتاییدا، هەرسێ لایەنی ناو لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان بڕیاریان دا کە قۆناغی داهاتوو قۆناغی چڕکردنەوەی خەباتی مەدەنی و جەماوەری بێت؛ بۆ ئەم مەبەستەش کار دەکەن بۆ فراوانکردنی بازنەی کاری هاوبەش، هەماهەنگی لەگەڵ سەندیکا و ڕێکخراوە پیشەیی و جەماوەرییەکان، و سازماندانی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان، بە ئامانجی بەرگریکردن لە مافی زەحمەتکێشان، بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و بنیاتنانی ئەڵتەرناتیڤێکی دیموکراتی و پێشکەوتنخواز لە کوردستاندا.
​لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان
٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦

powered by social2s


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا