
ژووری هەواڵ
لە کاتێکدا پرۆژەی رووناکی ساڵێکی نەخایاند و لە بەڵێنەکەی خۆی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هاووڵاتییان شکستی هێنا، ئێستا لە بری داواکردنی لێبوردن و چارەسەرکردنی قەیرانەکە، بە زمانێکی سزادان و هەڕەشە ئاگاداری هاووڵاتییان دەکاتەوە.
پرۆژەی رووناکی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە هاووڵاتییان پێویستە لە ماوەی 50 ڕۆژدا پارەی پسوولەکانیان بدەن بۆ ئەوەی کارەباکەیان نەپچڕێت. دەشڵێت: ئەگەر خزمەتگوزارییەکە بەهۆی نەدانی پارەوە پچڕا، گەڕاندنەوەی کارەباکە دەکرێت 24 کاتژمێر یان زیاتری پێ بچێت.
ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە، هاووڵاتییان لە ئێستادا کەوتوونەتە ژێر باری قورسی بژێوییەوە و ناچار کراون لە یەک کاتدا هەم پارەی کارەبای پرۆژەی رووناکی و هەم پارەی مۆلیدە ئەهلییەکان بدەن. لە بری ئەوەی حکومەت و پرۆژەی رووناکی ئاسانکاری بۆ خەڵک بکن و خزمەتگوزارییەکان باشتر بکەن، بە هەڕەشەی بڕینی کارەبا و سزادانی 24 کاتژمێریی، باری قورسی دارایی لەسەر شانی هاووڵاتییان گرانتر دەکەن.
