ڕاپۆرت / ڕێگای کوردستان 

سەرەڕای ئەوەی پڕۆژەی ڕووناکی  وەک چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ قەیرانی درێژخایەنی کارەبا و دابینکردنی خزمەتگوزاریی 24 کاتژمێری لە هەرێمی کوردستان نمایش دەکرێت، بەڵام لە ڕوانگەی شارەزایانی ئابووری و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤەوە، ئەم پڕۆژەیە ڕەهەندێکی قووڵتری هەیە کە لە قۆناغی خزمەتگوزاری تێپەڕ دەبێت و دەبێتە نموونەیەکی زەق بۆ قۆرخکاریی کەرتی تایبەت بەسەر ژێرخانی گشتی و ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییانەوە.


گۆڕینی مافی گشتی بۆ کاڵایەکی بازرگانی

بەپێی پێکهاتەی پڕۆژەکە، سەرچاوەی وزە و دابینکردنی کارەبا دەبەسترێتەوە بە سیستمێکی بازرگانی کە تێیدا نرخی کارەبا بە شێوەی پلەبەندی (تصاعدی) خەمڵێنراوە. ڕەخنەگران ئاماژە بەوە دەکەن کە بەستنەوەی کارەبا، کە پێداویستییەکی سەرەتایی و ژیانییە، بە مەرج و تێچووی کۆمپانیا بەجێبەجێکارەکانەوە، واتە بەتاڵکردنەوەی دەوڵەت لە ئەرکەکانی خۆی لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و ڕادەستکردنی ژێرخانی وڵات بە قازانجی کەرتی تایبەت.
لە سیستەمێکی ئاساییدا، کارەبا وەک مافێکی سەرەتایی پشتگیریکراوی دەوڵەت سەیر دەکرێت، بەڵام لەم فۆرمە نوێیەدا، هاووڵاتی ناچارە مانگانە بڕە پارەیەک دابین بکات کە لەگەڵ داهاتی تاک بە تاکی چینە هەژار و خوار مامناوەندەکەدا هاوسەنگ نییە و دواجار توانای کۆمەڵگا دەخاتە دۆخێکی نائارامەوە کە تێیدا وزە دەبێتە بارگرانییەکی قورسی دارایی. 
بێبەشکردنی هاووڵاتی لە مافەکانی خۆی 


کۆمپانیاکانی پڕۆژەکە لە کاتێکدا دێنە پێشەوە کە تۆڕی گواستنەوە، ستوون، تەل و محەویلەکان بە دەیان ساڵ لەسەر بودجەی گشتی و بە پارەی خودی هاووڵاتییان دروست کراون. کەچی لە بەرانبەر ئەم ژێرخانە ئامادەبووەدا، نەک هەر هیچ پشک یان قەرەبوویەک بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانی دابین نەکراوە، بەڵکو هەمان ئەو وزەیەی کە لەسەر بنەمای سەروەتی نیشتمانی بەرهەم دێت، بە نرخی گران بەسەر هاووڵاتییاندا دەفرۆشرێتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە هەر ژێرخانێک بە داهاتی گشتی دروست بکرێت، دەبێت سوودەکەی بۆ بەرژەوەندیی گشتی بگەڕێتەوە. بەڵام ڕادەستکردنی ئەم سەروەتە بە کەرتی تایبەت و ناچارکردنی خەڵک بە دانانی باجی قورسی بەکارهێنان، مانای گۆڕینی مافی نیشتمانی هاووڵاتییە بۆ کاڵایەکی قۆرخکراو؛ کە تێیدا نەک هەر خاوەندارێتی لە دەست دەدات، بەڵکو دەبێت باجی بەکارهێنانی سامانی خۆیشی بدات.


گلەیی و گازەندەی هاووڵاتییان لە بەرزیی نرخ و باری گوزەران
لەلایەکی ترەوە، شەپۆلێک لە گلەیی و گازەندەی هاووڵاتییان لە دەستبەسەرداگرتنی بژاردەکان و قورسیی پسوولەکانی کارەبا سەری هەڵداوە. زۆرێک لە هاووڵاتییان لە گەڕەکە جیاوازەکاندا ئاماژە بەوە دەکەن که پڕۆژەکە لەگەڵ توانای دارایی ئەواندا یەکناگرێتەوە ، ئەمەش خەڵکی خستووەتە دۆخێکی دەروونی و ئابووریی قورسەوە و بوەتە بارگرانییەکی گەورە لەسەر شانی هاووڵاتییان و ئەگەر ئەمە بەردەوامبێت ناتوانن سوودمەندبن لە پڕۆژەکە کە مافی گشتیە ،  لەگەڵ ئەوەشدا هاووڵاتی لەم پڕۆژەیەدا هیچ دەرفەت یان بژاردەیەکی تری لەبەردەمدا نییە و ناتوانیت خزمەتگوزارییەکە لە کۆمپانیایەکی تر بکڕیت و  دەستبەرداری ئەوی تربێت ، چونکە یەک کۆمپانیا خزمەتگوزاریەکەی قۆرخ کردوە و دەرفەتی ترنییە. 
ئەم دۆخە وەک هاووڵاتییان دەڵێن خەڵکی دیل کردوە و  ناچارە هەموو مەرج، نرخ و ڕێکارێک قبوڵ بکات کە کۆمپانیاکە دەیسەپێنێت، و دەزانێ ژیان بەبێ کارەبا مەحاڵە و هاووڵاتی ناتوانێ بە شێوەیەکی ئاسایی بەبێ ئەو خزمەتگوزاریە بژێت.

بەبازاڕکردنی کارەبا و مەترسییەکانی داهاتوو

شارەزایانی بواری کۆمەڵناسیی ئابووری پێیان وایە کاتێک ژێرخانێک دەدرێتە دەست کۆمپانیا قۆرخکارەکان، شێوازی ژیانی خەڵکیش دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی ئامانجە بازرگانییەکانەوە. کارەبای هەمیشەیی، هەرچەندە لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە ئاسانکارییە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێتە ئامرازێک بۆ ناچارکردنی تاک بە بەکاربردنی بەردەوام و چوونە ناو بازنەی خەرجیی ناچارییەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە حکومەت جەخت لەوە دەکاتەوە کە زۆرینەی هاووڵاتییان لە کەمبوونەوەی خەرجی کارەبا سوودمەند دەبن و مۆلیدە ئەهلییەکان کەمدەکرێنەوە، بەڵام بەدیوێکی تردا ، کۆمپانیای پڕۆژەی ڕووناکی دەسەڵاتی ڕەهای پێبەخشراوە و بە بێ گەڕانەوە بۆ دۆخی ئابووری گشتی نرخەکانی کۆنتڕۆڵ کردوە وبەپێی ڕێکاری ڕێککەوتنی لەگەڵ حکومەت مامەڵە لەگەڵ هاوبەشاندا دەکات و لە یەکەم هەنگاویشدا هەڕەشەی ئەوەیکرد هەر هاوبەشێک کرێی کارەباکەی نەدات بێبەش دەکرێ لە خزمەتگوزاریەکە و ڕووبەڕووی ناچارکردن دەبێتەوە، بەمەش تێدەگەین هاووڵاتی لەم بازنەیەدا مافە سروشتیەکەی لێ سەندراوەتەوەو کۆمپانیا هەڵی دەسوڕێنێ و حکومەتیش پاڵپشتی ناکات و مافەکانی زەوت دەکرێ.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا